تورکیا لەبەردەم دواپەیامی ئۆجالاندا

ئامانج هەرتەلی، ڕۆژنامەنووس، لە وتارێکی تایبەتدا، کە بۆ ڕۆژنیوزی ناردووە، شیکردنەوە بۆ پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان دەکات و دەڵێت"ئەو پەیامە دەرگا خۆشبەختیی بەسەر تەواوی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەراستدا دەکاتەوە"، هەروەها خوێندنەوەش بۆ کاردانەوەکانی دەوڵەتی تورک لەبەرامبەر ئەو پەیامەدا دەکات.


تەواوی وتارەکە

تورکیا لەبەردەم دواپەیامی ئۆجالاندا

لەم ساتەدا کە ئۆجالان پەیام دەنێرێت بۆ دەوڵەتی تورکیا و ئامادەی خۆی دەردەبڕێت بۆ هێنانەکایەی ئاشتی و پێکەوەژیان، دەیەوێت لەلایەک کێشەی کورد چارەسەر بکات، کە ئێستا تورکیا لە ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە  خاڵی هەرەلاوازدایە، کوردیش لە ئاستی هەرەباڵادایە لە ناوچەکە، لەلایەکیتریش دەیەوێت وەک سەرکردەیەکی کاریزمای گەلانی تورکیا رزگار بکات کە بەهۆی سەرۆکێکی بەرژەوەندی خوازەوە رووبەرووی گەمارۆ و ناڕەحەتی زۆر بوونەتەوە لە ئێستا و ئایندەدا، ئەم پەیامەی ئۆجالان لە دۆخێکدایە کە ئۆردۆغان کەوتۆتە بەردەم چوار ئاڵەنگاری گەورە کە ئەستەمە قبوڵی پرۆسەی ئاشتی بکات، پەیامی ئۆجالانی قبوڵ بێت.

یەکەم ئاڵەنگاری بەردەم ئۆردۆغان ئەو دۆڕانە گەورەیە بوو، کەبەهۆی کوردەوە گەورەترین شار تورکیا دۆڕاند، کە بە  رۆحی دەستەڵاتی خۆی دەزانی، هەروەها یەکەم هەنگاوی گەورەی سەرکەوتنی ئۆردۆغانیش بوو بۆ لوتکەی دەستەڵات، بەڵام بەدۆڕاندنی ئەم شارە بەپاڵپشتی کورد، زامێکی گەورەی خستۆتە دڵی ئۆرۆغان، پێناچیت ئەم هەنگاوەی ئۆجالان بۆ ئاشتی قبوڵ بکات، بەڵکو دەیەوێت ئەم زامە بە شەڕ پربکاتەوە، لەگرنگی پەیامەکەی ئۆجالانیش بۆ پرۆسەی ئاشتی کەم بکاتەوە، ڕێگا بە دروست بوونی ئاشتی نەدات، دەرگاشی بەسەر پرۆسەی ئاشتیدا داخستبێت، لەکاتێکدا پەیامەکەی ئۆجالان ئۆردۆغان و خودی دەوڵەتی تورکیا لەم هەموو کێشەیە رزگار دەکات.

دووەم ئاڵەنگاری بەردەم ئۆردۆغان دروست بوونی چەند حیزبێکە کەپێشتر سەرکردەی ئێستای ئەم حیزبانە داینەمۆی سوڕاندن و هاوکاری تەواوی ئۆردۆغان بوون لەبەرێوەبردنی دەوڵەتی تورکیا، دوای خۆسەپاندنی ئۆرۆغان و دەرکەوتنی وەک دکتاتۆر، لەئێستادا دەنگۆی دروستکردنی چەند حیزبێک هەیە، لەلایەن ئەوانەی حیزبی ئێستا دەسەتەڵاتیان دروست کردوە، بەوەش ئۆردۆغانی خستۆتە بەردەم دووریانی سەخت، ئەگەر قبوڵی ئاشتی بکات ئەوا تەواوی رەگەزپەرستەکانی تورک دەخاتە بەرەی نەیاری، ئەگەریش قبوڵی نەکات ئەوا دەوڵەتی تورکیا دەخاتە قەیرانێکی گەرەتر، ئەوەش وادەکات بۆ خۆ رزگار کردن خۆی و حیزبەکەی بەردەوامبێت بە سەرقاڵکردنی گەلانی تورکیا بەشەڕەوە، هەتاوەکو ئەم ناڕەزایەتیانەی رووبەڕووی دەبێتەوە لە نێوخۆی تورکیا و دانەبەزینی ئاستی جەماوەرەکەی  لە هەڵبژاردنی ئایندەی بەردەمی و مانەوەی لە لوتکەی دەستەڵاتدا، پێویستی بە هەنگاوێکە کە خەڵک سەرقاڵبێت ئەویش شەرێکی گەورەیە، بۆیە پەیامەکەی ئۆجالان بۆ ئاشتی قەیرانی نێوخۆی ئەکەپە و ئۆردۆغان قوڵتر دەکاتەوە،هەروەها خەڵکی تورکیاش باشتر و چاکتر دەڕواننە دۆخی قەیرانەکان، ئەمەش بۆ هەڵبژاردنی ئایندەی ئۆردۆغان دۆڕانێکی گەورەدەبێت، پەیامەکەی ئۆجالان چەندە سود بەخشە بۆ گەلانی تورکیا کە پێویستە خەڵکی هۆشمەندی تورک پاڵپشتی بکات، بۆ ئەوەی گەلانی تورکیا بەبەختەوەری بژین، ئەوەندەش ئۆردۆغان بەمەترسی بۆ سەرخۆی دەزانێ.

