چاودێرێک: کۆماری ئیسلامیی ناتوانێت وەڵامی داخوازییەکان بداتەوە

ئاڵۆزییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژەیان هەیە، چاودێرێکی سیاسیی-یش دەڵێت: کۆماری ئیسلامیی ناتوانێت وەڵامی داخوازییەکان بداتەوە، بۆیە خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش دەبێت هاوکار لەگەڵ گەلانی دیکە بۆ گەیشتن بە ئازادیی و دیموکراسی هەوڵبدەن.


سەلاح عەباسی چاودێری سیاسی، کە دانیشتووی دەرەوەی وڵاتە، دەربارەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد.

بە باوەڕی سەڵاح عەباسی، ناڕەزایەتییەکانی دوو مانگی ڕابردوو لە مێژووی ئێراندا لە دژی کۆماری ئیسلامی کەم وێنە بووە، پێشیوایە، ئێران لە کوشتنی قاسم سولەیمانیدا سوودی بینیوە، چونکە بە جوڵانی هەستی مەزهەبی و ناسیۆنالیستیی خەڵکێکی زۆری هێنایە شەقامەکان.

عەباسی، وتیشی: ئێران لە دۆخێکی نالەباری قەیراناوییدایە، دۆخەکەش ئاماژە بەوە دەدات کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی پاشەکشێی لە بەردەمە و لە قەیرانێکی چەند لایەنەیەدا، هەر بۆیە ناڕەزایەتییەکان بەردەوام دەبێت، چونکە کۆماری ئیسلامی ناتوانێت وەڵامی داخوازییەکان بداتەوە.

ئەو چاودێرە سیاسییە، وتیشی: نەمانی کۆماری ئیسلامی داواکاریی تەواوی خەڵکی ئێران و هەموو پێکهاتەکانە، بۆیە کورد نابێت لە بابەتی دیموکراسی دوور بکەوێتەوە و خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش دەبێت هاوکار لەگەڵ گەلانی دیکە بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی هەوڵبدەن.

س.ح