کاربەدەستێکی سەربازیی ئێران ڕەوایەتى بە کوشتنی کۆڵبەران دەدات

فەرماندەی هێزی پاسەوانی سنووری پارێزگای سنە، ڕایگەیاندووە، کە  ئەوانەی سنوورەکان دەبەزێنن، کۆڵبەر نیین بە پێچەوانەوە دەستدرێژیکەر و تاوانکارن و کوشتنیان ڕەوایە.


ئەمڕۆ کیومەرس، فەرماندەی هێزی پاسەوانی سنووری پارێزگای سنە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کە لە سنە بەڕیوەچوو، ڕەوایەتی بە بەردەوامی کوشتاری کۆڵبەران دەدات و دەڵێت: ئەو کەسانەی بیانەوێت خاڵە سنوورییەکان و ئەو هەرێمە ئەمنی سنووریانە دیاری کراون ببەزێنن، چیتر بە کۆڵبەر هەژمار ناکرێن و دەبنە هاتووچۆکەریی نایاسایی و دەستدرێژی کەری بیانی و تاوانکار لەقەڵەم دەدرێن.

پێشتریش حسێن زۆلفەقاری جێگری ئەمنی وەزیری ناوخۆی ئێران، کۆڵبەرانی بە قاچاخچی ناوبردبوو و وتبووی ئەوانەی سنوورەکان دەبەزێنن دەکرێنە ئامانج، ئەو قسانەى جێگرى وەزیرى ناوخۆى ئێران دوابەدوای ئەوە هات، کە بە شێوەیەکی بەرچاو کوشتنی کۆڵبەران پەڕەی سەند و تا ئێستا سەدان کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و سەدانی دیکەش بریندار بوون.

جێگای ئاماژەیە، کە بەپێ ئامارەکان نزیکەی سەد هەزار کەس لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگاکانی ئورمیە، سنە و کرماشان، بەهۆی هەژاری و نەبوونی و بێکارییەوە لە شارەکانیان دەستیان داوەتە کاری کۆڵبەریی لەسەر سنوورە دەستکردەکان و ڕۆژانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران یان بە سەرما و بەربوونەوە لە بەرزاییەکان و خنکان لەناو ئاودا گیان لەدەست دەدەن.

د.ع