کامە سەروەری؟ فڕۆکەکانی تورک هەموو ڕۆژێک پێشلیدەکەن

چاودێرانی سیاسی، ڕایدەگەیەنن، لەکاتێکدا حکومەت، پەرلەمان و سەرۆک کۆماری عێراق باسی پاراستنی سەروەری عێراق دەکەن، فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک، لە قووڵایی خاکی عێراق ئەو هێزە بۆردوومان دەکەن کە قارەمانانە دژی داعش شەڕیان کرد.


دوێنێ چوار شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال- یەبەشە کە لەناویاندا زەردەشت شەنگالی فەرماندەی یەبەشە لە شەنگال هەبوو لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهیدبوون.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی عێراقی باس لە پاراستنی سەربەخۆیی و دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە خاکی ئەو وڵاتە دەکەن، لە کاتێکدا دەیان بنکە و بارەگای دەوڵەتی تورک لە هەرێمی کوردستان و عێراق بوونیان هەیە و هێرش دەکەنە سەر زۆرێک لە ناوچەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.

هێرشەکەی ئەمجارەی دەوڵەتی تورک بۆسەر ناوچە سنوورییەکان نەبوو، هێرشەکە لە قووڵایی خاکی عێراق ئەنجامدرا، شانەی هەواڵگیری سەربازیی عێراقیش تەنیا باسی لەوەکرد کە فڕۆکەی نەناسراو هێرشیان کردووەتەسەر یەکێنەکانی بەرخۆدانی شەنگال.

ئەمە یەکەم هێرش لەمشێوەیە نییە کە دەکرێتە سەر شەنگال، لە ڕابردووش چەندین جار مەخمور و شەنگال لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆردوومان کراون.

بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، ئەرکی وەزارەتی دەرەوەی عێراقە کە دژی ئەم هێرشانە هەڵویست نیشان بدات و بە لانیکەمەوە باڵیۆزی تورکیا بانگهێشت بکات، بەڵام هێشتا تەنانەت ڕاگەیندراوێکی بڵاو نەکردووەتەوە، وەک ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت.

کاربەدەستانی عێراقیش ئەنجامدەری ئەو هێرشەیان بە فەرمی نەناساندووە، کە ئەرکی وەزارەتی بەرگرییە بەدواداچوونی بۆ بکات، بەڵام هیچ کارێکیان نەکردووە.

ک.س