کۆمەڵێک پێشمەرگە گیریان خواردووە داوای بەهانەوەچوون دەکەن

کۆمەڵێک پێشمەرگەی فەرماندەیی هەڵگورد بەهۆی بەفری زۆرەوە لە سەنگەرەکەیان-دا گیریان خواردووە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن.


پێشمەرگەیەکی فەرماندەیی هەڵگورد، کە سەر بە یەکەی ٨٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراقە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و باس لەوە دەکات لە سەنگەرەکەیان لە سنووری 'بەردی تەشی ڕێس' لە شارەدێی حاجی ئۆمەران لەناو بەفردا گیریان خواردووە.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا یەکێک لە پێشمەرگەکان ئاماژە بەوەدەکات، کە ئەو شوێنەی ئەوان لێین ئاستەنگی زۆری بۆ پێشمەرگەکان دروستکردووە و هەموو سەرە کاتژمێرێک دەرگای ژوری مەقەڕەکەیان دەگیرێت و دەبێت شەو و ڕۆژ پاکی بکەنەوە ئەگەرنا دەخنکێن.

 لە وێنە و ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت بە بەرزیی بنکەی پێشمەرگەکان، بەفر باریوە و هیچ ڕێگایەک نییە بۆ هاتنەدەرەوەیان.

ئەو پێشمەرگەیە، دەشڵێت: جگە لەئاستەنگیی و زەحمەتییەکانی بەفر، کارەبا و ئاویان نییە و لەوپەڕی ناڕەحەتیدا دەوام بەڕێدەکەن و ڕێگای چون و هاتن بۆ بنکەکەیان داخراوە.

پێشمەرگەکان داواکارن هەرچی زوە بەهانایانەوە بچن و ڕزگاریان بکەن.

ش.ف