ژمارەی زیندانیانی مانگرتووی فەلەستین گەیشتە٤٠٠ کەس

چالاکیی مانگرتن لەخواردنی زیندانیانی سیاسیی فەلەستینیی لە زیندانەکانی ئیسرائیل، کە بە ئامانجی باشکردنی دۆخی زیندانەکان دەستیپێکردووە  بەردەوامە و ژمارەی مانگرتوان گەیشتە ٤٠٠ کەس.


ڕۆژی ٨ی نیسان ١٥٠ گیراوی سیاسیی فەلەستینیی لە زیندانەکانی ئیسرائیل بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر دۆخی ناو زیندانەکان دەستیان بە مانگرتن لەخواردن کرد، ئەو چالاکییە بەرفراوان بووە و لە ئێستادا ژمارەی مانگرتووان گەیشتووەتە ٤٠٠ کەس.

چالاکیی مانگرتن بە دروشمی "شەڕی کەرامەتی ٢" بەردەوامە، کادورا فارس سەرۆکی کۆمەڵەی زیندانیانی فەلەستینی لەکاتی دەستپێکردنی چالاکییەکە ڕایگەیاندبوو کە؛ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی زیندانەکان و کۆتاییهێنان بە پێشلکاریی مافی زیندانیان، لەگەڵ ئیدارەی گشتیی زیندانەکان کۆبوونەتەوە، بەڵام بەهۆی هەڵوێستی نەرێنیی کاربەدەستانی ئیسرائیلی، زیندانیان ڕێبازی مانگرتنیان هەڵبژاردووە.

دەوترێت شەش هەزار فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل زیندانین، کە ٢٣٠ کەسیان منداڵن و هەڵسوکەوتی خراپیان لەگەڵدا دەکرێت.

لەسەر ئەو بابەتە عایشە ئاجار باشاران وتەبێژی کۆمیسیۆنی یاسا و مافەکانی مرۆڤ، لەسەر ناوی هەدەپە، پەیامێکی بڵاوکردبووەوە و وەک هەدەپە پشتیوانیان لە بەرخۆدانی زیندانیانی فەلەستینی کردبوو، هەروەها داوای لە کاربەدەستانی ئیسرائیلی کردبوو کە داواکاری زیندانیان بەجێی بێنێت.

جێگای ئاماژەیە کە لە زیندانەکانی تورکیادا، بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە و کۆتاییهێنان بە سیستەمی ئەشکەنجە لە ئیمرالی، حەوت هەزار زیندانی لە چالاکیی مانگرتن لەخواردنی بێسنووردان.

ش.ف