کتێبەکانی دیار غەریب سەرلەنوێ لەچاپدرانەوە

شەش کتێب و نامیلکەی شەهید دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە بەبۆنەی یادی چلەیەوە سەرلەنوێ لەچاپدرانەوە و بڕيارە ئەمڕۆ لە مەراسیمی چلەکەیدا بڵاوبکرێتەوە.


لەلایەن ژمارەیەک لە هاوڕێیانی شەهید دیار غەریب ناسراو بە هەڤاڵ هەڵمەت، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، کە ڕۆژی ٥ی تەمموزی ئەمساڵ لە بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکدا شەهیدبوو، شەش کتێب و نامیلکەی سەرلەنوێ چاپکراونەتەوە و ئەمڕۆش بڵاودەکرێنەوە.

ئەو کتێب و نامیلکانەی کە سەرلەنوێ لەچاپدراونەتەوە پێکهاتوون لە: خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژووی کوردستان، کورتە مێژوویەکی عێراق و باشوری کوردستان، مانیفێستی گەنجانی باشوری کوردستان، خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی، قەیرانی سیستم و پرسی پێشەنگایەتیی لە باشوری کوردستاندا و هەڵوەستەیەک دەربارەی ئایین و باوەڕمەندیی.

ئەو شەش بەرهەمەی شەهید دیار غەریب پێشتر چاپ و بڵاوکراونەتەوە و لە ئێستاشدا بۆ جاری دووەم لەچاپ دراونەتەوە، بڕیایشە ئێوارەی ئەمڕۆ لە مەراسیمی چلەی شەهید-دا کە بڕیارە کاتژمێر ٠٥:٠٠ لە بەردەم ماڵی باوکی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت، چاپی نوێیان بەبێ بەرامبەر بڵاوبکرێتەوە.

جگە لەم شەش بەرهەمەشی کە بۆ جاری دووەم لە چاپدراونەتەوە، چەند بەرهەمێکی دیکەی دەستنووسی شەهید دیار غەریب هەن، کە  خۆیان لە بواری فکرییدا دەبننەوە و بڕیارە لە داهاتوودا ئەوانەش چاپ و بڵاوبکرێنەوە.

شەهید دیار غەریب محەمەد ناسراو بە هەڤاڵ هەڵمەت، لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٣ی گوندی سێوسێنان-ی ناوچەی قەرەداغ-ی سەر بە شاری سلێمانییە، ساڵی ١٩٩٦ بەشداری ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە بووە، لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ساڵی ٢٠١٤ هاوسەرۆکی پارتی چارەسەر دیموکراتی کوردستان (پەچەدەکە) بووە، دواتریش بووەتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە و ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە.

شەهید دیار غەریب وەک پارچەیەک لە تێکشانی، گرنگییەکی زۆری بە بواری فکریی و پەرەوەردەیی داوە و سەدان گەنجی پەوروەردە کردووە، ئێستاش سەدان گەنج ڕێبازەکەی ئەویان هەڵگرتووە.

ب.ل