گەلەکۆمە شوومەکەی ١٥ی شوبات و تێکۆشان لە بەرامبەریدا..١

هێزە هەژموونگەراکان بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی ویستیان کۆتایی بە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بهێنن، کە ئۆجالان و پەکەکە پێشەنگایەتیی دەکەن، بەڵام بەرخۆدانی گەلی کورد ئەو پیلانانەی پوچەڵکردووە، دوای ٢١ساڵ بەردەوامبوونی گۆشەگیریی، ئێستا فکرەکانی ڕێبەری پەکەکە بووە بە هیوا و ئامانجی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازادیخوازانی دونیا.


٢١ ساڵ پێش ئێستا پیلانگێڕییەکی شووم دژ بە گەلی کورد لە ناوچەکەدا گەیشتە لووتکە، پیلانگێڕییەک کە تێیدا عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە ڕفێندرا و تا ئێستاش لە گۆشەگیرییەکی تونددایە.

ئۆجالان خۆی لەسەر ئەو پیلانگێڕییە دەڵێت "هێزە پیلانگێڕەکان پەکەکەیان وەک ئاستەنگ لە بەردەم پرۆژەی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینی، بۆیە یەکەم هێرش لەسەر پەکەکە و ڕێبەرەکەی ئەنجامدرا"

لەم دۆسیە سێ بەشییەدا، سەرنج دەخەینە سەر چۆنییەتی پێکهاتنی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات و کاریگەرییەکانی و ئەو تێکۆشانانەی کە لە دژی ئەنجام دراون، هەروەها بۆچوونی شارەزایان و سیاسەتمەدارانیش لەم چوارچێوەیەدا دەخەینەڕوو.
ڕێبەری پەکەکە کێیە؟


لەدوای ڕووخانی هەردوو شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزای دێرسیم لە باکوری کوردستان، کورد لە باکور ڕووبەڕووی پیلانی جۆراوجۆری دەوڵەتی تورک بوونەوە، هەر لە سەرکوتکردنەوە تا سڕینەوەی کولتورو فەرهەنگی کورد کە ئۆجالان بە تێکشکاندنی کەسایەتیی تاکی کورد لە قەڵمی دەدات.
لەو بارودۆخەدا، لاوێکی کوردی خوێندکاری زانکۆ بە ناوی عەبدوڵا ئۆجالان، کە دڵی قوڵپە دەدات بۆ گەلەکەی، چەخماچەی شۆڕشێک لە ناخیدا لێدەدات کە دواتر دەبێتە "شۆڕشی ژیانەوە".

عەبدوڵا عومەر عەبدوڵا ناسراو بە عەبدوڵا ئۆجالان، ساڵی ١٩٤٩ لە خێزانێکی هەژاری گوندی ئامارای ناوچەی خەلفەتی ڕەحا (ئورفا) لە دایکبووە.
هەر لە قۆنا‌غی خوێندنی سەرەتاییەوە، بیری سیاسی و فکری لە دیدی ئەودا سەرهەڵدەدات، لە قۆناغی زانکۆدا بە تەواوی تێکەڵ بە کاری سیاسی دەبێت، کاتێکیش لە ئامەد فەرمانبەر دەبێت لە بەشی تاپۆ، تێڕوانینەکانی لە ئاست دەسەڵات، کۆمەڵگە، نەتەوە، ئابووریی و کولتووری فراوان دەبێ و دەکەوێتە ناکۆکییەوە لەگەڵیاندا.
ساڵی ١٩٧١ لە کۆلێژی زاستە سیاسییەکانی زانکۆی ئەنقەرە وەردەگیرێت و لەوێوە ئاشنای شۆڕشگێڕە چەپەکانی ئەوکاتی تورکیا دەبێت و دەست بە کاری ڕێکخراوەیی دەکات، هەر ئەوکات دەبێتە سەرۆکی کۆمەڵەی خوێنکارانی شۆڕشگێڕو بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێکدا دژی گولەبارانکردنی شۆڕشگێڕە چەپەکان، ماوەی شەش مانگ زیندانی دەکرێت.
ساڵی ١٩٧٣ ئۆجالان لەگەڵ چەند شۆڕشگێڕێکی چەپی کورد و تورک وەک کەمال پیر، محەمەد خەیری دورموش، حەقی قەرار، دوران کاڵکان، عەلی حەیدەر قەیتان، جەمیل بایک و مستەفا قەرەسوو بە نهێنیی گروپێک بەناوی "ئاپۆچییەکان" پێکدەهێنن و ڕوو لە کوردستان دەکەنەوە.


