گەرمیان، حزبی شیوعی دژ بە بڕیارەکەی ئەمەریکا گردبوونەوەیەکى ئەنجامدا

حزبی شیوعی کوردستان، دژ بە بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، سەبارەت بە پێدانى خەڵات بەو کەسانەى شوێنى سێ سەرکردەى کەجەکە و پەکەکە، ئاشکرادەکەن، گردبوونەوەیەکی ئەنجامدا و تێیدا ئیدانەى ئەو بڕیارەیان کرد و داوایانکرد، کە ئەمریکا بەو بڕیارە نادروستەیدا بچێتەوە.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە پاركی لەیلا قاسم, لە شارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان, بەدەستپێشخەری كۆمیتەی محەلی گەرمیان-ی حزبی شیوعی كوردستان, گردبونەوەیەك لە دژی بڕیاری ئەمەریكا سەبارەت بە بەخشنی ١٢ ملیۆن دۆلار لە بەرامبەر ئاشكراكردنی شوێنی سێ سەركردەی پەکەکە و کەجەکە، گردبوونەوەیەک ئەنجامدار.

لە گردبونەوەكەدا, ئەحمەد مەجید، بەرپرسی كۆمیتەی محەلی گەرمیان-ی حزبی شیوعی كوردستان, وتاری گردبونەوەكەی خوێندەوە، کەتێدا هاتبوو: ئێمە لەحزبی شیوعی كوردستان، زۆر بەتوندی ئیدانەی دەسەڵاتی ئەمریكا دەكەین, بەبۆنەی بەخشینەوەی پارە بۆ سیخوریكردن لەسەر  سەركردەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، بەهەستیارییەوە دەڕوانینە گۆڕانكارییەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و بەتایبەت لە رٍۆژئاوای كوردستان, كە چاوپۆشی لەدەستێوەردانی سوپای توركیا بۆ ناوچەكوردستانییەكانی ڕۆژئاوا‌ و پەیدابوونەوەی جموجۆڵی داعش دەكات.

هەروەها، لەبەشێکی دیکەى بەیاننامەکەدا هاتبوو:  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڕیاری بەخشینی پارەی داوە بۆ دۆزینەوی سەركردەكانی پارتی كرێكاران و هەوڵی ناساندنیان بە تیرۆریست، لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، حزبی شیوعی كوردستان، ئیدانەى ئەم بڕیارە دەکات، خەبات ‌و تێكۆشانی گەلان هیچ كات نابێت هاوتا بكرێت لەگەڵ ڕەوتەكانی تیرۆریستی، كە لەناوچەكەدا هەیە.

لە کۆتایى ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوەکرابوو، کە حزبی شیوعی كوردستان، داوا دەكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێداچوونەوە بەو بڕیارە نادروستەی خۆی بكات و داوای چارەسەركردنی كێشەی گەلی كوردستان بەئاشتی ‌و دیموكراسیانە بکات.     

         

دواتر قەیس ئەنوەر، جێگری سکرتێری ڕێکخراوی یەکێتی لاوانی کوردستان، وتەیەیکی پێشکەشکرد و تێدا ئیدانەی بڕیارەکەى وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای کرد .

لە کۆتایی گردبونەوەکەدا، هاوڕێ جەبار هاوسەرۆکی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، وتەیەکی پێشکەشکرد و ناڕەزایەتی دەربڕی دژ بەم بڕیارەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و هاوکات ئیدانەی هەوڵێکی لەو شێوەیەى کرد دژ بە سەرکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان.

د.ع