ڕۆژئاوا، بنەماڵەی شەهیدان پشتگیریی شیلادزێ دەکەن

بنەماڵەی شەهیدان لە ڕۆژئاوای کوردستان پشتگیری سەرهەڵدانی خەڵکی شیلادزێ و باشوری کوردستانیان کرد دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک.


ئەمڕۆ لە قامیشلۆ و دێرک و تربەسپی و تل حەمس و گرکێ لەگێ لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لەسەر سەرهەڵدانی خەڵکی شیلادزێ لێدوانیان دا.

لە لێدوانەکەدا کەسوکاری شەهیدان، پشتیوانی ڕپەرینی خەڵکی شیلادزێ-یان کرد دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک.

ئەوان هەروەها دەستگیرکردنی چالاکوانانیان لە سنوری پارێزگای دهۆک شەرمەزار کرد.

لە لێدوانەکەدا، کە وەکو لێدوانی کەسوکاری شەهیدان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا دراوە، باس لەوە کراوە، ئەوان پشتگیریی تێکۆشان لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک دەکەن و پێیانوایە هەبوونی سوپای تورک لەسەر خاکی کوردستان گۆڕینی دیمۆگرافیا دروست دەکات.

ئاماژە بەوەش کراوە "ئێمە بە گەلی خۆمان لە باشوری کوردستان و بنەماڵەی شەهیدان و بە تایبەتی بنەماڵەی شەهیدانی شیلادزێ دەڵێین، کە لەگەڵتانین و ڕبوون و بەرخۆدانی ئێوە دەبینین، ئێمە بە سەرهەڵدانی گەلی خۆمان لە دژی زوڵم و دەسەڵاتداریی ناوخۆیی دەڵێین بەڵێ، هەروەها بۆ یەکێتی نەتەوەیش دەڵێین بەڵێ".


ک.ک