کرێکارانی هەفت تەپە ٢٨ ڕۆژە مانیان گرتووە

مانگرتن لە کارکردنی کرێکارانی کۆمپانیای هەفت تەپە، پێینایە ٢٨-مین ڕۆژەوە ئەوەش وەک ناڕەزایی دەربڕین لەبەرامبەر لەسەرکار دەرکردنی بەشێک لە کرێکارانی ئەو کۆمپانیایە.


ئەمڕۆ کرێکارانی هەفت تەپە، لە پارێزگای خوزستانی ئێران، بۆ ٢٨ـەمین ڕۆژی بەردەوام، بەرامبەر دەرکردنی ٢١ کرێکاری کۆمپانیاکە و ڕادەستکردنی کارگەکە بە کەرتی تایبەت و پێنەدانی حەقدەست و پاداشتەکانیان دەستیان بە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین کردەوە.

جیا لەوەی لەم ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی هەفت تەپە دەستگیرکراون، کاربەدەستانی کارگەکەش هەڕەشەی ئەوەیان کردووە، کە ئەگەر دەست لە مانگرتنەکەیان هەڵنەگرن، لەسەر کار دەردەکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش لیستێکی ۱٥۰ کەسییان ئامادە کردووە.

ئەمڕۆ یەکێک لەو کرێکارانە کە لەناو مانگرتنەکەدا قسەیکرد وتی: ژمارەی ئێمە چوار هەزار کەسە، ئەگەر بڕیارە دەستگیر بکرێین، ئەوا پێویستە هەر چوارهەزارمان دەستگیر و زیندانی بکرێین، ئەم کارە لەگەڵ کرێکارانی هەفت تەپە مەکەن، چونکە لێکەوتەیەکی باشی نابێت، ئەگەر کار بکەین پێکەوە لەسەر کار دەبین، کە بڕیاری مانگرتنیشمان داوە پێکەوە ماندەگرین.

جێگای ئاماژەیە کرێکارانی هەفت تەپە لە ساڵی ڕابردووەوە بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر پێنەدانی حەقدەستیان، بە فەرمی نەناسینی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکارییان لەلایەن کاربەدەستانەوە، ڕادەستکردنی کارگەکەیان بە کەرتی تایبەت، دەستیان دایە مانگرتن و خۆپیشاندان، هەروەها داوایان کردبوو کە کارگەکەیان بە شێوازی شورایی بەڕێوەببرێت، بەڵام ژمارەیەکی زۆریان لێ دەستگیرکرا و ڕاپێچی ناوەندە ئەمنییەکان کران و دواتر لە زیندانەکانی ڕژێمی ئێران زیندانی کران.

ک.س