گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوان دۆزرایەوە

پارێزگاری موسەنا ڕایگەیاند، لە بیابانی پارێزگای موسەنا گۆڕێکی بەکۆمەڵی سەردەمی ڕژێمی سەدام دۆزراوەتەوە و سەرجەمیان هاوڵاتیی کوردن.


ئەمڕۆ ئەحمەد مەنفی جەودە، پارێزگاری موسەنا لە بەیاننامەیەکدا دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوانی کوردی بڵاوکردەوە.

پارێزگاری موسەنا ڕایگەیاند: لە بیابانی شاری سەماوە، ناوەندی پارێزگای موسەنا، گۆڕێکی بەکۆمەڵی سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق دۆزراوەتەوە.

پارێزگاری موسەنا ئاشکرایکرد: ئەو کەسانەی لەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا بوون، هاوڵاتیی کوردن.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق بڵاویکردەوە، تیمەکانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، هەڵمەتێکیان لە ناوچەکانی باشوری عێراق دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق.

لە ساڵی ١٩٨٨ بە هەشت قۆناغ ڕژێمی سەدام گەلی کوردی لە باشوری کوردستان ئەنفال کرد و بە گشتی لە تاوانی ئەنفالدا ١٨٢ هەزار مرۆڤی کورد زیندەبەچالکران و کۆمەڵکوژ کران.

ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە، ٣١ ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا تێپەڕ دەبێت، کە تێیدا هەوڵ درا گەلی کورد جینۆساید بکرێت و بە تەواوی لەناوببرێت.


ک.ک