کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە کۆتاییهات

ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق کۆبوەوە و پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ى ٢٠١٩ی تاوتوێ کرد.


ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ١٩٨ ئەندام پەرلەمان کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامدرا و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی پڕۆژە یاسای بودجە و چەند پرسێکی دیکە کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می بۆ پرۆژه‌ یاسای بودجە کرد و هەروەها نوفڵ بەها موسا، وەک وەزیری کۆچ و کۆچبەران سوێندی یاسایی خوارد.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەی ئاسایش و بەرگری ڕاسپارد بۆ بەدواداچوونی دەنگۆی سەردانی چەند شاندێکی عێراقی بۆ ئیسرائیل.

هەروەها سەرۆکی پەرلەمان لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی هەرێمەکانیشی ڕاسپارد بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی شەنگال.


ک.ک