کۆرۆنا شاری قومی خستووەتە جموجوڵی نا ئاساییەوە

دوابەدوای گیانلەدەستدانی دوو کەس بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری قوم لە ناوەندی ئێران، هێزی تایبەت و فریاکەوتن لە شارەکە بڵاوەیان پێکراوە و جموجوڵێکی نائاسایی تێدایە.


شەوی ڕابردوو وەزارەتی تەندروستی ئێران هەواڵی گیانلەدەستدانی دوو کەسی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا "کۆڤید-١٩" لە شاری قوم ڕاگەیاند کە بەیانییەکەی هەواڵی تووشبوونی ئەو دوو کەسە ڕاگەیاندرابوو.

هێزی تایبەت بڵاوەی پێکراوە

بەپێی ئەو دیمەنانەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، لەناو شاری قوم لە ناوەندی ئێران (کە بە ناوەندی ئاینی ئێران دەناسرێت)، ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و زرێپۆشی تایبەتی پۆلیس و هێزی ئەمنی بڵاوەیان پێکراوە.

٢٥ کەس خراونەتە ژێر چاودێری

هەروەها باسی ئەوەش دەکرێت کە ٢٥ کەس لە کەسانی نزیک لەو دوو کەسەی دوێنی گیانیان لەدەستداوە، لەلایەن بەرپرسانەوە براونەتەوە نەخۆشخانەکان و خراونەتە ژێر چاودێرییەوە، بەڵام ئاژانسی ئیلنای ئێرانی ڕایگەیاندووە کە تەنیا شەش کەس بە گومانی تووشبوونیان بە کۆرۆناوە لەژێر چاودێریدان.

دەوامی خوێندنگا و زانکۆکان ڕاگیراوە

بەپێی سەرچاوەکان ئەمڕۆ هەموو خوێندنگاکان و زانکۆکانی شاری قوم دەوامیان ڕاگیراوە و ڕاگەیەندراوە کە خوێندرکاران و قوتابیان نەچنە خوێندنگاکان.

ناوەندی پێشگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا

لەلایەکی دیکەشەوە عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێران، ڕایگەیاند: بە فەرمانی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران، ناوەندی پێشگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە وەزارەتی تەندروستی دامەزراوە.

دەمامک بە ژمارەی پێویست نێردراوە

هەروەها دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئێرانیش ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو ژمارەیەک دەمامکیان ناردووەتە شاری قوم و ئەمڕۆش ژمارەیەکی دیکەش ڕەوانەی ئەو شارە دەکرێت.

لە پایتەخت ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ناهید خوداکەرەمی سەرۆکی کۆمیتەی تەندروستی تارانی پایتەخت ڕایگەیاند: ڕێوشوێنی پێویستیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاران گیرتووەتەبەر و ڕێنمایی پێویستیان داوەتە ناوەندە پەیوەندیدارەکان.

بڕیارگەی کۆرۆنا دامەزرا

هەر بەیانی ئەمڕۆ بڕیارگەی کۆرۆنا لە وەزارەتی تەندروستی ئێران بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستیی و جێگرەکانی دامەزرا و لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسێکەوە، لەگەڵ سەرۆکانی زانکۆکانی زانستە پزیشکییەکانی سەرتاسەری ئێران قسەیانکرد و ڕێنمایی پێویستیان پێ ڕاگەیاندن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە سبەی کاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەدەچێت و ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشی لە ڕێگەی مرەکەبی تایبەت بە دەنگدان زۆرە، بەڵام تا ئێستا کاربەدەستانی ئێران لەو بابەتەوە ڕێوشوێنێکی پێویستیان نەگرتووەتەبەر.

ک.س