ژنێک و پیاوێک لە نیوەشەودا کوژران و ژنێکیش بریندارە

له‌ سنووری شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ، لە دەستڕێژی گولـلەدا ژنێک و پیاوێك كوژران و كه‌سێكی دیكه‌ش بریندارکرا‌، پۆلیسی پارێزگای سلێمانیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، تا ئێستا بكوژ ده‌ستگیرنه‌كراوه‌ و لێكوڵینه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كه‌ به‌رده‌وامه.


دووای نیوەشەوی پێنج شه‌ممه‌ی ڕابردوو، له‌ گه‌ڕه‌كی قادر كه‌ره‌مییه‌كان له‌ شاره‌دێی شۆڕشی سه‌ر به‌شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ، ژنێك به‌ ناوی ڕەزیە سابر ئه‌حمەد، له‌ دایكبووی ١٩٨٤، و پیاوێک بەناوی پشتیوان جمهور مه‌حمود، له‌ دایكبووی ١٩٨٣، به‌ فیشه‌ك كوژران و ژنێکیش به‌ناوی ڕێژاو سابر ئه‌حمه‌د ئه‌مین له‌ دایكبووی ساڵی ١٩٨٠ برینداركرا.

به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی کەسانی نزیک ڕووداوەکە بە ڕۆژنیوز-یان داوە،  چەند چەکدارێک هەڵیان کوتاوەتەسەر ماڵێکـی خزمی خۆیان و ماڵەکەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە، بەهۆیەوە ژنێک لە ماڵەکە کوژراوە و ژنێکیش برینداربووە، هه‌روه‌ها ماڵەکە لەچەکدارەکان هاتوونەتەنه‌ دەست و یەکێک لەچەکدارەکانیان کوشتووە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، کە ئەو دوو بنەماڵەیە "كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان هەبووە و هەردووکیان خەڵکی گوندی ئۆمەربلی سەر بەشاره‌دێی سه‌رقه‌ڵای سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی كفرین"، به‌ڵام ئێستا له‌ چه‌مچه‌ماڵ نشه‌جێن.

لەسەر ئەو ڕووداوە، سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، وته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە ڕۆژنیوزی وت، ژنێک و پیاوێك به‌ فیشه‌ك كوژراون و ژنێكی دیكه‌ش برینداركراوه‌، به‌ڵام "تا ئێستا نازانرێت به ‌چ هۆكارێك كوژراون و له‌سه‌ر چی بووه‌ ڕووداوه‌كه‌، پۆلیس ده‌ستی به‌ لێكوڵینه‌وه‌ كردووه‌ و ده‌بێت هاوسەری ژنه‌كه‌ بانگهێشت بكرێت و وته‌ی لێ وه‌ربگیرێت، هه‌روه‌ها دادوه‌ر فه‌رمانی بۆ ده‌ستگیركردنی بكوژی ژنه‌كه‌ ده‌ركردووه‌، به‌ڵام ده‌ستگیرنه‌كراوه".

هەروەها ئه‌یوب حه‌مه‌، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایەتی ته‌ندروستی چه‌مچه‌ماڵ، لەسەر ڕووداوەکە بە ڕۆژنیوزی وت، کاتژمێر ٠١:٠٠ی شەوی پێنج شه‌ممه‌ له‌سه‌ر هه‌ینی،  سێ کەسیان بەبرینداری بردووەتەوە به‌شی فریاكه‌وتنی نه‌خۆشخانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ، بەهۆی سەختی برینەکانیان دووان لەبریندارەکان گیانیان له‌ده‌ستداوە‌، "هه‌مووشیان به‌ فیشه‌ك لێیان درابوو".

س.ح