چەند وەزیرێکی عێراقی لەکار دووردەخرێنەوە کە یەکێکیان پارتییە

دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە کە هێزە سیاسییەکانی عێراق لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی ئەوەیان کردووە کە چەند وەزیر کە ئەرکەکانیان جێبەجێی نەکردووە دەستیان لە گەندەڵی تێکەڵ بووە لەکارەکانیان دوور بخرێنەوە، فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراقیشیان تێدایە.


بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی 'عەرەبیە جەدیدە'ی عێراقی؛ بە هاتنەوەی وەرزی نوێی پەرلەمانی عێراق هێزە سیاسییەکان ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەندێک لە وەزیرەکان کە دەستیان تێکەڵی گەندەڵی بووە و ئەرکەکانیان جێبەجێی نەکردووە لەکار دوور بخرێنەوە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشوو، موقتەدا سەر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، عەمار حەکیم ڕێبەری ڕەوتی حیکمە، ئەیاد عەلاوی، جەمال کربولی، محەمەد حەلەبوسی سەرۆکی پەرلەمان، نوری مالیکی و بەشێک لە هاوپەیمانیی فەتح، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی گۆڕانکاری لە کابینەکەی عەبدولمەهدی بکرێت.

بەپێی ڕۆژنامەکە، ئەو وەزیرانەی لەکار دوور دەخرێنەوە ئەمانەن؛ لوئەی خەتیب، وەزیری کارەبا، عەلا عەلوانی وەزیری تەندروستی، عەبدوڵا لعێبی وەزیری گواستنەوە، سەمیر غەزبانی وەزیری نەوت، ئەمین ڕوبەیعی وەزیری پەیوەندییەکان.

هەروەها ناوی وەزیرێکی سەربە پارتیش لەناو ئەو وەزیرانەداهەیە کە لەکار دوور بخرێنەوە، کە بەپێی ڕۆژنامەکە فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراقە، دەوترێت بە مەرجێک کەسێکی بێلایەن و ناحیزبی بێت کوردێک لە شوێنی فوئاد حسێن دادەنرێت، بەرپرسانی عێراقی فراکسیۆنە کوردییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام هێشتا هێزە کوردییەکانەوە وەڵامیان نەبووە.

هەرچەند گفتۆگو لەسەر ئەو بابەتە بەردەوامە بەڵام، حاکم زاملی بە ڕۆژنامەکەی وتووە: کاتێک خولی یاسایی پەرلەمان دەستپێبکات ئەو بابەتە دەخرێتە ڕۆژەڤی پەرلەمانەوە، زاملی هەروەها وتوویەتی: هەندێک لە وەزیرەکان هێشتا نەیانتوانیوە ئەرکەکانیان جێبەجێی بکەن و هەندێکیشیان تۆمەتی گەندەڵییان لەسەرە کە دۆسییەکانیان ڕادەستی کۆمیسیۆنی دەستپاکی کراوە.

س.ح