ڕۆژهەڵات، مانگی ڕابردوو ٥٢ کەس لەسێدارەدراون و کوژراون و دەستگیرکراون

بەپێی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو کەس لەسێدارەدراون، ٤ کۆڵبەر کوژراون، ١٣ کۆڵبەر و هاوڵاتی دیکەش برینداربوون، ٣١ کەسیش دەستگیرکراون، هەروەها ٨ هاوڵاتیش خۆیان کوشتووە یان کوژراون.


کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، کە مانگانە ڕاپۆرتی خۆی ئاشکرا دەکات، ڕاپۆرتی مانگی ڕابردووی لە بارەی پێشێلکارییەکانی ڕژێمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بڵاوکردەوە کە لە مانگی ڕابردوودا ٥٨ پێشێلکاری جۆراوجۆر تۆمارکراون.

بە گوێرەی ئاماری کۆمەڵەکە، لە مانگی ئابدا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٢ کەس لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە سێدرارە دراون و ٣١ هاوڵاتی کە چالاکی سیاسی و مەدەنی بوون دەستگیر کراون، کە زۆرینەیان خەڵکی شارەکانی پاوە، سەردەشت، مەریوان، سنە و ناوچەی هەورامان بوون.

هاوکات ٤ کۆڵبەر کوژراون و ٧ کۆڵبەر و ٣ کاسبکاری دیکەش برینداربوون، جیاواز لە کۆڵبەر و کاسبکارانیش ٣ هاوڵاتی دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان لە سەر سنور برینداربوون.

هەر بەپێی ئامارەکە لە مانگی ئابدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٨ هاوڵاتی خۆیان کوشتووە،  یان لە ڕووداوی جۆراوجۆردا کوژراون، کە زۆرینەیان بە هۆکاری کێشەی کۆمەڵایەتی و خراپبوونی باری ئابوورییەوە بووە.

ک.س