یۆنامی لەبارەی ڕفاندنی خۆپیشاندەرانی عێراقەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە

نەتەوەیەکگرتووەکان چوارەمین ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر بەردەوامی ڕفاندنی خۆپیشاندەران و نەبوونی لێپرسینەوە لە تاوانباران دەردەبڕێت.


نوسینگەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) لە چوارەمین ڕاپۆرتی خۆیدا ١٢٣ کەیسی ڕفاندنی خۆپیشاندانەکانی عێراقی لە ماوەی نێوان ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ بۆ ٢١ی ئازاری ٢٠٢٠ تۆمارکردووە کە ٩٨ کەسیان ئازاد کراون و چارەنووسی ٢٥ کەسیشیان تا ئێستا نادیارە.

ڕاپۆرتەکە باس لە دۆخی مافی مرۆڤ و مامەڵەی خراپی هێزە ئەمنییەکان دەکات بەرامبەر خۆپیشاندەران و ڕفێنراوان، ستایشی ئەو بڕیار و بەڵێنانەی حکومەتی نوێی عێراقیش دەکات لەبارەی ئەنجامدانی لیکۆڵینەوەکان و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان لەوبارەیەوە.

ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆی یۆنامی لەبارەی ڕفاندنی خۆپێشاندەرانە لە عێراق لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوەوە تا ٢١ی ئازاری ئەمساڵ و باس لە مەینەتییەکانیان دەکات هەر لەسەرەتای ڕفاندنیانەوە تا دەگاتە لێکۆڵینەوە لە هەڵسوکەوتەکانی ئەشکەنجەدان.

یونامی لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، هەر لەسەرەتای سەر‌هەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە دەستپێکی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا، نەتەوە یەکگرتووەکان مردنی ٤٩٠ چالاکوان و برینداربوونی ٧٧٨٣ کەس دووپاتکردووەتەوە.

هەروەها دەڵێت، زۆرینەی خۆپیشاندەران گەنجانی بێکاربوون و داوایان دەکرد ڕێز لە مافە ئابووری و کۆمەلایەتییەکانیان بگیرێت، هەروەها خۆپیشاندانەکان بەردەوامبوون تەنانەت تا دوای ئەوکاتەش کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتدا بڵاوبوەوە.

ڕاپۆڕتەکە تیشکی خستووەتە سەر نەبوونی لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەم کردارانەدا کە لە ڕاپۆڕتەکانی تایبەت بە پێشێلکاریی و خراپ مامەڵەکردندا هاتوون و دەڵێت، ئەوانە هۆکارن بۆ بڵاوبوونەوەی دیاردەی دەربازبوون لە سزاکان.

جینین هێنیس – پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەربارەی ئەم بابەتە دەڵێت، پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە لە ڕاستیەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە زەرەر و زیانەکانی پەیوەست بە خۆپیشاندەران لەلایەن حکومەتی نوێوە، هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دادپەروەریی و لێپیچینەوە.

هەروەها پابەندبوونی حکومەت بە فەراهەمکردنی چارەسەریی پزیشکی بۆ خۆپیشاندەرە بەرکەوتووەکان و قەرەبووکردنەوەی خانەوادەی قوربانیان هەنگاوێکی ئەرێنییە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە کردەکانی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردن لەگەڵ چەندین ڕووداوی دیکە ڕوویانداوە، ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە کە هیچ یەکێک لە ڕفێندراوەکان ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کرابوو، ناسنامەی ئەوانەی بەرپرس بوون لە ڕفاندنیان نەدەزانی، هەرچەندە زۆرێکیان وایان مەزەندە دەکرد کە "میلیشیاکان" لەم کارانە تێوەگلاون.

ڕاپۆرتەکە مەزەندە ناکات کێ لە پشت کردەکانی ڕفاندنە و ئاماژەش بەوە دەکات کە چەکدارانی ڕێکخراو لە ئاستێکی باڵا و ئەوانەی توانای گەیشتنیان بە سەرچاوەکان هەیە لەم کردارانە تێوەگلاون.

ڕاپۆرتەکەی یۆنامی چەند ڕاسپاردەیەکی سنووردار ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکات لەوانەش:

هەوڵدانی دەستبەجێ بۆ جێبەجێیکردنی پابەندییەکان بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، لە نێویشیاندا خستنەگەڕی گشت تواناکان بۆ دۆزینەوەی ئەو خۆپێشاندەر و چالاکوانانەی تا ئێستا بێسەروشوێنن.

دەستبەجێ گرتنەبەری ڕێوشوێنی تایبەت بۆ پاراستنی خۆپێشاندەران و چالاکوانان لە ڕفاندن.

دەستبەجێ گرتنەبەری ڕێکارەکان بۆ لێکۆلێنەوە لە کەیسەکانی ڕفاندن و بێسەرو شوێنکردن و ئەشکەنجەدان/مامەڵەی خراپ و ناشایستە و دادگاییکردنی تاوانباران.

ناساندن و دەستنیشانکردنی ئەوەی بە لایەنی سێیەم ناو دەبرێت یانیش گروپە چەکدارەکان یان میلیشیا بەرپرسەکان لە کەیسەکانی ڕفاندن.

ک.س