کورد لە ناوچە دابڕێندراوەکان تەعریب دەکرێت بەرپرسانیشی لە بەغدا بێدەنگن

کورد لە ناوچە دابڕێندراوەکان تەنیا کەوتووە، لە هەر چوار لاوە دەکرێتە ئامانج، لەسەر ماڵی خۆی دەردەکرێ و عەرەبی هاوردە لە شوێنی جێگیر دەکرێت، ڕۆژێک پۆستە ئیدارییەکانی لێ دەسەنرێتەوە و ڕۆژێکیش ماڵەکانیان دەڕوخێنرێن، ئەمڕۆش دەغڵودانەکانیان بە ڕۆژی ڕوناک دەسوتێنرێ و لەناودەبرێت، کەچی هێشتا یەکێتی و پارتی لە بەغدا شەڕی پلە و پۆست دەکەن و لەسەر کاندیدی پۆستە وزارییەکان ڕێک ناوکەون.


زیادبوونی پەلامارەکانی داعش بۆسەر ناوچە دابڕێندراوەکانی کەرکوک، خورماتوو و خانەقین و سوتاندنی دەغڵودانی جوتیارە کوردەکان، هاوکاتە لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، بەڵام نە لە کارنامەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و نە لە نیەتی بەغداشدا هەیە کە ئاماژە بەچارەسەری ناوچە جێناکۆکەکان بدات.

لەم هەفتەیەدا پەرلەمانتارانی یەکێتی و گۆڕان لە بەغدا بە جیا بەیاننامەی ناڕەزاییان لەبارەی خراپبوونی دۆخی ناوچە دابڕێندراوەکان دەرکرد، شاندێک لە پەرلەمانتارانی یەکێتی سەبارەت بە دۆخی ئەمنی شارۆچکەی خانەقین لەگەڵ پارێزگاری دیالە و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە، بەڕێوەبەری پۆلیسی دیالە و له ‌به‌غداش له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار و وه‌زیرانی ناوخۆ و به‌رگریی كۆبوونەوە.

شێرکۆ میروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی شاندەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، گفتوگۆیان له ‌باره‌ی دۆخی ئەمنی ناوچه ‌دابڕێندراوه‌كان و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌كان بەتایبەت خانەقین کردووە.

بەوتەی میروەیس، هۆشداریدانداوە لە خراپتر بوونی دۆخی ئەمنی پارێزگای سەڵاحەدین، لە سەرووی هەمووشیانەوە نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بووەتە هۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لەو سنوورە.

هاوکات بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقیش پشتیوانی خۆی بۆ دروستکردنی ھەمەھانگی لە نێوان ھێزەكانی حكومەتی فیدراڵ و هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لەو ناوچانە دووپات دەکاتەوە.

دوێنێ بەرھەم ساڵح لەگەڵ شاندێکی باڵای پارێزگای دیالە و ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق و کەسایەتی پارێزگاکە سەبارەت بە دۆخی ئەمنی ناوچەکە و خانەقین و گوڵاڵە و مەترسییەکانی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر و خزمەتگوزاریی پارێزگاکە کۆبوەوە.

نووسینگەی سەرۆک کۆمار لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، بەرهەم ساڵح جەختیکردووەتەوە لە گرنگی دروستکردنی ھەمەھانگی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و ڕێککەوتن لەسەر پێکھێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان لەنێوان ھێزەکانی حکومەتی فیدراڵ و ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ھەردوو وەزارەتی بەرگریی و ناخۆی عێراق قسەی کردووە تا ھەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاکردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەکانی داعش.

بەوتەی ئەندامانی شاندەکەی یەکێتی، نیه‌تێكی باش به‌دیده‌كرێت به‌ ئاڕاسته‌ی هێورکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە، کە به‌ هاوبه‌شی له‌لایه‌ن سوپای عێراق و هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ بپارێزرێت.

هەرچەندە لە گفتوگۆکانی ساڵی ڕابردوو سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پاراستنی ناوچ دابڕێندراوەکان بە هاوبەشی هەردوولا، به‌ڵام بە بیانووی حکومەتی کاربەڕێکەرو قەیرانی کۆرۆناوە ڕێککەوتنەکان لەبارچوون و دەرگای گفتوگۆکانیش کڵۆم درا.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا نایشارێتەوە کە ده‌بووایە هه‌موو شه‌ڕه‌كانی کورد له‌ به‌غدا له‌پێناوی قوت و مووچه‌ی خه‌ڵك و دۆخی هاونیشتیمانیان بێت له‌ ناوچه‌ دابڕێندراوەکان، نەوە‌ك پێداگریی له‌سه‌ر دانانی شه‌خس له‌ پۆستی باڵا كه‌ تا ئێستا به‌رده‌وامه‌.

یوسف محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ناوچه‌ دابڕێندراوەکان، به ‌تایبه‌ت دۆخی ئه‌منی و جموجوڵی داعش و كێشه‌ی جوتیارانی كورد و به‌رده‌وامبوونی سیاسه‌تی ته‌عریب لەو ناوچانە، نامه‌یه‌كی فەرمییان ئاڕاسته‌ی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردووە.

بەوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەو نامەیەدا داوایانکردووە، پلانی تۆكمه‌ دابنرێ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و دروستكردنه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان پێشمه‌رگه ‌و سوپای عێراق و هەروەها دروستكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی حكومی تایبەت بە مادده‌ی ١٤٠.

هەروەها لەو نامەیەدا چەند خاڵێكی دیکە ئاماژەیان پێکراوە، لەوانەش ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ئیداریی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و وه‌ستاندنی سیاسه‌تی ته‌عریب.

لەبارەی نیەتی بەغداو پەرتەوازەیی کورد لە بەغدا، یوسف محەمەد پێیوایە کە حکومەتی عێراق کار بۆ سڕێنەوەی ماددەی ١٤٠ و تێکەڵکردنەوەی ئەو ناوچانە بە عێراق دەکات، چونکە بە وتەی خۆی کورد هێشتا لە ناوچە جێناکۆکەکان نەبووەتە ئەولەویاتی سیاسەتی کارەکانی بەغدا و حکومەتی فیدراڵیش ئەو هەلەی قۆستووەتەوە و "وەک دەبینرێت ڕۆژ بە ڕۆژ دەسەڵاتی ئیداری کورد لەو ناوچانە لاوازتر دەبێت".

لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧وە، بە پشتیوانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، عەرەبێكی زۆر هێنراونەتە سەر گوندە کوردەکان كە وەك پشتێنەیەكی ئەمنین بۆ کەرکوک، پارێزگار و دادگای کەرکوکیش پاڵپشتی یاساییان دەکات لە دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زاری جوتیارانی كوردو ئەوانەش کە ئێستا ماونەتەوە، بە بەرچاوی سوپاو حەشدی شەعبییەوە داعش بەروبومەکانیان لە وەرزی پێگەیشتندا دەسوتێنێت.

ک.س