کەشتییەکی ئێران بە باری مووشەکەوە دەستبەسەرکرا

کەشتییەکی جەنگی ئەمریکا لە ئەنجامی گەشتەکانی لە دەریای عومان، دەستی بەسەر کەشتییەکی بچووکی ئێرانی داگرتووە، کە ڕێژەیەکی بەرچاوی پارچەکانی مووشەکی تێدابووە و شیمانە دەکرێت بەرەو یەمەن لەڕێگادا بووبێت.


دوێنێ کاربەدەستێکی ئەمریکی بە راگەیاندنەکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، کە کەشتییەکی جەنگی وڵاتەکەیان، لە دەریای عومان کەشتییەکی بچووکی ئێران-یان دەستبەسەر کردووە، کە باری مووشەکی پێبووە.

کاربەدەستە ئەمریکییەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، وتوویەتی: کەشتی جەنگی "فارست شرمەن"، هەفتەی ڕابردوو کەشتییەکی بچووکی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرنشینەکانی دەستبەسەر کردووە، ڕاشیگەیاندووە کە ئەو کەشتییە ئاڵای هیچ وڵاتێکی پێنەبووە و دوای پشکنین، پارچەکانی مووشەکیان لەناو کەشتییەکە دۆزیوەتەوە کە شیمانە دەکرێت لەلایەن ئێرانەوە بۆ حوسیەکانی یەمەن بەڕێکرابێت.

هەروەها ڕایگەیاندووە، سەرنشینەکانی ئەو کەشتییە، ڕادەستی گاردی کەنارئاوی یەمەن کراون و پارچە مووشەکییەکان (کە دوای سەریەک کردنیان مووشەکیان پێدروست دەکرێت) لە دەستی هێزەکانی ئەمریکادایە.

لەلایەکی دیکەشەوە هەر دوێنێ ئاژانسی ڕۆیتەرز، بە پشتبەستن بە قسەی کاربەدەستێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا نوسیویەتی: ئێران بە نهێنی کارگەیەکی دروستکردنی مووشەکە کورتمەوداکانی لە عێراق دامەزراندووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر دوێنێش، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێرانیان بەوە تۆمەتبارکرد کە هەوڵ بۆ پەرەدان بە "مووشەکە بالستییەکان" دەدات کە توانای هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمییان هەیە.

س.ح