ڕاپۆرتی هێرش بۆسەر کەشتییەکان لە ئیمارات نێردرایە ئەنجومەنی ئاسایش

ئیمارات، سعودیە و نەرویج ڕایانگەیاندووە، کە ڕاپۆتی هێرش بۆسەر چوار کەشتییە بارییەکە، لە بەندەری فەجیریەی ئیمارات-یان ناردووە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی ئاوە نێودەوڵەتییەکان.


ئەمڕۆ جێگری وەزیری دەرەوەی ئیمارات ڕایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی لەگەڵ سعودیە و نەرویج بە هاوکاری ئەمریکا و فەرەنسا، لێکۆڵینەوەیەکیان لەسەر ئەو هێرشانەی کراوەتە سەر چوار کەشتی بارهەڵگر لە بەندەری فەجیرەی ئیمارات، ئامادەکردووە و ناردوویانە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی ئاوە نێودەوڵەتییەکان.

 چەند ڕۆژ لەمەوبەر وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ڕایگەیاند، کە چوار کەشتی بارهەڵگر کە دووانیان هی سعودیە و یەکێکیان نەرویج و ئەوی دیکەشیان هی وڵاتی ئیمارات بووە، بوونەتە ئامانجی هێرشیکی خراپکارانە، بەڵام زیانی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران تۆمەتبارکراوە بەوەی کە هێزە گرێدراوەکانی هانداوە بۆ ئەنجامی ئەو هێرشە، هەر ڕۆژێک دوای ئەم ڕووداوە حوسیەکانی یەمەن کە پشتیوانی لە ئێران وەردەگرن، بەڵام ئیران ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە.

س.ح