ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا لە ئێران بەرزبووەوە

تادێت ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا لە ئێران زیاتردەبێت، کاربەدەستانی تەندروستی ڕایانگەیاند؛ سێ کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە و ١٥ کەسی دیکەش تووشبوون.


ئەمڕۆ کیانوش جهانپوڕ وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاماژەی بەوەدا، کە لە دوێنێیەوە گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بە ڕێژەی ٦٠٪ و تووشبوون بەو ڤایرۆسە بە ڕێژەی ٥٤٪ زیادیکردووە.

جهانپوڕ ڕایگەیاند: لە دوێنێوە سێ کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و پشتڕاست کراوەتەوە کە ١٥ کەسی دیکەش تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون.

جهانپوڕ هەروەها ڕایگەیاندووە، لەو ١٥ کەسەی تووشبوونیان بە کۆرۆنا پشتڕاست کراوەتەوە، حەوتیان لە شاری قوم، چوار کەسیان لە تاران، دوو کەسیشیان لە گیلان و لە شارەکانی ئەراک و تون کابۆن هەرکام یەک کەس تۆمارکراون.

بەو پێیە تا ئێستا لە ئێران بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و ٤٣ کەسی دیکەش تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون کە لە پێنج پارێزگا تۆمارکراون و زیاترینیشیان لە شاری قوم بوون.

سەعید نەمەکی وەزیری تەندروستی ئێران، داوای لە خەڵک کردووە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەردانی شوێنە زیارەتییە مەزهەبییەکان نەکەن.

جێگای ئاماژەیە، شاری قوم کە بە ناوەندی ئاینی ئێران دەناسرێت، مەزاری خۆشکێکی ئیمامی ڕەزا (ئیمامی هەشتەمی شیعەکان)ی تێدایە و بەڕێوبەرانی ئەو مەزارە دژی داوای کاربەدەستانی تەندروستی دەوەستنەوە و داوا دەکەن خەڵک بەردەوام بن لە سەردانیکردنی ئەو مەزارە.

س.ح