گرێی حکومەتی نوێی عێراق، پێداگریی خۆپیشاندەران و ناکۆکی لایەنەکان

دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ بۆ عێراق پەرتەوازەیی خستووەتەوە ناوماڵی شیعەکان، لایەنە شیعەکان دەیانەوێت هەمان تاسی کاتی هەڵبژاردنی عادل عەبدولمەهدی، بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێ دووبارە بکەنەوە، تا ئێستاش کاندیدێکیان بۆ ئەو پۆستە یەکلا نەکردوەتەوە، ناشتوانن گوێیان لە ئاست ناڕەزایەتییەکانی مەیدانی تەحریر بخەوێنن.


ڕۆژی ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ نامەی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی پەسەندکرد، ئەوەش بەهۆی پەرەسەندنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری وڵات.

بەگوێرەی ماددەی ٧٦ی دەستووری عێراق، دەبێت لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران، سەرۆک کۆماری عێراق لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا کەسێک لەو فراکسیۆنەی زۆرترین ئەندامی هەیە ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، بەمەرجێک ماوەکەی لە ٣٠ ڕۆژ زیاتر نەبێت.

ڕۆژی ٢ی کانوونی دووەمیش محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقی ڕاسپارد بۆ دیارییکردنی کەسێکی دیکە بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڵام زیاتر لە نیوەی ئەو ماوەیەی دیاریکراوە تێپەڕیوە و تائێستا کاندیدێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران یەکلانەبوەتەوە.

ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی لایەنە شیعەکاندایە، بەپێی دابەشکاریی سیاسیی پۆستە باڵاکانی عێراق، پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پشکی شیعەکانە، لەناو لایەنە شیعەکانیشدا ناو زۆر دەهێندرێت بۆ ئەو پۆستە، بەڵام هێشتا بەفەرمی ناوی هیچ کاندیدێک ڕادەستی سەرۆک کۆمار نەکراوە.

ئەو ناوانەی کە مشتومڕیان لەسەر هەیە بۆ جێگرتنەوەی عەبدولمەهدی، بریتین لە: عەلی شوکری، عەبدولوەهاب ساعدیی، فالح فەیاز، عەلی لامی، ئیبراهیم بەحرئەلعلوم، عەدنان زورفی.

هەرچەندە هاوپەیمانی سائیروون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر زۆرترین کورسییان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، بەڵام ڕەتیدەکەنەوە کاندید پێشکەش بکەن بۆ ئەو پۆستە، تێبینیشیان لەسەر ئەو ناوانە هەیە، کە ئێستا بۆ ئەو پۆستە باسیان لێوەدەکرێت و دەڵێن، دەبێت کەسی سەربەخۆ، ناسراو و بەهێز بکرێتە سەرۆک وەزیران و لەئاست سەختیی قۆناغەکەدا بێت.

بەر لە دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدیش، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر چەند جارێک داوایکرد، دانانی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ بە هەڵبژاردن بێت لەناو خەڵکەوە.

دەستووری عێراق بژاردەیەکی دیکەی خستووەتە بەردەمی سەرۆک کۆمار، کە ئەگەر نەیتوانی لە ١٥ ڕۆژی یەکەمدا کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید بکات، ئەوا ١٥ ڕۆژی دیکەی بۆ درێژدەکاتەوە، ئەگەریش هەر نەیتوانی، ئەوا هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدرێت.

ڕۆژی ٥ی ١٢ی ٢٠١٩ش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی هەموارکردەوە، بەپێی هەموارکردنەوەی یاساکە، کۆمیسیارانی ئێستای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان خانەنشیندەکرێن، بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ئێستای کۆمیسیۆن دەگوازرێنەوە فەرمانگەکانی دیکە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختیش لە عێراق پێویستی بە سەرپێخستنەوەی کۆمیسیۆن دەبێت.

دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەموارکردنەوەی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، لە چوارچێوەی فشار و داواکاریی خۆپیشاندەرانی عێراقدا بوو بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی ڕیشەیی لە وڵاتدا، هەموو لایەنەکانیش لەو ڕاستییە گەیشتوون کە دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ دەبێت سەرەتا بە ڕەزامەندیی خۆپیشاندەران بێت، بەپێچەوانەشەوە هاوشێوەی عەبدولمەهدی ئاو دەچێتە کەشتییەکەیەوە.

ک.س