دامەزراندنی پەکەکە و سەرەتای قۆناغێکی سەخت


ئۆجالان و هەڤاڵانی لە ٢٧ی ١١ی ١٩٧٨ لە گوندی فیس-ی شارۆچکەی لیجەی ئامەد، کۆنگرەی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستانیان گرێدا، ئەمە بووە سەرەتایەکی سەخت بەڵام ئامانجدار لە کایەی سیاسیی کورد دا.
پێش کودەتا خوێناوییەکەی ساڵی ١٩٨١ی تورکیا، ئۆجالان تورکیا جێدەهێڵێت و سەرەتا دەچێتە سوریا، پاشان لە دۆڵی بیقاع لە نێوان سوریا و لوبنان یەکەمین ئەکادیمیای سیاسیی و سەربازیی دادەمەزرێنێت و ئەندامانی پارتەکەی بەشێوەیەکی سیستماتیک و پڕۆفیشناڵانە پەروەردە دەکات.
جگە لەوەش ئۆجالان لەگەڵ ڕێکخراوە شۆڕشگێڕییەکانی فەلەستین پەیوەندی دروست دەکات.
ساڵی ١٩٨٤ پەکەکە قۆناغێکی دیکەی خەباتی سیاسی خۆی بردە پێشەوە و لە چیاکانەوە بڵێسەی خەباتی چەکداریی لە دژی دەوڵەتی تورک بەرپا کرد، فەرماندە مەعسوم کۆرکماز ناوسراو بە "عەگید" بووە قەڵەمبازی ئەو قۆناغە مێژووییە.
سەرهەڵدانی شەڕی چەکداریی وایکرد، لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی زۆر گەنج و لاوی هەرچوار پارچەی کوردستان بەشداریی ئەو جوڵانەوە چەکدارییەی پەکەکە بکەن و ئەمەش ببێتە هۆکاری دامەزراندنی هێزی ڕزگاریی کوردستان- هەرەکە، کە دواتر ناوی هەرەکە گۆڕا بۆ ئارتەشی ڕزگاریی گەلی کوردستان-ئارگەکە.


ئاگربەست و پیلانگێڕی دەوڵەتی تورک


لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٤ تا کۆتایی نەوەدەکان تێکۆشانی گەلی کورد لە باکوری کوردستاندا بڵاوبویەوە، لەپاڵ تێکۆشانی چەکدارییدا، درێژە بە خەباتی سیاسیی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و فەرهەنگیی درا.
لەوکاتەدا زۆر هەوڵدرا کێشەی کورد لە چوارچێوەی ئاشتیی و دیموکراسیدا چارەسەر بکرێت، لەو پێناوەشدا ساڵی ١٩٩٣ لەسەر داوای سەرکردەکانی تورکیا و نێوەندگیریی هەندێک لایەن، بۆ یەکەمجار ئۆجالان لە لوبنانەوە ئاگربەستی ڕاگەیاند.
سەرنج ڕاکێشە هەر لەو ساڵەدا تورگوت ئۆزال، سەرۆک کۆماری تورکیا بەشێوەیەکی تەمومژاوی گیانی لەدەستدا، ئەوکات باس لەوە دەکرا کە ئۆزال ژەهر خوارد کراوە، هەمان ساڵ ئەو فڕۆکەیەی کە ئەشرەف بەدلیس، فەرماندە هێزە زەمینییەکانی تورکیای تێدا بوو، کەوتەخوارەوەو گیانیلەدەستدا.
لە هەمان ساڵدا لە شاری چەولیک-ی باکوری کوردستان ٣٣ سەربازی تورک کوژران، دواتر چاودێران کۆکبوون لەسەر ئەوەی ئەو زنجیرە ڕووداوانە پیلان بوون بۆ تێکدانی ئاگربەست، ئۆجالانیش لە هەڵسەنگاندنی ئەو ڕووداوانەدا هەمان بۆچوونی هەبوو.
لە ساڵی ١٩٩٥ تا ساڵی ١٩٩٨ دووجار پەکەکە ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام هەردووجارەکە تورکیا بە نەرێنی وەڵامی دەستپێشخەرییەکانی ئۆجالان و پارتەکەی دایەوە.
ساڵی ١٩٩٦ لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، لە نزیک شوێنی حەوانەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە بارهەڵگرێکی بۆمبڕێژکراو تەقێندرایەوە کە دواتر باس لەوە دەکرا ٥٠٠ کیلۆگرام تەقەمەنیی لێ بارکرابوو.


