"ئه‌گه‌ر كورد بیت ناچاریت ئازاد بیت"

فادی عاكۆم، كە نووسەرێكی لوبنانییە، لەنووسینێكیدا دەڵێت: ئەگەر كورد بیت؛ جەنگاوەریت، جوامێرترین سوارچاكیت، ئەگەر تۆ كورد بیت كۆپییەكی بێگەرد و بێ خەوشی مرۆڤیت، زۆر جوانە كورد بیت، خۆزگە كورد بوومایە.


وەرگێڕی ئەم نووسینە، وەرگێڕانەكەی پێشكەشی شەهید دیار غەریب، ئەندامی كۆنسەی گشتی كۆما جڤاكێن كوردستان- كەجەكە، كردووە كە  لە بۆردوومانێكی فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورك، لە ڕۆژی ٥-٧-٢٠١٩، لە بناری قەندیل لەگەڵ دوو هاوڕێی گەرلایدا شەهید بوو.

دەقی نووسینەكەی فادی عاكۆم

كە لەلایەن وەرگێڕەوە پێشكەش بە گیانی پاكی دیار غەریبی تێكۆشەر كراوە.

له‌و سه‌رده‌مه‌ تۆقێنه‌ره‌ سیاسی و سه‌ربازییدا، دژواره‌ مرۆڤ بیت، له‌وه‌ش دژوارتر ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكی خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بیت، له‌ كۆی ئه‌مانه‌ش دژوارتر ئه‌وه‌یه‌ كورد بیت، چونكه‌ ده‌كه‌ویته‌ نێو ئه‌ركی به‌رگریكردن له‌ خاك و به‌رد و مرۆڤ، گه‌وره‌ترین غه‌مت ئه‌وه‌ ده‌بێت شوناس و زمان و كه‌لتوورت بپارێزیت، ئه‌وه‌ی له‌ سوریا ڕووی دا، له‌ كتێبه‌كانی مێژوو و به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییه‌كان و نا نهێنییه‌كانیش باس ده‌كرێ، چونكه‌ ئیعتبار و شوناسه‌ نیمچه‌ زه‌وتكراوه‌كه‌ی بۆ كوردان گه‌ڕانده‌وه‌، مێژوو باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ كورد پێكهاته‌كانی خاکی سوریایان به‌یه‌كه‌وه‌ گرێ دایه‌وه‌، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شتانه‌ی پیلانیان بۆ داڕێژرابوو.