سێیەم ئاڵەنگاری بەردەم ئۆردۆغان ئەو گەمارۆ ئابورییانەیە کە لەلایەن ئەمریکاوە بە هۆی بازرگانیی لەگەڵ روسیا ئەنجامیداوە بەتایبەت کڕینی موشەکی  s400 کە ئەمەش ناتۆ و ئەمریکای نیگەران کردووە، بەوەش بڕیاریداوە گەمارۆ ئابووری بخاتە سەر تورکیا، ئەمەش تورکیا دەخاتە بەردەم قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار،  گەلانی  تورکیا بەهۆی دروست بوونی گرانییەوە رووبەرووی ناڕەزایەتی گەورەدەکاتەوە،  وادەکات ئۆردۆغان بۆ سەرقاڵکردنی خەڵکەکەی و ڕەوایەتی دان بە پرۆژەکەی بیر لە شەڕێک بکاتەوە تاوەکو خۆی لە ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی تورکیا بشارێتەوە، وادەکات خۆی بشارێتەوە لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی قەیرانەکانی نێوخۆی تورکیا، بەڵام پەیامەکەی ئۆجالان لەم ساتەدا بۆ ئاشتی، لەلایەک  ئۆردۆغان و لەلاکەی تریش  کاریگەری گەمارۆی ئابووری  سەر گەلانی تورکیا کەم دەکاتەوە، بەوەش ئاسودەی خۆشی دەخاتە دەوڵەتی تورکیا، بەڵام بەرپرسە باڵاکانی تورکیا و لەناویشیاندا ئۆردۆغان لەپێناوی مانەوەی خۆی لەدەستەڵات چی بەسەر گەلانی تورکیادا دێت گرنگ نیە، گرنگ خۆیەتی لە لوتکەی دەستەڵاتدا ببنینێتەوە، تورکیاش رووبەڕووی قەیرانی گەورەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە گرفت نیە، لە دروست بوونی دەوڵەتی تورکیاشەوە تا ئەمڕۆ هیچ کاتێک هێندەی ئێستا دەوڵەتی تورک رووبەڕووی قەیرانی نێودەوڵەتی نەبۆتەوە.

چوارەم ئاڵەنگاری بەردەم ئۆردۆغان بوونی خۆرئاوای کوردستانە، لە ئێستادا بۆتە مۆتەکەیەکی گەورە، ئەومۆتەکەیەی کە پەکەکە حوکمی کوردستانی خۆرئاوا لە سوریا دەکات و تەواوی جیهان پاڵپشتی ئەم هێزەدەکات،  وەک پارێزەری ئاشتی لە جیهانیش تەماشای دەکرێت، ئەگەر ئۆردۆغان گوێ لەم پەیامە بگرێت دەبێت دان بەم دەوڵەتەدا بنێت و خەونی سەدان ساڵەی لەناوبردنی گەلی کوردی لەباربچێت، بۆیە ئێستا  خۆر ئاوای کوردستان جیهانیشی خستۆتە بەردەم دووڕیانێکی گەورەتر، ئایا پشت لە ئەوهێزە دەکەن کە بوەهۆی لەناوبردنی داعش، یاخود ڕوو دەکەنەوە بەلای ئۆردۆغان، بەڵام تا ئەم ساتە ئەمریکا و هاوپەیمانانی پاڵپشتی هەسەدە دەکەن، هەموو داواکانی تورکیا لەمەڕ خۆرئاوای کوردستانیان ڕەتکردۆتەوە، هەتاوەکو وەزیری بەرگری ئەمریکا پاڵپشتی خۆی بۆ خۆرئاوای کوردستان راگەیاند، ئۆردۆغانیش چەندین جارهەڕەشەی هێرش کردنی بۆ سەر خۆرئاوای کوردستان کردووە و هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە رێگا بە دامەزراندنی هەرێمێکی کوردی لە خۆرئاوانادات، بەوەش پێناچیت ئۆردۆغان مل بۆ پرۆسەی ئاشتی بدات.

