یەکێتی هۆشداریی دەدات لە پشتگوێخستنی کاندیدەکەی بۆ وەزارەتی داد

فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداریی دەدات لە پشتگوێخستنی لە پێدانی وەزارەت لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، داواش لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران دەکات نەچێتە ژێر باری فشارەکانەوە.


دوای ئاشکرابوونی ناوی ئەو کاندیدانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد بۆ پڕکردنەوەی وەزارەتە چۆڵەکان و نەبوونی ناوی کاندیدی یەکێتی نیشتمانی بۆ وەزارەتی داد، ئەمڕۆ فراکسیۆنی ئەو پارتە لە ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانیی خۆی لەو هەنگاوە دەربڕی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، فراکسیۆنەکە سووربوونی خۆی لەسەر تەواوکردنی کابینەی حکومەتی عێراق دەربڕیوە و تیایدا هاتووە:"نیەتێک هەیە بۆ پەراوێزخستنی حزبەکەمان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ، سەرەڕای شیاستەیی هەڵبژاردنمان و ژمارەی کورسییەکانمان لە پەرلەمان کە شایستەی پێدانی زیاد لە وەزارەتێکین".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدایدا، فراکسیۆنی ی.ن.ک دەڵێت:"جێگەی داخ و ئازارە هەندێک لایەنی سیاسیی کاردەکەن بۆ ئەوەی لایەنێکی دیارییکراو دەستبەسەر هەموو ئەو وەزارەتانەدا بگرێت کە پشکی کوردن لە حکومەتدا، بە تایبەتی وەزارەتی داد کە پێشتر ڕێککەوتن لەسەری کرابوو بدرێتە ئێمە".

فراکسیۆنی یەکێتی داوا لە عادل عەبدولمەهدی دەکات بە ئەرکە دەستوورییەکانی هەڵبستێت و نەچێتە ژێر باری فشارەکانەوە و وەزیری لێهاتوو هەڵبژێرێت بۆ حکومەتێکی بەهێز.

هەرچەندە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان خالید شوانی بۆ وەرگرتنی وەزارەتی داد و پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق نەوزاد هادی، بۆ وەرگرتنی وەزارەتی کۆچوکۆچبەران کاندید کردبوو، بەڵام ناوی هیچ کام لەوانە لەناو لیستی ئەو ناوانەدا نییە، کە عادل عەبدولمەهدی ڕادەستی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردووە.

لەناو ئەو ناوانەی، کە عەبدولمەهدی رادەستی پەرلەمانی کردووە، دارا نورەدین کوردە، بەڵام ئاشکرا نییە، کە کاندیدی چ حزبێکە و کێ پشتیوانیی دەکات، هەندێک سەرچاوەش دەڵێن، گوایە، پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق پشتیوانیی دارا نورەدین دەکات و کاندیدێکی سەربەخۆ نییە.

ش.ف