یوسرا ڕەجەب: کازمی و پەرلەمان گوێیان لە داگیرکارییەکانی تورکیا خەواندووە

سەرباری بەردەوامی هێرش و پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆ سەر سیادەی عێراق، بەڵام کازمی لە کارنامەکەیدا بە هیچ جۆرێک قسەی لەسەر نەکردووە و پەرلەمانتارێکی عێراقیش بەم شێوەیە ڕەخنەی لێدەگرێت: "نەنگییەکی گەورەیە بۆ ڕازیکردنی دڵی وڵاتێکی دراوسێ قسە لەسەر دەرکردنی هێزە هاوپەیمانەکان لە عێراق بکرێت، بەڵام لە هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا بێدەنگ بن".


مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، لە کارنامەکەی کابینەکەیدا، سەبارەت بە پاراستنی سیادەی عێراق، رایگەیاندووە "لەسەر بنەمای سەروەری هاوسەنگی و هەماهەنگی، سیاسەتی دەرەوە بەڕێوەدەبردرێت، عێراق ڕێگری دەکات وڵاتەکەی ببێتە گۆڕەپانێک بۆ ‌بە ئامانجگرتنی وڵاتێکی دیکە، هەروەها لەسەر بنەمای بەرژوەندی هاوبەش و لە هەمو ئاستەکاندا هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی هەرێمایەتی و وڵاتانی نێودەوڵەتی دەکات، هەروەها كار بۆ گەڵاڵەكردنی دیدێكی نیشتمانیی هاوبەش دەكەن بۆ دانوستاندن لەبارەی ئایندەی بوونی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عیراقدا، ئەوەش لەچوارچێوەی پاراستنی ئاسایشی وڵات و بەردەوامبوونی نەهێشتنی پاشماوەكانی تیرۆر و شانەكانیان".

جێگەی سەرنجە، کە  باسی لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک نەکردووە، لە کاتێکدا بە دەیان بنکە و بارەگای سەربازی و سیخوڕییان لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان بەجێکردووە و ڕۆژانە هێرش و بۆردوومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و هاوڵاتی مەدەنی دەکەنە قوربانی، کە بەپێی دەستوور هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی سیادەی عێراقدایە، لەو چوارچێوەیەدا یوسرا ڕەجەب پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی تەڤگەری ئازادیی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و سەرنجی خۆی دەخاتەڕوو.

یوسرا ڕەجەب دەڵێت: ئەوەی کە کازمی ئاماژەی پێکردووە خواست و ویستی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی عێراقە، بەڵام سەرنجی من ئەوەبوو لە پەرلەمانی عێراقدا، کە سەرباری بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بوونی چەندین بنکەی سەربازییان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا، بەڵام بەهیچ شێوەیەک نە پەرلەمانتاران نە مستەفا کازمیش هەڵوێستتان نەبووە، تەنانەت کەس وەڵامی ئەو سەرنجەی منی نەدایەوە، لە هەمانکاتدا لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەکاندا ئەم بابەتەم تاووتوێکردووە، بەڵام ئەوان دەڵێن لە ئێستادا سەنگەر لە دژی خۆمان ناکەینەوە، سەرەتا هێزە بیانییەکان دەردەکەین و دواتریش لە دەرفەتێکیتردا، ئەوانیش دەردەکەین لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا.

یوسرا ڕەجەب ئاماژە بەوە دەکات، کە "نەنگییەکی گەورەیە لە کاتێکدا ڕێککەوتنێک هەیە لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکان لەسەر پاراستنی خاکی عێراق، کەچی بەو شێوەیە ڕووبەڕووی هێزە هاوپەیمانەکان بوونەوە لەبەر ڕاگرتنی دڵی وڵاتێکی دراوسێ، بەڵام بەداخەوە بۆ تورکیا کە حکومەتی عێراق نکۆڵی لە هەبوونی هیچ ڕێککەوتنێک دەکات لەگەڵیان، لێی بێدەنگن و هێزە سیاسییەکان ڕێککەوتنێکی بێ بنەما دەکەن بە بیانوو، کە گوایە لە پێش ساڵی ٢٠٠٣ڕێککەوتنێک کرابێت، کە تورکیا بتوانێت ٣٥ کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عێراقەوە، بەڵام من ئەو بییانووەم ڕەتکردووەتەوە و چەند جارێکیش لە حکومەتی عێراقمان پرسیوە، ئەوانیش دەڵێن هیچ ڕێککەوتنێک نییە".

س.ح