ڕۆشنبیر و کەسایەتییەکان پێشوازیی لە پێشنیارەکەی قەرەیلان دەکەن

ڕۆشنبیر و کەسایەتییە سیاسییەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشوازیی لە پێشنیارەکەی موراد قەرەیلان دەکەن بۆ دامەزراندنی کۆمسیۆنێک لەلایەن ڕۆشنبیران و کەسایەتیی و هونەرمەندانەوە، بۆ سەردانیکردنی لایەنە سیاسییەکان و داواکردنیان لێیان بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد.


موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری پەکەکە شەوی ٥ی ئەم مانگە، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تی ڤی، پێشنیاری کرد کە هونەرمەند، نووسەر و کەسایەتییە بێلایەنەکانی کوردستان لەڕێگای کەنەکەوە کۆمسیۆنێک دابمەزرێنن و لەگەڵ هەموو پارتە کوردییەکان کۆببنەوە و داوایان لێبکەن کە لەسەر هێڵی یەکێتی نەتەوەیی یەکبگرنەوە.

ڕۆشنبیر و کەسایەتییە سیاسییەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی ئەم پێشنیارەی موراد قەرەیلانەوە قسەیان بۆ ڕۆژنیوز کرد و پێشنیارەکەیان بە "گرنگ و پیرۆز" ناوبرد، داواشیان کرد، کە کەسایەتیی و ڕۆشنبیرانی کورد بە گیانی بەرپرسیارانەوە مامەڵە بکەن و هەوڵی کۆکردنەوەی ناوماڵی کورد بدەن.

عەلی کەریمی، کەسایەتیی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشنیارەکەی قەرەیلان بە "پێویستییەکی ژیانیی بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان" دەزانێت و دەڵێت: هەقوایە ڕۆشنبیر و دەستەبژێرەکانی کوردستان بەپیر ئەو بانگەوازییەوە بچن و ئەزموونەکانی پێشوو بهێننە پێش چاوی خۆیان و گووشار بۆ هێنانە لای یەکی لایەنە سیاسییەکان بکەن.

عەلی کەریمی بەپێویستیشی دەزانێت، کە ڕۆشنبیران بە کۆمەڵانی خەڵک بڵێن، کە کێن ئەوانەی بەپیر کۆنگرەی نەتەوەییەوە نایەن و بەمشێوەیە بەردەوامیی بە قسەکانی دا: هەموو جارێک کەس خەتابار نابێت، شەڕی براکوژیی دەبێت حزبەکان دواتر لێی دەردەچن و دەڵێن ئێمە بێ تاوانین، کۆنگرەی نەتەوەیی دروستنابێت حزبەکان دەڵێن ئێمە خەتابار نین، لەکۆتاییەکەشدا هەر گەل دەبێتە قوربانی، بۆیە دەبێت دەستەبژێر و ڕۆشنبیرەکان بە ئاشکرا بە خەڵک بڵێن کە کێن ئەوانەی بەربەستن لەبەردەم یەکێتیی نەتەوەیی.

هەروەها مەسعود عەبدولخالق، نووسەر و چاودێری سیاسیی بەپێویستی دەزانێت، کە ڕۆشنبیران پێشوازیی لەو ئەو دەستپێشخەرییە بکەن، "چونکە سیاسییەکان ناگەنە یەک، واچاکە ڕۆشنبیر و کەسایەتییەکان و مامۆستایانی ئاینیی ئەمە بکەن".

دەشڵێت: وەک چۆن کۆمکاری عەرەبی هەیە، جاران کۆمکاری ئەڵمانی و لاتینی هەبوو، پێویستە ئێمەش وەکو کورد کۆمکارێکمان هەبێت، ئەو پرسانەی کە پەیوەندیدارن بە هەرچوار پارچەی کوردستانەوە لەو کۆمکارەدا تاوتوێ بکرێن.

کوردستان موکریانی، ژنە نووسەر و ئەکادیمیی ناوداری کورد پێشنیارەکەی قەرەیلان بە "باش و پیرۆزە" ناودەبات "کەوا دەرفەت بە ڕووناکبیرانی کورد دەدات ڕۆڵی تایبەتی خۆیان بگێڕن، لە ڕاستکردنەوەی ئەو بارەی کە ئەمڕۆ کەوتووەتە لێژیی، هیوادارم حزبە سیاسییەکان گوێ لە ژنان و پیاوانی ڕووناکبیری خۆیان بگرن".

موکریانی بەپێویستیشی دەزانێت، کە دەرفەتی زیاتر بە ژنانیش بدرێت، کەوا بۆ ئەو مەبەستە بکەونە هەوڵدانەوە و، وتی: زۆر ژنی بیرمەند و خەمخۆرمان هەیە و دەتوانن کاریگەرییەکی زۆر کارایان هەبێت بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد، چونکە پیاوەکان تا ئێرەیان هێناوە کە نەیانتوانیوە ببنە یەک، بۆیە دەبێت سوود لە بیری ژن وەربگیرێت.

س.ح