ڕەقە، تەرمی ٧٣٠ کەس لەیەک گۆڕی بەکۆمەڵدا دۆزرایەوە

تەڵایە، وەکو یەکێک لە گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵ تێیدا تەرمی ٧٣٠کەس دۆزرایەوە، کە لە کاتی داگیرکاری چەتەکانی داعش لە شاری ڕەقەدا ئەو کۆمەڵکوژییە ئەنجامدراوە.


چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیان بەسەر شاری ڕەقەدا گرت و وەکو پایتەختی خەلافەتەکەیان ئەو شارەیان ناساند و کردیانە ناوەندێکی ترسناک بۆئەوەی بیری توندڕەوی بەسەر دانیشتوانی شارەکەدا بسەپێنن.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک-قەسەدە،لە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات لە ساڵی ٢٠١٧ شاری ڕەقەیان لە چەتەکانی داعش پاککردەوە، دوای ئەوەش تاوانە دژە مرۆڤایەتییەکانی چەتەکانی داعش زیاتر ئاشکرابوون، داعش بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو شارە، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی کۆمەڵکوژکردووەو لە گۆڕی بەکۆمەڵدا شاردوونێتیەوە.

یاسر حەمیس بەرپرسی تیمی فریاگوزاریی شاری ڕەقەیە، کە ڵێکۆلێنەوە لە کۆمەڵکوژییاکانی تاوانی داعش دەکات و گۆرە بە کۆمەڵەکان هەڵدەدنەوە، ڕایدەگەیەنێت: لە شاری ڕەقە گۆڕە بە كۆمەڵەکان دابەشکراون بۆ چوار گۆرەپان، کە تێمەکانی ئێمە کاری تێدا دەکەن، تاکو ئیستا توانیویانە زیاتر لە ٥ هەزارو ٢٥٠ تەرم لە و گۆڕە بە کۆمەڵانە دەربهێنن، بەشێکی زۆری ئەو تەرمانە ژن و منداڵن و سەریان لە لاشەیان جیاکراوەتەوە لە کاتی کوشتنیاندا، یاخود بە فیشک کوژراون.

وتیشی: تەنها لە گۆڕی بە کۆمەڵی تەڵایە، کە گەورەترین گۆڕی بە کۆمەڵە ٧٣٠ تەرممان دەرهێناوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن و کۆمەڵکوژ کراون.

دوای ئەوەی تەرمەکان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەر دەهێنرێن لە ڕێی پزیشک و توێکاریی تایبەتەوە لێکۆڵێنەوەیان لێ دەکرێت و نموونەیەک لە جەستەیان دەنێردرێت بۆ تاقیگە و بەپێی ژمارە لە ئاماری لە ناوچووان تۆمار دەکرێت.

تاکو ئێستا تیمی فریاگوزاری شاری ڕەقە زیاتر لە ٧٨٠ تەرمیان ڕادەستی خانەوادەکانیان کردۆتەوە، ئەو تەرمانەی لای ئەوان ماونەتەوە پارێزراون و بەپێی ژمارە ئاماریان لێ وەرگیراوە.

بەپێ ئامارەکان تاوەکوئێستا بە گشتی ٥ هەزارو ٢٠٠ تەرم لە گۆڕە کۆمەڵەکانی داعش دا دۆزراونەتەوە.

ب.ش