ئەمە وایکردووە تورکیا و جیهان لەبەردەم ئاڵەنگاری گەورەدا بوەستن، ئەگەر تورکیا هێرش بکات و جیهانیش بێدەنگبێت ئەوا جارێکیتر جیهان رووبەڕووی مەترسی گەورەی تیرۆر دەبێتەوە، جارێکیتر داعش دەبێتەوە بە گەورە، هەروەها دەستەڵاتی وڵاتانی زلهێزیش بەرەوە کەمی و بەرژەوەندیەکانیشیان رووبەڕووی مەترسی گەورە دەبێتەوە، ئەوکاتەش هەموو بەرژەوەندیەکانی خۆر هەڵات دەچێتەوە گیرفانی تورکیا.

بۆیە پەیامەکەی ئۆجالان لەم ساتەدا دەرگای خۆشبەختی بەسەر تەواوی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکاتەوە، بەڵام گوێنەگگرتن لەم پەیامە درێژەدانی ئۆردۆغان بەشەڕ،  خۆرهەڵاتی ناوەراست دەکاتە یەک پارچە لە ئاگر و خۆشبەختی ناهێڵێت.

ئەوەی پێویستە نەک هەر تورکیا بەڵکو تەواوی جیهان گوێ بۆ پەیامەکەی ئۆجالان بگرن، لەناویشیاندا سەرۆک و بەرپرسانی خۆرهەڵات بەوردی گوێ بۆ پەیامەکەی ئۆجالان رادێرن و بە جدی کاری لەسەر بکەن ئەگەر بیانەوێت ناوچەکە ناوچەیەکی ئارام بێت، چونکە بە هێرشکردنە سەر کورد تەواوی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز و  وڵاتانی ناوچەکە دەکەوێتە مەترسی، چونکە تورکیا هەر بە لەناوبردنی کورد دڵی ئاو ناخواتەوە، بەڵکو بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی و تەواوی جیهان  دەخاتە مەترسی گەورە، هەر ئەوەشە وایکردوە کە وڵاتانی جیهان و لە ناویشیاندا ئەمریکا نەیەوێت پشت لەگەلی کورد بکات، لەلایەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی لە ناوچەکە، لەلایەکیتریش بۆ ئەوەی رووبەرووی نارەزایەتی ناوخۆی گەلی ئەمریکا و وڵاتانیان نەبنەوە. بۆیە پێناچیت رێگا بەتورکیا بدرێت هێڕش بکات، بەڵام ئەوەی پاڵپشتی تورکیا دەکات بۆ هێڕش کردنە سەر خۆرئاوا رەنگە رووسیا بێت، تاوەکو  شەرمەزاری عەفرین لەسەرخۆی بسرێتەوە. رەنگە هانی ئۆردۆغانیش بدات کە پەیامی ئۆجالان بۆ ئاشتی رەت بکاتەوە و نەچێتە ژێر باری پرۆسەی ئاشتی.

دوا پەیامی ئۆجالان تورکیا خستۆتە بەردەم دووریانی شکت و سەرکەوتن، ئەگەر سەرانی تورکیا لەم دۆخەیاندا ژیرانە بیربکەنەوە، ئەگەر  ئاسودەی دەوڵەتی تورکیایان دەوێت دەبێت بچنە ژێرباری پرۆسەی ئاشتی و پێکەوەژیان و داننان بە مافی کورد و ئەوپیاڵە ژەهرەی نزیکە سەدەیەکە بەدیاریەوەن دەبێت بینۆشن، تازوتر نۆشی بکەن، لەم عازەبە زووتر ڕزگاریان دەبێت، بەڵام ئەگەر تورکیا بەردەوام بێت لەسەر  مانەوەی ئەم شەڕە ئەوا تورکیا زیاتر توشی نەهامەتیدەکات و دواجار بە کۆتای هاتنی خۆی کۆتای دێت، پەیامی ئۆجالان بنەبری تەواوی کێشەکانی تورکیایە.

هەروەها تورکیا و ئۆردۆغانیش ئەگەر گوێ بە داواکەی ئۆجالان نەدەن، ئەوا تورکیا رووبەڕووی رەخنەیەکی تووندی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێتەوە لەلایەک، لەلایەکی تریش هەنگاوێکی گەورەشی لەبەردەم کوردە کردۆتەوە، گەلی کوردی لە قۆناغێکەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی باڵاتر کە کردنەوەی گەورەتری دەرگایە بەرووی خۆرئاوای کوردستاندا، لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە زیاتر پاڵپشتی  بەدەست بهێنێ.

ش.ف