چەند ئەندامێکی هەدەپە و حزبی شۆڕشگێڕ دەستگیرکران

لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسی تورک بۆ سنووردارکردنەوەی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی هەدەپە، چەند ئەندامێکی هەدەپە و حزبی شۆڕشگێڕ دەستگیرکران.


سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە ئەنقەرەی پایتەخت و شاری ئیزمیری تورکیا، پۆلیسی تورک هەڵیکوتایە سەر ماڵی ئەندامانی هەدەپە و حزبی شۆڕشگێڕ و چەندین کەسی دەستگیرکرد.

لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا لە ئەنقەرە، شەهریبان زوگورلی، ئەندامی ئەنجومەنی هەدەپە لە ئەنقەرە، شاهین بارداکچی، بەرپرسی ستاندی هەدەپە و ئەندامێکی دیکەی هەدەپە بەناوی شیلان کە پاشناوەکەی نەزانراوە دەستگیرکران.

هەروەها لە شاری ئیزمیر سینان دەنیز، سەرۆکی حزبی شۆڕشگێڕ لەو شارەدا دەستگیرکرا.

لەلایەکی دیکەوە ڕاگەیەندراوە، کە ڕۆژی ١٠ حوزەیران لە شاری ئیزمیر ١٠ ئەندامی هەدەپە دەستگیرکراون و هێشتا ئازادنەکراون.

س.ح