ڕۆحانی هەڕەشە لە ئەمریکا و وڵاتانى فرۆشیارى نەوت دەکات

سەرۆک کۆمارى ئێران، هەڕەشەی ئەوەى کرد، ئەگەر ئەمریکا بیەوێت ڕێگا لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگرێت ئەوا هیچ نەوتێک لە کەنداوی فارس هەناردە ناکرێت.


ئەمڕۆ، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆمارى ئێران، لە پارێزگای سمنان-ى ئێران، لەکاتى قسەکردنی بۆ ئامادەبووان ڕایگەیاند ئەمریکا دەیەوێت ئێمە لە هەناردەکردنی نەوت بێبەش بکات و ڕایگەیاندووە بازرگانی ئێران لە لەگەڵ جیهان ڕادەگرێت و ئێران لە ناوچەکەو جیهان گۆشەگیر دەکات، ئەمریکا دەستى بە هەندێک ئامانج دەگات لە ناوچەکەدا، بەڵام ئێران دەیسەلمێنێت، کە براوەی کۆتاییە.

ڕۆحانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دەڵێت: با ئەمریکا بزانێت ئێمە نەوتەکەمان دەفرۆشین و لە داهاتووش دەیفرۆشین، ئەو ناتوانێت بەرلە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگرێت، ئەگەر ئەمریکا بیەوێت بەرلە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگرێت ئەوا هیچ وڵاتێک لە کەنداوی فارسەوە نەوت هەناردە ناکات.

ئەم وتەیەى ڕۆحانى واتاى ئەوەیە، کە ئێران بە هێزى سەربازى ڕێگرى لەوەدەکات وڵاتانى عەرەبى لە کەنداوى خلیج عەرەب، کە ئەوان بە کەنداوى فارس، ناوى دەبەن، نەوت هەناردە بکەن.

لە درێژەی قسەکانی ڕۆحانی دەڵێت: ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دراوسێکانمان و وڵاتانی ئیسلامی و جیهان فراوانتر دەکەین، ئەمریکا هەوڵدەدات ئەوروپا، چین، هێندستان و دراوسیکانمان لێمان دوور بکەونەوە، بەڵام، ئێمە دوژمنی هیچکام لە نەتەوەکانی دراوسێمان نیین و نابین.

ڕۆحانی هەروەها ئاماژە بەوەکردووە کە هێزە سەربازییەکانى ئێران یارمەتی عێراق، سوریا، لوبنان و نەتەوەکانی ناوچەکەی داوە و ئێستاش هەوڵدەدات خەڵکی ستەم لێکراوی یەمەن سەربکەون بەسەر سعودیەکان.

لە کۆتایى قسەکانیدا، ڕۆحانی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لە ئێران هەڵاوسانی لە ڕادەبەدەر و بێکاری لەڕادەبەدەر نییە و ئەمانە هەڕەشە نییە لەسەرمان، کێشەمان هەیە و پێویستە خەڵک ئەو کێشانە بزانن و دەڵێت: ئێمە دەسەبەدەستی یەک ئەو کێشانە تێدەپەڕێنین.

ئەم وتانەى سەرۆک کۆمارى ئێران لەکاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو فشارە جیهانییەکان لەسەر ئێران زیادی کردووە و بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران، دانیشتنێکی داخراو ئەنجامبدات و ئیدانەى بەرنامە مووشەکییەکانى ئێران بکات.

لە ناوخۆى ئێران-یشدا، بەگوێرەى وتەى پەرەلمانتارێک، هەڵئاوسان ٧٠٪ یە، لە کاتێک بانکی ناوەندی ئێران ڕایگەیاندوو کە ڕێژەى هەڵاوسان لە ئێران نزیکەى ٢٠%، هەروەها ئامارێکی فەرمی باس لەوە دەکات ٦٠٪ی هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالەریوس لە ئێران بێکارن و دوێنیش بەربرسێکی زانکۆی ئێرانی ڕایگەندووە ١٠٠ هەزار کەس کە بڕوانامەی دۆکتوڕایان هەیە بێکارن، ئەمەش بە ئاکامى گەمارۆکانى سەر ئێران ئەژمار دەکرێت.

لە لایەکی دیکەشەو ناڕەزایەتیەکان لە ناوخۆی ئێران لە بەشە جیاجیاکان و لە شارە جیاوازەکان ڕوو لە زیادبووندایە و کرێکارن و فەرمانبەران لەسەر بێکاری و پێنەدانی حەقدەستیان لە مانگرتن دانە.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر محەمەدباقر نەوبەخت یاریدەدەری ڕۆحانی و سەرۆکی دەزگای بەرنامە و پلاندانانی ئێران ڕایگەیاندبوو لە بوودجەی ئێران بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو سێقات دابەزیوە، و فرۆشتنی نەوت ڕۆژانە یەک و نیو ملیون بەرمیل کەمیکردووە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک ئەو قسانە لەسەر ماڵپەڕەکان ڕەشکرایەوە.

د.ع