یەکێک لە ژنە دەستگیرکراوەکان دەڵێت ئاسایش ئەشکەنجەی داون

وەک خۆیان باسی دەکەن، ئاسایشی سلێمانی قسەی نەشیاوی لەبەرامبەر ژنە دەستگیرکراوەکان بەکارهێناوە و بە شەق و داری کارەبایی ئەشکەنجەی داون.


دوێنێ ئاسایشی سلێمانی لە مەراسیمی یادکردنەوەی قوربانیانی پاریس (ساکینە جانسز، لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان) لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادیی ٥٢ کەسی دەستگیرکرد و دواتر هەندێکیان ئازاد کران، چالاکوانێک و نوێنەری کۆنگرا ستار، کە لەناو دەستگیرکراوەکاندا بوون، باسی چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئاسایشی سلێمانی دەکەن.

 

سەیران محەمەد خۆی و دوو منداڵە تەمەن حەوت ساڵ و هەشت ساڵەکەی لەناو دەستگیرکراوەکاندا بوون و درەنگانی شەوی ڕابردوو ئازادکران، بەم شێوەیە باس لە مامەڵەی هێزەکانی ئاسایش دەکات:"بڕیاربوو کاتژمێر ٠٣:٠٠ فیلمەکەی شەهید ساکینە لە سەکۆی ئازادیی نمایش بکرێت، کە من گەیشتمه ئەوێ، بینیم هەڤاڵانم هەموویان دەسگیرکرابوون و ئاسایش هەموو ئەو ناوەی بە هێزەکانی تەنیبوو، لەناکاو ١٢ ئۆتۆمبێلی ئاسایش دەوریان دام و شەش کەس قۆڵیان گرتم و لەسەر زەوی پاڵیانخستم، قاچیان لە سەر پشتم دانا، دواتر بە قژڕاکێشان و داری کارەبایی منیان خستە ئۆتۆمۆبێلەکەوە".

سەیران، ئاماژەی بە دۆخی خراپی منداڵەکانی کرد لەوکاتەدا بەهۆی بینینی ئەو دیمەنە مەترسیدارە و وتیشی:"ئاسایش دەیان جار وتویەتی ئەو بێ ئەخلاقە بێنن، ئەوانە هەموویان بێ ئەخلاقن".

سەیران، بەردەوام بوو لە گیڕانەوە و وتی: دوای ئەوەی بردنیان بۆ حەوشەی ئاسایش لەوکاتەدا ٣٠ ژن و ٤٠ پیاو بووین، کردینیان بە سێ بەشەوە، تا درەنگانی شەو لە حەوشەکەدا و لەبەر سەرما ماینەوە، بە زۆر پەنجەمۆریان بە هەندێک کرد، کە نابێت بەشداری هیچ چالاکییەک ببن، بەڵام من پەنجەمەرۆم نەکرد و بە کەفالەت لەگەڵ منداڵەکانم ئازادکرام.

هەروەها جیهان خەلیل، نوینەری کۆنگرا ستار، یەکێکی تر لە دەستگیرکراوانە و دەڵێت: ئێمە چوار ئەندامی کۆنگرا ستار بووین، هەر پێش ئەوەی بچینە ناو پارکی ئازادیی، وتیان پێویستە بێن لە گەڵمان بۆ ئاسایشی گشتیی و تعلیماتمان بۆ هاتووە، لێپرسینەوەی زۆریان لەگەڵ کردین، دوای وەرگرتنی زانیاریی تەواو لەسەرمان و وەرگرتنی ناونیشانمان لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی شەو ئازادیان کردین.

 

ش.ف