کۆبوونەوەی نوێنەری خۆپیشاندەران و پەرلەمانی عێراق بێ ئەنجام کۆتایی هات

بۆ هێورکردنەوەی دۆخی خۆپیشاندانەکانی عێراق و بەمەبەستی گوێگرتنی داواکارییەکانیان، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران کۆبوەوە.


دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ، نوێنەری بەشێک لە خۆپیشاندەرانی عێراق، لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.

میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە، نوێنەرانی خۆپیشاندەران داوایان کردووە، ئەو داواکارییانەی کە پێشتر بە چەند خاڵێک ئاراستەی حکومەت کراون بۆیان جێبەجێ بکرێت.

بەشێک لە داواکاری خۆپیشاندەران بریتین بوونەلە'' دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان، دابینکردنی هەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان، پێدانی''سلفە'' بە کەسوکاری شەهیدان و دەستهەڵگرتن لە ڕووخاندنی خانووە زێدەڕۆییەکانی خێزانە هەژارەکان''.

 دەوترێت بەهۆی داواکردنی دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد حەلبوسی، لە کۆبوونەوەکەدا دەمەقاڵێ لەنێوان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و نوێنەری خۆپیشاندەران درووستبووەو بەو هۆیەشەوە کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بووە.

لەئێستاشدا خۆپیشاندان لە شاری بەغدا لە نزیک مۆڵی نەخیل و شەقامی فەلەستین دەستی پێکردووەتەوەو باس لەوەدەکرێت، گرژی و ئاڵۆزی دروستبووەو کەسێک کوژراوە.

ب.ش