چارەسەریی پزیشکی بۆ ئەوە زیندانیانە ناکرێت لە ڕەجایی شەهر هێڕش کرایە سەریان

ڕۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە لە زیندانی رەجایی شەهری کەرەج هێرش کرایە سەر چەند زیندانییەکی سیاسیی، ئەو زیندانیانە بریندارکران، بەڵام ڕێگا نادرێت چارەسەریی پزیشکییان بۆ بکرێت.


ڕۆژی ٢٩ی تەمموز، چەند زیندانییەکی داعشی کە بە ئەنقەست لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شەهرەوە ڕەوانەی بەندی سیاسی زیندانەکە کراوبوون، هێرشیان کردە سەر لوقمان مورادی، زانیار مورادی، سەعید شیرزاد، هوشەنگ ڕەزایی و ئارەش سادقی و برینداریان کردن.

لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا شانی سەعید شیرزاد شکا، مەچەکی قاچی لوقمان مورادی لەجێ چوو و گەرووی هوشەنگ ڕەزاییش برینداربوو.

پاش ئەو هێرشە پزیشکانی ناوەندی تەندروستیی زیندانەکە بە بەرپرسانی زیندانیان ڕاگەیاند، کە پێویستە بۆ چارەسەرکردنی برینەکانیان ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بکرێن.

سەعید شیرزاد هەر ئەو شەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەرەج کرا و بڕیاربوو بە خەرجی خانەوادەکەی دەستی لە گەچ بگرن، بەڵام پێش ئەوەی پزیشکەکانی کارەکەیان دەستپێبکەن، پاسەوانەکان بەو بەهانەیەی مۆڵەتی ئەو کارەیان پێنەدراوە ڕێگرییان کرد و سەعید شیرزادیان گەڕاندەوە بۆ زیندان.

هاوکات هوشەنگ ڕەزایی و لوقمان مورادیش کە بە سەختی بریندارکرابوو، ڕێگرییان لێکرا بۆ ئەوەی ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێن.

لە ئێستادا سەعید شیرزاد لە دۆخی زۆر ناجێگریی تەندروستیدایە و بە شانی شکاوەوە و بەبێ هیچ چاودێرییەکی پزیشکی لە زینداندایە.

سەرچاوەکان لە زیندانەوە ڕایانگەیاندووە، کە ئەو سێ زیندانییە ئازار دەکێشن بەهۆی برینەکانیانەوە، بەڵام بەرپرسانی زیندان گوێی نادەنێ و پشتگوێیان خستوون.

جێگای ئاماژەیە، کە حکومەتی ئێران یەکەم جار نییە کە بە ناردنی زیندانییە مەترسیدارەکان بۆ بەندی زیندانیانی سیاسی هەڕەشە لە گیانیان دەکات، حکومەتی ئێران بەم کارە هێرش دەکاتە سەر زیندانییە چالاکەکان بۆ ئەوەی بێدەنگیان بکات بەبێ ئەوەی لە سەری بکەوێت.

س.ح