ڕۆحانی: پێویستە هاوڵاتیان ئامادەی ڕێوشوێنی توند بن

دوای تێپەڕینی زیاتر لە مانگێک بەسەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، داوای لە هاوڵاتیان کردووە لە بەیانییەوە ئامادەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بن.


تادێت ئاماری تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران زیاددەبێت و تا ئێستا جگە لە ڕاگرتنی دەوامی خوێندنگا و زانکۆکان و بەم دواییانەش داخستنی بازاڕی چەندین شار لەوانە تارانی پایتەخت، دەسەڵاتی ئێران هیچ ڕێوشوێنێکی پێویستیان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کە زیاتر لە مانگێکە لەو وڵاتە بڵاو بووەتەوە نەگرتووەتەبەر، ئەمەش ڕەخنەی زۆری ناوخۆیی و دەرەکیی لێکەوتووەتەوە. 

ئەمڕۆ و دوای تێپەڕینی زیاتر لە مانگێک بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئێران، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، لە کۆبوونەوەی دەستەی وەزیرانی کابینەکەی، ڕایگەیاند کە پێویستە خەڵک لە بەیانییەوە خۆی ئامادە بکات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ڕۆحانی ڕایگەیاند: دوێنێ لە ناوەندی نیشتمانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، پەسەندکرا کە ڕیوشوێنی توندتر و زیاتر بەکاربهێنرێت و پێشنیاری وەزارەتی تەندروستی بۆ جیاکردنەوەی کۆمەڵایەتی لە هەندێک شوێن جێبەجێ بکرێت.

ڕۆحانی ڕاشیگەیاند کە جێبەجێکردنی پێشنیارەکەی وەزارەتی تەندروستی توند دەبێت و لەوانەیە کێشە و سنوور بۆ گەشتکردنی هاوڵاتیان دروست بکات، ڕاشیگەیاندووە کە پێدەچێت پارک و باخە گشتییەکان دابخرێن، 'سێزدە بەدەریش' وەک ساڵانی ڕابردوو نەبێت، چونکە "چارەسەرێکی دیکەمان نییە".

ک.س