پیلانگێڕی ١٥ی شوبات چۆن پێکهات؟


دوای مانگێک لە ئاگربەستی ساڵی ١٩٩٨ کە لە ڕۆژی جیهانیی ئاشتیدا پەکەکە ڕایگەیاندبوو، پیلانگێڕیی دژ بە ئۆجالان بەشێوەیەکی فراوان دەستپێکرد.
له‌ ١ی مانگی ٩ی ساڵی ١٩٩٨ ڕێبەری پەکەکە له ‌میانی به‌شداریکردنی لە به‌رنامه‌یه‌کی تەلەفزیۆنی "MED TV" ئاگربەستی تاکلایەنەی لەگەڵ تورکیا ڕاگەیاند،‌ ئەوەش له‌پێناو خۆشکردنی زه‌مینەی پێکهێنانی ئاشتی، بەڵام میدیا تورکیەکان بەشێوەیەکی سنووردار ڕووماڵی ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکەی ئۆجالانیان کرد.
بە ماوه‌یه‌کی کەم لە ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ستەکەو لە ١٦ی مانگی ٩دا، ئاتیلا ئاتەش فەرماندەی ئەوکاتەی هێزی زەمینیی تورکیا لە وتارێکدا لەسەر سنووری سوریا، هەڕەشەی لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق کرد کە ئەگەر بێت و ئۆجالان لەسەر خاکەکەیان دەرنەکەن، دەچن سوریا داگیردەکەن.
هەروەها سولەیمان دەمیرەڵ، سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی تورکیاش، لە پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە هەمان هەڕەشەی لە سوریا کردەوە.
هەر ئەوکات ئۆجالان تێدەگات که‌ پیلانگێڕییه‌ک به‌ڕێوه‌یه ‌و دەڵێت "ئه‌م ڕه‌وشه‌ مه‌ترسیداره‌ و ئه‌وانه‌ ده‌یانه‌وێت شتێک بکه‌ن".
تورکیا بە پشتیوانیی ئەمریکا، ئیسرائیل و بەریتانیا هەڕەشەکانی لەسەر سوریا تووندتر کردەوە بۆ دەرکردنی ئۆجالان، لە گۆڕەپانی عەرەبیشدا لە ڕێگای میسرەوە فشار خرایەسەر سوریا بۆ دەکردنی ئۆجالان، هەروەها ناتۆ و وڵاتانی ئەوروپاش بۆ ئەم مەبەستە لەهەوڵدا بوون، سەرەنجام ئۆجالان بڕیاری جێهێشتنی سوریای داو گەشتەکەی دەستیپێکرد.
لە مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٩٨ نەخشەی پیلانگێڕی دژ بە ئۆجالان داڕێژرا و لەوێوە هەوڵەکان بۆ دەرکردنی ئۆجالان لە سوریا تووندتر بوونەوە.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە لە کتێبی مێژوویەک لە ئاگردا باس لە دەرچوونی ئۆجالان لە سوریا دەکات و دەڵێت: پیلانگێڕییەکە وەها داڕێژرابوو کە ئۆجالان لە سوریا دەربچێت و بچێتە یۆنان، چونکە لە یۆنان هەندێ کەس هەبوون هەم لە ئاستی حکومەت و هەمیش پەرلەمان، گوایە دۆستایەتییان لەگەڵ پەکەکە دەکرد، سەرۆکیش باوەڕی پێکردن و چووە یۆنان.