ئه‌گه‌ر كورد بیت؛ ئه‌وا تۆ له‌سه‌ر هێڵی ئاگریت، ڕووبه‌ڕووی ڕیشپان و كراس ڕه‌شه‌كان ڕاوەستاویت، خۆت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕاده‌هێنیت به‌رگری له‌و گه‌لانه‌ بكه‌یت كه‌ ئاسایشی بوونی خۆیان داوه‌ته‌ ده‌ست تۆ و متمانه‌یان به‌ تفه‌نگ و گوله‌ و فیشه‌كه‌كانت كردووه‌، جا ئه‌گه‌ر كورد بیت، چاره‌نووس و قه‌ده‌رت جه‌نگێكی شه‌ریفانه‌یه‌ دژ به‌و كۆمه‌ڵه‌ و لایه‌نانه‌ی شه‌ره‌فی خۆیانیان فرۆشتووه‌، ئه‌گه‌ر كورد بیت؛ ناچاریت پارێزگه‌ری له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی خۆت ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ش بكه‌یت كه‌ هی تۆ نین، به‌ڵكو موڵكی هه‌موو لایه‌كن به‌بێ جیاوازی و هه‌ڵاواردن. ئه‌گه‌ر تۆ كورد بیت؛ به‌رپرسیاریه‌تیت خاوێنكردنه‌وه‌ی كونه پڕ له‌ میكرۆبه‌ تیرۆرستییه‌ خۆحه‌شارده‌ره‌ ترسنۆكه‌كانه‌ له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كاندا، ئه‌گه‌ر تۆ كورد بیت؛ بچیته‌ هه‌ر شوێنێك ناچاریت ئاڵای ئازادیی به‌رز بكه‌یته‌وه‌، ناچاریت خوێندنگه‌ بكه‌یته‌وه‌ و پێش ئه‌وه‌ی نانێك بۆ خۆت ده‌سته‌به‌ر بكه‌یت، بیده‌یته‌ به‌رانبه‌ره‌كه‌ت. گه‌رمیی زستان و زه‌رده‌خه‌نه‌ بۆ منداڵه‌كان په‌یدا بكه‌یت... ئه‌گه‌ر تۆ كورد بیت؛ ده‌خرێیته‌ به‌ر بارانی ڕه‌خنه‌ی ڕۆژانه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵاتوون و خۆیان خستووه‌ته‌ نێو باوه‌شی سوڵتانی عوسمانی و خاك و شه‌ره‌ف و نامووسی خۆیان فرۆشتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ كۆیله‌ی سوڵتانی نوێ، ئه‌گه‌ر تۆ كورد بیت؛ ده‌بێ ڕزگاریان بكه‌یت و ئه‌قڵه‌ نا ئاماده‌كه‌یان له‌ زیندان ده‌ربهێنیت، ئه‌گه‌ر تۆ كورد بیت؛ نابێ گرنگی به‌ تۆمه‌ته‌ نه‌ژادپه‌رستییه‌كان بده‌یت، زه‌ربێك به‌سه‌ر تۆمه‌ته‌ پووچه‌كاندا بێنیت كه‌ هه‌موومان ده‌ زانین بریندارت ده‌كه‌ن و له‌وانه‌یه‌ ڕووبه‌ڕووی مه‌رگت بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ڕاستییه‌كان ده‌شێوێنن و وێنه‌ جوانمه‌رد و شه‌فافه‌كه‌ت ده‌شێوێنن، ئه‌گه‌ر كورد بیت؛ ده‌بێ له‌هه‌نبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ لێبورده‌ بیت كه‌ هه‌ر دوێنێ بوو لووله‌ی تفه‌نگ و گوله‌یان له‌ تۆ ده‌كرد، بەڵام دواتر ده‌سته‌كانی به‌رزكردنه‌وه‌ و چاكیش ده‌یزانی ئازاری ناده‌یت، تۆیش چاكت ده‌زانی ئێمه‌ش چاكمان ده‌زانی كه‌ ئه‌گه‌ر بۆی بلوێ، هه‌مان ڕه‌فتاره‌كانی خۆی بۆ جاری سێیه‌م و چواره‌م له‌هه‌نبه‌ر تۆدا دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد بیت؛ ئه‌خلاقت ڕێگه‌ت پێنادات ده‌ست بۆ تاڵه‌ قژێكیشی ببه‌یت، ئه‌گه‌ر كورد بیت؛ كامێرا و قه‌ڵه‌مێك ده‌گریته‌ ده‌ست و به‌نێو كێڵگه‌كانی مین و دیواره‌كانی ئاگردا گوزه‌ر ده‌كه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ڕووداوه‌كانی جیهان بگوازیته‌وه، به‌بێ هیچ جۆره‌ ساخته‌یی و ڕازاندنه‌وه‌یه‌ك وێنه‌ و دیمه‌نه‌كان بگوازیته‌وه‌، ئه‌گه‌ر كورد بیت؛ جه‌نگاوه‌ریت... ئه‌گه‌ر كورد بیت؛ تۆ جوانمه‌ردترین و جوامێرترین سوارچاكیت... ئه‌گه‌ر تۆ كورد بیت كۆپییه‌كی بێگه‌رد و بێ خه‌وشی مرۆڤیت.. زۆر جوانه‌ كورد بیت.. خۆزگه‌ كورد بووام

وەرگێڕانی، سه‌ڵاح سه‌عدی

د.ع