کۆنفرانسی گەنجان لە دوایین ڕۆژدا بەردەوامە

کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست، کە لە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت، لە کۆتا ڕۆژی کارەکانیدا بەردەوامە.


بەیانی ئەمڕۆ کارەکانی سێیەم ڕۆژی کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد و ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی کۆنفرانسەکەیە.

تەوەرەکانی ئەمڕۆی کۆنفرانسەکە پەیوەستن بە هەڵسەنگاندنی ئەو پێشنیار و سەرنجانەی، کە لە دوو ڕۆژی ڕابردووی کۆنفرانسەکەدا خراونەتەڕوو، بۆ ئەوەی بڕیاریان لەسەر بدرێت و بکرێنە ڕاسپاردەی کۆنفرانسەکە.

کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژی ٢٠ی شوبات بە بەشداری ٣٠٠ گەنجی وڵاتانی ناوچەکە بە دروشمی "بە پێشەنگایەتی گەنجان بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فرەڕەنگ و دیموکراتیک" دەستی بە کارەکانی کرد.

ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکە تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی دۆخی گەنجان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها لە ڕۆژی دووەمیشدا بەشداربووان ڕاوبۆچوونی خۆیان لەسەر باشکردنی دۆخی گەنجان و کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت دۆخی ژنان هێنایە زمان.

گەنجانی شۆڕشگێڕ و گرێدراوی لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخستن و بزووتنەوەکان  لە چەندین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لە کۆنفرانسەکەدا ڕاوبۆچوونیان ئاڵوگۆڕکرد.

ئەمە دووەمین کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە بەڕێوەدەچێت، کۆنفرانسی یەکەمیش لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٨ لە شاری سلێمانی بە دروشمی 'لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی گەنجان و ڕێگەی چارەسەریی دیموکراتیی' و بە بەشداریی ٣٠٠ گەنج ئەنجامدرا، لە چوارپارچەی کوردستان، عێراق، سوریا، تورکیا، ئێران و چەندین وڵاتی دیکە ڕێکخراوەکانی گەنجان بەشدارییان کردبوو.

ک.ک