کاتێک ئۆجالان دەگاتە یۆنان، هەر لە فڕۆکەخانە پێی دەڵێن پێویستە لێرە نەمێنیتەوە، ئۆجالان ناچار دەبێت بچێتە ڕوسیا، وڵاتانی پلانگێڕیش دەست بە گفتوگۆ دەکەن لەگەڵ ڕوسیا و ئەویش ڕادەکێشنە ناو پیلانگێڕییەکە و کۆمەڵێک سازشی ئابووریی بۆ دەکەن، دواتر ئۆجالان ڕوسیا بەرەو ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەجێدەهێڵێت، ئیتاڵیاش دەکەوێتە ژێر فشاری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ئۆجالان ناچار بە جێهێشتنی ئەوێش دەکەن و جارێکی دیکە ئۆجالان ناچار دەبێت بگەڕێتەوە ڕوسیا.
لە ڕوساوە جارێکیتر ئۆجالان ڕەوانەی یۆنان دەکرێتەوە، لە یۆنانەوە هەموو ڕێگایەکیان لە ئۆجالان داخستبوو، لە یۆنان بە ڕێبەری پەکەکە دەڵێن، ئێمە تۆ دەبەینە هۆڵەندا، بەلام کاتێک فڕۆکەکە دەنیشێتەوە ڕووی لە نایرۆب'ی پایتەختی کینیا کردووە، لەوێدا ئۆجالان لە ژێر پاراستنی کونسوڵخانەی یوناندا لە نایرۆبی دەمێنێتەوە، دواجار لە پیلانگێڕییەکدا لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ لە نایرۆبی ڕفێندرا و پاشان گواسترایەوە بۆ دوورگەی ئیمرالی تورکیاو زیندانی کرا.


کێ بەشداربوو لە پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتدا؟


جەمیل بایک لە 'مێژوویەک لە ئاگر'دا باس لەو وڵاتانە دەکات کە بەشداربوون لە پیلانگێڕییەکە و دەڵێت: هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئیسرائیل، یۆنان، فەرەنسا، هۆڵەندا، ڕوسیا، ئەڵمانیا، کینیا و میسر، بەشداربوون لە داڕشتنەوەی نەخشەی پیلانگێڕییەکە، بەریتانیاش خاوەن بیرۆکەی پیلانگێڕییەکەبوو هەروها ئەمریکا سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی دەکرد.
بایک ئەوەش ئاشکرا دەکات هەندێک هێزی کوردییش دەستیان لەو پیلانگێڕییەدا هەبووە.
له‌ به‌رگرینامه‌کانیدا که‌ له‌ زیندانی تاکه‌ که‌سی ئیمرالی پێشکه‌شی دادگای کردووە، ئۆجا‌لان ئامانجه‌کانی ده‌وڵه‌تانی به‌شداربوو لە پیلانگێڕییەکە دەخاتەڕوو دەڵێت: ئه‌مریکا که‌ تورکیا وه‌ک هاوپه‌یمانێکی ستراتیژی ده‌بینێت بۆ زیاتر وابه‌سته‌کردنی به‌خۆیه‌وه‌ ئه‌م هاوکارییه‌ی وه‌کو هه‌لێکی نایاب هه‌ڵسه‌نگاندووه‌.
"ئه‌مریکا به‌ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ی من سوودمه‌ندبوونی له ‌تورکیا و ‌چالاکییه‌کانی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست و به‌ڵکاندا گه‌یانده‌ لووتکه‌، هه‌مان تایبه‌تمه‌ندی بۆ ئینگلته‌را‌ش له‌جێی خۆیدایه‌، ئیسرائیلیش به‌ڕۆڵی خۆی له‌م ڕووداوه‌دا، ئاستی گرنگی په‌یوه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ‌ تورکیادا سه‌لماند، ڕۆڵی ئیسرائیل مێشکی پیلانگێڕییەکە بوو.
لەبارەی بەشدارییکردنی یۆنانیش لە پیلانگێڕییەکەدا، ڕێبەری پەکەکە دەڵێت: یۆنان پێش هه‌موو شتێک فه‌رمانی ئه‌مریکای به‌جێهێنا، که‌ له ‌ڕاده‌به‌ده‌ر وابه‌سته‌یه‌تی دواتر له‌کێشه‌کانی قوبرس و ئیجه‌دا به‌ هاوکاری ئه‌مریکا، وه‌رگرتنی پاداشتێکی سه‌روزیاد ده‌گرێته‌ به‌رچاو.
ئۆجالان باس لەوەش دەکات، هێزە پیلانگێڕەکان پەکەکەیان وەک ئاستەنگ لە بەردەم پرۆژەی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینی، بۆیە یەکەم هێرش لەسەر پەکەکە و ڕێبەرەکەی ئەنجامدرا.
سبەینێ بەرخۆدانی ئیمرالیی و تێکۆشانی کوردان بڵاودەکرێتەوە...
س.ح