ڕۆژی جیھانی کرێکاران لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

کرێکاران لە سەرتاسەری جیهان ڕۆژی ١ی ئایار وەک ڕۆژی جیهانی کرێکاران پیرۆز دەکەن، بەڵام لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کریکاران سەرەڕای دۆخی نالەباری ژیانیان، لەم ڕۆژەدا دەستگیردەکرێن و ڕاپێچی زیندانەکان دەکرێن.


ھەموو ساڵێک ١ی ئایار لەلایەن کرێکارانی جیهانەوە وەک بەبیرهێنانەوەی سەرهەڵدانی کرێکاران لە یەکی ئایاری ١٨٨٦دا لە شیکاگۆی ئەمریکا، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بەبیر دەهێنرێتەوە، ئەو ڕۆژە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە فەرمی وەک پشوو ناسراوە و کرێکاران بۆ بەرزڕاگرتنی دێنە سەر شەقامەکان و بە ڕێپێوان و گردبوونەوە پیرۆزی دەکەن و داوای مافەکانیان دەکەن.

بەڵام پێچەوانەی هەموو جیهان، سەرەڕای ئەوەی لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا ئەو ڕۆژە بۆ کرێکاران بە پشوو دەناسرێت، بەڵام پشوو بە کرێکاران نادرێت و ڕێگری دەکرێت لە هەر چەشنە چالاکییەک بۆ بەبیرهێنانەوەی ئەو ڕۆژە، ئەو کرێکارانەش هڵدەستن بە پیرۆزکردن و یادکردنەوەی ئەو ڕۆژەدا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر و زیندانی دەکرێن.

لە ڕۆژانی ڕابردوو، لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەو ڕێکخراو و سەندیکا کرێکاریانەی هەستان بە ڕێکخستن و ڕاگەیاندنی مەراسیمێک بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو ڕۆژە دەستگیرکراون، تەنانەت لە هەندێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێش ئەوەی ئامادەکاری ئەو ڕۆژە بکرێت، ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی کرێکاری و ئەندامانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان دەستگیرکراون بۆ ئەوەی هیچ چالاکییەک لەو ڕۆژەدا بەڕێوە نەچێت.

ئەم هەموو ڕێگریکردنەی دەسەڵاتی ئێران لەو مەراسیمانەدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەردەوام مافی کرێکاران پێشل دەکرێت و ئەو دەسەڵاتە ئامادە نییە دان بە مافی کرێکاراندا، لە ساڵی رابردوو بەهۆی سیاسەتە ئابورییەکانی دەسەڵاتی ئێران و قەیرانی قووڵی ئابوری دوای گەڕانەوەی گەمارۆ ئابورییەکانی ئەمریکا بۆسەری، گربوونەوە و خۆپێشاندانی کرێکاران پەرەی سەند و لە ماوەی ڕابردوو گەیشتووەتە لوتکە، دەسەڵاتی ئێرانیش لە بری بەدەمەوە چوونی داواکاری کرێکاران و باشکردنی دۆخی ژیانیان، کرێکاران دەستگیردەکات و سزای ناداپەروەرانە بەسەریانەوە دەسەپێنیت.

مێژووی یەکەم ڕێکخراوی کرێکاری لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئایاری ساڵی ١٩١٠، کە لەلایەن ژمارەیەک لە کرێکارانی چاپخانەکانەوە دامەزرا، دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە کرێکارییە بووە هۆی هاندانی کرێکارانی دیکە و زۆری پێنەچوو کە ١٥ سەندیکا و دامەزراوەی کرێکاری دامەزرا و دەستیان بە چالاکی کرد.

لە یەکەم چالاکیی یەکێتی کرێکاران ١٤ داواکاری پێشکەش کرا، لەوانە؛ زیادکردنی حەقدەست، یەک ڕۆژ پشوو لە هەفتەیەکدا، کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کار، پێدانی حەقدەست لە ڕۆژانی نەخۆشی، پێدانی ١٥٪ حەقدەستی زیاتر بۆ کاری شەوانە و زیاتر لە کاتی دیاریکراو، ئەم داواکارییانە بووە هەوینی زنجیرە خۆپێشاندانێکی سەرتاسەری کرێکاری لە ئێران.

