کۆمکاری عەرەبیی بۆ تورکیا: هێزەکانت لە عێراق بکشێنەوە

ئەنجومەنی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبیی داوایان لە دەوڵەتی تورك كرد، کە دەستبەجێ‌ و بەبێ مەرج هێزەكانی لەناو خاكی عێراق بكێشێنێتەوە و دەست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەرنەدات.


ئەمڕۆ، ئەنجومەنی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبیی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە بڕیارێکیان لەژێر ناوی بە (وەرگرتنی هەڵوێستێكی عەرەبیی یەكگرتوو لەبەرامبەر پێشێلكاریی هێزەكانی توركیا لەدژی سەروەری عێراق) دەرکرد.

بەپێی بڕیارەکە، کۆمکاری عەرەبیی مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق ڕەتدەکاتەوە و داوا لە دەوڵەتی تورک دەکات، بەپێی (پەیوەندی دووقۆڵیی) هێزەكانی لە خاكی عێراق بكێشێتەوە لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی كۆمكاری عەرەبیی ژمارە 7987 كە لە 24ی سێپتەمبەری 2015دا دەرچووە.

هەروەها، ئەنجومەنەکە داوای لە دەوڵەتی تورک کرد، کە دەست لە كاروباری ناوخۆی عێراق وەرنەدات‌ و كۆتایی بەو كارانە بهێنێت، کە ڕەنگە متمانە لاواز بکەن ‌و هەڕەشەش لە ئاسایش‌ و ئارامیی ناوچەكە بكەن.

ئەو ئەنجومەنە، جەختیشی كردەوە لەسەر پشتیوانییكردنی حكومەتی عێراق لەو ڕێکارانەی، کە بەگوێرەی بنەماكانی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەیانگرێتبەر بەمەبەستی دەرکردنی هێزەكانی توركیا لە خاكی عێراق، بۆ چەسپاندنی سەروەریی عێراق.

 

ش.ف