کارنامەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی عێراق بڵاوکرایەوە

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق خشتەی کارنامەی دانیشتنی سبەینێی بڵاوکردەوە، بە پێی کارنامەکە لە کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاری بابل و بابەتی دیاردەی مرداربوونەوەی ماسی لە ڕووباری فورات دەکرێت.


لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، کە پەرلەمانی عێراق سبەینێ ١١هەمین دانیشتنی خۆی ئەنجام دەدات.

باس لەوەش کراوە لە دانیشتنەکەدا، پەرلەمان دەنگدان ئەنجام دەدات لەسەر لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنی پارێزگاری بابل و گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی دیاردەی مرداربوونەوەی ماسی لە ڕووباری فورات لە پارێزگای بابل، کە هەریەکە لە وەزیری کشتوکاڵ و تەندروستی و ژینگە ئامادەی دەبن.

هەروەها باس لەوەش کراوە، بڕیارە هەر سبەینێ لە دانیشتەکەدا لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی عێراق پێکبهێنرێن.

 

ک.ک