پەیامنێری ڕۆژنیوز لە هەولێر دەستگیرکرا

ئاسایشی هەولێر بڕیار محەمەد، پەیامنیری ئاژانسەکەمانی دەستگیر کرد و بۆ ڕەوایەتییدان بەو دەستگیرکردنەش بەهانە دەهێننەوە.


ئەمڕۆ بڕیار محەمەد، پەیامنێری ئاژانسەکەمان لە شاری هەولێر، لەلایەن ئاسایشی تۆپزاوای سەر بە هەولێرەوە دەستگیرکرا و دواتر ڕەوانەی ئاسایشی هەولێر کرا. 

بڕیار محەمەد، دوێنێ بەڕێوەبەرانی ئاژانسەکەمانی ئاگادارکردەوە، کە ئاسایشی تۆپزاوا چوونەتە ماڵی باوکی بڕیار و ئاگاداریان کردوونەتەوە، کە (بڕیار محەمەد) سەردانی بنکەکەیان بکات.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆش بڕیار محەمەد سەردانی ئەو بنکەیەی ئاسایشی کرد و لەوێوە ڕەوانەی ئاسایشی ناوچەی خەبات کرا، لەوێشەوە ڕەوانەی ئاسایشی گشتیی هەولێر کرا و کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ پەیوەندی بە هاوسەرەکەیەوە کردووە و پێی ڕاگەیاندووە "من لە ئاسایشی هەولێرم، چاوەڕێم مەکە"، دواتریش مۆبایلەکەی داخراوە.

ڕۆژنیوز پەیوەندیی بە د.تاریق نوری، بەڕێوبەری ئاسایشی گشتیی هەولێر-ەوە کرد تا هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بزانێت، لە وەڵامدا تاریق نوری وتی:"بڕیار محەمەد پێشمەرگەیە و ئیجرائاتی سەربازیی لەگەڵ دەکرێت"، بەڵام بە وتەی کەسوکارەکەشی بڕیار محەمەد لە شەڕی دژ بە داعش-دا بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی فەرماندەییەکی پێشمەرگە بووە، دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ داوایان لێکردووە وەک پێشمەرگە دەوام بکات، ئەویش قبوڵی نەکردووە و بەوهۆیەوە لەکار دووریان خستووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەک مانگە زوبێر برادۆستی، پەیامنێری ئاژانسەکەمان لە برادۆست لەلایەن ئاسایشی سنوورەکەوە دەستگیرکراوە.

ش.ف