پێش دامەزراندنی سەندیکا و یەکێتییەکانی کرێکارن، چەندین ناڕەزایەتی کرێکاری لە باکور و ڕۆژئاوای ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) بەڕێوەچوو بوو، کە ڕێکخەرەکانی یەکەم چالاکوانانی ڕێکخراو و ئەنجومەنە سوسیالیستییەکان بوون.

دوای شۆڕشی 'مەشرووتە' کە دەسەڵاتی پاشایەتی سنووردارکرا لە ئێران و ئابوری وڵات داڕما، هەروەها هیرشی داگیرکاری هێزەکانی سۆڤیەت و بەریتانیا و لاوازبوونی دەسەڵات، لێشاوێکی کۆچبەری ڕووی لە ئێران کرد و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی بیانی چوونە ئیرانەوە، زۆربوونی ژمارەی کرێکارانی کۆچبەر کە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس دەخەملێنرێت، بووە هۆی ئەوەی سەرمایەداران و خاوەنکارەکان، بە لەخزمەتگرتنی کرێکارە بیانییە کۆچبەرەکان، توانییان هەم حەقدەستی کرێکاران کەم بکەنەوە هەمیش دامەزراوە کرێکارییەکان کە لەو ماوەیە بەهیز ببوون، لاوازی بکەن.

بەڵام ئەو کارەش نەیتوانی زۆر بەردەوام بێت و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی کرێکاران بە بیری سوسیالیستی جارێکی دیکە دەستیپێکرد و دامەزراوە کرێکارییەکان پەرەیان سەند و هێز گەڕایەوە دەستی کرێکاران، ساڵی ١٩٤٤، سێ یەکێتی کرێکاران یەکیان گرتەوە و "ئەنجومەنی یەکگرتووی کرێکاران و ڕەنجدەران"ـیان دامەزراند، کە کاتی خۆی گەورەترین یەکێتی کرێکاران بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم ئەنجومەنە توانیی بە تێکۆشانەکانی خۆی 'یەکەم یاسای کار'ی دوای مانگرتنی بەربڵاوی کرێکارانی پیشەیی نەوت و پاڵپشتیی کرێکارانی دیکە و هێزە یەکسانی خوازەکان لە ساڵی ١٩٤٦ لە پەرلەمانی ئێران پەسەند بکات، هەشت کاتژمێر کار لە ڕۆژێکدا، بە فەرمی ناسینی پشووەکان و ڕۆژی کرێکار، بەرزکردنەوەی ٣٥٪ بۆ حەقدەستی کرێکاران و دامەزراندنی سندوقی هاوکاریی کرێکاران لە دەستکەوتەکانی ئەم یاسایە بوو، کە بە فشاری کرێکاران پەسەندکرا.

دوای ئەمە و لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێرانیش کرێکاران ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا و بوونە هێزێکی کاریگەر لە شۆڕشەکە، لە ساڵانی دوای چوونە سەرکاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، چالاکیی کرێکاران بەردەوام بوو بە فشار و مانگرتنەکانیان توانییان ببنە هۆکاری هەموارکردنی یاسای کار لە یاسای بنەڕەتی ئێران، سەرەڕای ئەمانە، بەڵام هێشتا بە بەتایبەتکردنی کەرتی دەوڵەتی و بەهێزبوونی مافیاکان لەناو دەسەڵاتی ئێران و دەستێوەردانی بەشی سەربازی و بە دەستنیشانکراوی سوپای پاسداران لە پرۆژە ئابورییەکان، مافی کرێکاران پێشل دەکرێت.

بە گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆسەر ئێران دوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە پەیمانە ئەتۆمییەکە کە بە "بەرجام" دەناسرێت، دۆخی ئابوری ئێران ڕووی لە خراپی کرد و ئێستا بە کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت و گەمارۆی بازرگانی، ئابوری ئێران بەرەو ڕووخان دەڕوات و زیاترین زیان بەر توێژی کرێکار کەوتووە و بووەتە هۆی بێکاربوون و هەژاری زیاتری کرێکاران.

بەڵام کرێکاران کۆڵیان نەداوە و بەردەوام بەرگرییان لە مافەکانی خۆیان کردووە، بە تایبەت لە ساڵی ڕابردوو، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی کرێکاران گەیشتووەتە لوتکە و تا ڕۆژی ئەمڕۆش ناوبەناو و بەردەوام لەسەر شەقامەکانن.

س.ح