گروپێکی دیکە لەزیندانەوە مانگرتن لەخواردنیان تامردن ڕاگەیاند

سەرباری ئەوەی کە ١١ ڕۆژە ١٥ زیندانی دۆزی پەکەکە و پاژک لە زیندانەکانی تورکیا مانگرتنیان لە خواردن تا مردن ڕاگەیاندووە دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، گروپێکی ١٥ی کەسیی دیکەش چوونە ڕیزەوە و مانگرتیان لە خواردن تا مردن ڕاگەیاند.


ئەمڕۆ گروپێکی ١٥ کەسیی لە زیندانیانی دۆزی پەکەکە و پاژک لە زیندانەکانی تورکیا، لەدژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، مانگرتنیان لە خواردن تا مردن ڕاگەیاند.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی ١١ ڕۆژە ١٥ زیندانیی دۆزی پەکەکە و پاژک لە زیندانەکانی تورکیا بۆ هەمان مەبەست مانگرتنیان لە خواردن تا مردن ڕاگەیاندووە.

جێی ئاماژە پێکردنە، ئەمڕۆ ١٨٤ ڕۆژە مانگرتن لە خواردنی لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپە بەشێوەیەکی بێسنوور دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە.

هەروەها ١٧١ ڕۆژیشە ناسر یاگز، ئەندامی نوێنەرایەتیی هەدەپە لە باشوری کوردستان، بۆ هەمان مەبەست بەشێوەیەکی بێسنوور بەردەوامە لە مانگرتن لە خواردن.

ماوەی ٧٦ ڕۆژیشە ئەندازیار هەرێم مەحمود، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان لە مانگرتنی بێسنوردایە، هاوکات فادیلە تۆک، ئەندامی ئەنجومەنی عشتار لە کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، ١١١ ڕۆژە دژ بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بەردەوامە لە مانگرتن لەخواردن.

هاوکات لە چەندین وڵاتی ئەوروپا و ئەمریکاش مانگرتن لە خواردن دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە بەردەوامە.

د.ع