(ئاپۆ) ناوەکەی تری (ئاشتیی)

(ئاپۆ) ناوەکەی تری (ئاشتیی)، ناونیشانی وتارێکی چاودێر و شرۆڤەکار پەیکار عوسمان-ە، تیایدا تیشک دەخاتە سەر دوایین پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان و دەڵێت: ئاپۆ تەنیا ئاشتییە، کە بەرزترین شوێنە ئینسان پێی بگات، ئاپۆ ساڵانێکە تەنیا خەریکی دەسکاریکردنی بیری خۆیەتی و لەوێشەوە گەیشتووەتە دەسکارییەک، كه تەنیا ئەو دەسکارییە چاکی ئەکا و خراپی ناکات!.


تەواوی وتارەکە

(ئاپۆ) ناوەکەی تری (ئاشتیی)

ئاشتی مەقامی هەرە باڵای ئاگایی ئینسانە، ئەوەی بگات بە داوای ئاشتی، ئیتر داواکاری تری نامێنێت، چونکە ئەو گەیشتووە بە داوا گەورەکەو ئیتر دانابەزێتەوە بۆ داوا بچوکەکان!

داواکانی خوار ئاشتی هەرچیبن و هەرچەنێ ڕەوابن، هەر ئاشتی ڕەواترەو هەر ناگەنە ئاستی ڕەوایەتی ئاشتی!

جا تۆ کە داوای ئاشتی بۆ ئینسانەکان ئەکەیت، یەعنی داوای ڕەواترینی ڕەواکانیان بۆ ئەکەیت، بۆیە پێویست ناکا داوای ترت هەبێت.

تەنانەت لەنێوان زاڵم و مەزڵومیش هەر ئاشتی هەڵبژێرە، چونکە ئاشتی ڕاستەقینە، خۆی لەخۆیدا بەکەرامەتەو هەر ئەو دۆخەیە کە زوڵمی تیانەمێنێ.

مەقامی نزمی جیاکاریی تێپەڕێنە، لە ڕق ڕزگارت ئەبێ و ئەگەیتە مەقامی بەرزی خۆشەویستی! کە گەیشتیتە ئێرە، ئیتر داوای بچوکت نامێنێ ئەگەرچی بە پێوەرە باوەکانی عەقڵیەتی جیاکاری، پاساوی ڕەوایەتیشیان هەبێت!

لە مەوقعی خۆشەویستیەوە ئیتر سەیری خوارەوەو عالەمی جیاکاری ناکەیت، تەنیا سەیری سەرەوە ئەکەیت، لە سەرەوەی خۆشەویستیشەوە تەنیا ئاشتی هەیە، بۆیە ئیتر هەر ئەو خواستەت هەیەو ئاشتی ئەبێتە داوای ئەوەڵ و ئەخیرت.

کە ئەڵێم ئاشتی مەبەستم ئاگربەست و چەکدانان نیە، ئەو دووانە بچوکترین وێنەی ئاشتین، یان تەنیا ڕوخسارو ڕوکەشی ئاشتین.

کە ئەڵێم ئاشتی مەبەستم قۆناغی هەرە باڵای ئاگایییە، کە ئینسان لەناو خۆیداو لەگەڵ خۆیدا پێی ئەگاو دوای ئەو گەیشتنە ناوەکی و عەقڵی و ڕۆحیەش، ئیتر بۆ دەرەوەی خۆت، جگە لە ئاشتی قسەیەکی ترت نیە.

هەموومان خەریکی دەسکاریکردنی دنیاین و هەر خراپیشی ئەکەین، ئاپۆ ساڵانێکە تەنیا خەریکی دەسکاریکردنی بیری خۆیەتی و لەوێشەوە گەیشتۆتە دەسکارییەک، كه تەنیا ئەو دەسکارییە چاکی ئەکاو خراپی ناکات!

هەرچەن جەریمەیە ئەم دووانە موقاڕەنە بکەیت، بەڵام ئێستا ئاپو لەوپەڕی باڵایی خۆیدایەو ئەردۆگان لەوپەڕی گرگنیی خۆیدا ئەژی!

چونکە یەکەمیان بەتەواوی خۆی یەکلاکردۆتەوە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان. دووەمیشیان هەموو شتێکی ئەچێتەوە سەر شەڕو ڕق و جیاکاری!

خۆ ئەگەر ئەردۆ بڕێک لە کەلی شەیتان بێتە خوارەوە (کە هەربەڕاستی لە کەلی شەیتاندایە) ئەوکات پێکەوە لەگەڵ ئەو سەرسپییە بیرسپییەی ئێمە، ئەتوانن خێرێکی گەورە بۆ دنیاو قامەتی خۆیان بکەن، بەتایبەت کە هەردوکیان لەکۆتایی تەمەنیاندان.

ئەمەوێ بڵێم ئێستا ئاپۆ لەو خەڵوەتەی خۆیدا، گەیشتووە بەو مەقامە عالیە عیرفانیەو تەنیا ئەوانە لێی تێئەگەن کە خۆیان گەیشتوون یان موسافیری ئەو ڕێگەیەن!

ئێستا لە ئاپۆ تەنیا ئاشتی ماوەتەوە، ئەو ئێستا هیچ نیە جگە لە ئاشتی! (ئەم هیچنەبوونەش جگە لە ئاشتی) بەرزترین شوێنە کە ئینسان پێی بگا و چارەسەر و ڕێگای نەجاتیش ئەوەیە ئێمە هەموومان، بڕۆین و بگەین بەو شوێنەی ناو خۆمان.

یەکێ لە ناوەکانی خودا ئاشتیە، کە بەڕای من بەرزترین ناوی خودایە، تەنیا ئەوانەش ئەم خودایە ئەناسن کە یەکلائەبنەوە بۆ ئاشتی! بەمەشبێ چیتر ئاپۆ هەر عەبدوڵانیە، بەڵکو عەبدولسەلامیشەو دروست خودای ئاشتی ناسکردوە.

دواجار بە حەکیمە ئازادەکەی زیندان ئەڵێم: بەقەت خۆشەویستیت بۆ ئاشتی خۆشمئەوێیت.

ش.ف