ژمارەی کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکانی عێراق گەیشتە ٧٣ کەس

ژمارەی کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکانی عێراق بۆ ٧٣ کەس بەرزبووە و سێ هەزار و ٢٦١ کەسیش برینداربوون.


بەپێی نوێترین ڕاگەیەندراوی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، کە کەمێک پێش ئێستا بڵاوی کردووەتەوە، لە خۆپیشاندانەکانی عێراق-دا ٧٣ کەس کوژراون و سێ هەزار و ٢٦١ کەسیش برینداربوون لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

لە ڕۆژی ١ی ئەم مانگەوە لە دژی گەندەڵیی، نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست و بێکاریی، خەڵکی عێراق ڕژانە سەر شەقامەکان و سەرەتاش لە بەغدای پایتەخت و پاشان شارەکانی، نەجەف، دیوانیە، بەسرە، کەربەلا، کەرکوک و زۆر ناوچەی دیکەی عێراق خۆپیشاندان دەستیپێکرد.

لە خۆپیشاندانەکاندا ڕۆژانە ئاڵۆزیی لەنێوان خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەکاندا دێتە ئاراوە و ژمارەی کوژرا و بریندار زیاد دەکات، لە بەرامبەریشدا کاردانەوەی لایەنەکان لە بەرامبەر حکومەت توندتر دەبێت.

شەوی ڕابردوو لە ڕاگەیەندراوێکدا موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدر، داوای هەڵوەشانەوەی حکومەتی کرد و ڕایگەیاند: ڕشتنی خوێنی عێراقیانی شەرەفمەند بپارێزن بە دەستلەکارکێشانەوەی تەواوی حکومەت، هەروەها دەستکردن بە هەڵبژاردنی پێشوەختە بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناکرێت ئێمە لە بێبایەخکردنی خوێنی خەڵکی بێدەنگ بین.

هەروەها، حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر-یش لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و پێکهێنانی حکومەتی دەستووری شەرعیی کرد، کە توانای ئەنجامدانی ئەرکی نیشتمانی هەبێت، دادگایەکیش بۆ تاوانەکانی گەندەڵیی پێکبێت و سەرجەم دۆسییەکان هەڵبداتەوە، گەندەڵکاران ئەوپەڕی تاکو ساڵی ٢٠٢٠ بداتە دادگا.

 هەر شەوی ڕابردوو، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند: هەوڵ دەدەین نزیکەی ١٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە پارێزگاکانی عێراق دروست بکەین بۆ ئەو خێزانانەی، کە شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە، بۆ هەر خانوویەکیش بڕی ٤٢ ملیۆن دینار تەرخان دەکەین.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشکراشیکرد، کە یەک ملیۆن و ٢٥٠ هەزار خێزان لە عێراق-دا هیچ سەرچاوەیەکی داراییان نییە، بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین بڕە پارەیەکیان بۆ دابین بکەین، لەگەڵ دۆزینەوەی هەلی کار بۆیان.

حەلبوسی داوای لە سەرۆك وەزیرانی عیراق كرد لێكۆڵینەوە لە تەقەكەرەكانی خۆپیشاندانەكان بكات و وتیشی"پێویستمان بەشۆڕشێكی ترە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵیی، مەترسیی گەندەڵیی هیچی كەمتر نییە لە مەترسیی تیرۆر".

لەلایەکی دیکەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راگەیەندراوێکدا نیگەرانیی نیشاندا، کلە خۆپیشاندانەکان قوربانیی لێکەوتووەتەوە و داوای کرد، خۆپیشاندەران و حکومەت گفتوگۆ بکەن، وەک یەکەم هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، جەختیشیکردەوە لە مافی ئازادیی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان و وتی: پێویستە ڕێزیان لێبگیرێت.

لەلایەکی دیکەوە بڕیارە ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەنجام بدرێت، هەریەک لە فراکسیۆنەکانی سائیرون و فراکسیۆنە کوردییەکان و هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنی، کە فراکسیۆنێکی سونییە، بڕیاریانداوە دانیشتنەکە بایکۆت بکەن، وەک پشتیوانییەکان بۆ خۆپیشاندەران.

ش.ف