کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر لەگەڵ ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکا گەیشتنە کەنداو

کەشتی فڕۆکە هەڵگری "یو ئێس ئێس باتان" لەگەڵ ٢٦ـەمین یەکەی نێردراوی ئەمریکا کە پێکدێت لە دوو هەزار ٥٠٠ سەربازی تایبەتی ئەمریکا گەیشتە کەنداو.


گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا تادێت زیاتر دەبێت و ڕەوانەکردنی هێز و کەشتی جەنگی و کەشتی فڕۆکە هەڵگر لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ناوچەکە بەردەوامە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- سنتکام، کەشتی فڕۆکە هەڵگری "یو ئێس ئێس باتان" لەگەڵ ٢٦ـەمین یەکەی سەربازیی نێردراوی ئەمریکا کە پێکدێت لە دوو هەزار ٥٠٠ سەربازی تایبەتی ئەمریکا (چەکداری دەریایی) دوای تێپەڕکردنی گەروی هورموز گەیشتووەتە کەنداو.

لانس لیشر فەرماندەی ئەو کەشتییە فڕۆکە هەڵگرە ڕایگەیاند: "تێپەڕین لەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگە و بەردەوامبوونی هەبوون لە ناوچەکە بە ئامانجی ڕۆڵگێڕان لە پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییەکان و دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە ئەنجامدراوە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە لە بەغدا و مووشەکبارانی بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق لەلایەن ئێرانەوە، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و تادێت توندتر دەبێتەوە.

ک.س