"دیدێكی نوێ بۆ ئاشتی"

هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د-ی ڕۆژنامەنووس، لە شرۆڤەیەکدا باس لە دوواین ڕەشی تورکیا و هەڵوێستەکانی پەکەکە و هەدەپە و ئاکاپە دەکات، هەروەها باس لە گرنگی ئاشتی دەکات کە، جەمیل بایک وەها پێشنیارێکی کردبوو، ئەمە دەقی شرۆڤەکەیە:


"دیدێكی نوێ بۆ ئاشتی"

جه‌میل بایك یه‌كێ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی پارتی كرێكارانی كوردستان(په‌كه‌كه‌)، دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیاو دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنیش له‌گه‌وره ‌شاری ئیستانبوڵ ‌و شكستی دووباره‌ی پارته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان، له‌ڕێگه‌ی نووسینێكه‌وه‌، جارێكیتر ئه‌و په‌یامه‌ راده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ته‌نها ڕێگه‌ له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌ توركیا، هه‌نگاونانه‌ بۆ دروستكردنی دیالۆگ، ئه‌م په‌یامه‌ی جه‌میل بایك كه‌ یه‌كێ له‌به‌هێزترین ‌و كاریگه‌رترین سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه‌یه‌، دووپاتكردنه‌وه‌ی ئه‌و نیازپاكییه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستانه‌، كه‌ ده‌بێت پارتی دادو گه‌شه‌پێدانی توركیا جارێكیتر بێته‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆو له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ جارێكیتر نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی دیکەی هاوشێوه‌ی رابردوو دابنێن، تاوه‌كو كێشه‌ی كورد به‌شێوه‌ی ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

له‌دوایین په‌یامی ئه‌و رێبه‌ره‌ی پارتی كرێكارانی كوردستاندا، جگه ‌له‌دووپاتكردنه‌وه‌ی ئه‌م خواسته ‌بۆ دونیا، كه‌ كورد له‌ڕێگه‌ی ئاشتییه‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌ مافه‌كانی بگات، له‌هه‌مانكاتیشدا كۆمه‌ڵێك راستی ده‌خاته‌ڕوو. له‌وه‌ش گرنگتر، جه‌میل بایك له‌چۆنێتی شێوازی قۆناغی پرۆسه‌ی ئاشتی، ئیعتراف به‌و راستییه‌ش ده‌كات كه‌ پرۆسه‌یه‌كی له‌م چه‌شنه‌ گرنگ(چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد به‌ئاشتی)، نابێت به‌ته‌نها له‌نێوان دوولایه‌نی (پارتی دادوگه‌شه‌پێدان ‌و لایه‌نی كوردیدا) بێت. ئه‌و پێیوایه‌ له‌م بۆچوونه‌دا ساویلكه‌بوون كاتێك به‌ته‌نهاو به‌بێ چاودێریی نێوده‌وڵه‌تی‌و خواستی لایەنه‌ دیموكراسیخوازه‌كانی توركیا، كورد هه‌نگاوێكی له‌م چه‌شنه‌ی ناوه‌. به‌مانایه‌كیتر، جه‌میل بایك پێیوایه ‌له ‌ئه‌گه‌ری دووباره‌كردنه‌وه‌ی قۆناغی ئاشتی ‌و ده‌ستپێكێكی نوێ له‌ توركیا، ده‌بێت به‌شێك له‌و لایه‌نانه‌ی توركیاش به‌شداربن كه ‌خواستی ئاشتییان هه‌یه ‌و دژی سه‌رده‌می ناكۆكین، له‌هه‌مان كاتیشدا ئاگاداریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش له‌وه‌ها ئامانجێك به‌گرنگ ده‌زانێت كه‌ له‌ڕابردوودا هیچ یه‌كێ له‌م دووخاڵه‌ گرنگه‌ له‌ قۆناغی پرۆسه‌ی ئاشتی توركیادا نه‌بوون ‌و سه‌ره‌نجامیش بینیمان كه‌ به‌شكست كۆتاییهات.

به‌شێكی تری گرنگی په‌یامه‌كه‌ی جه‌میل بایك بۆ دونیاو ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای توركیاش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئۆجا‌لان له‌زینداندا بێت یان له‌قه‌ندیل، رێبه‌ری دوایین بڕیاره‌كانی كورده‌ له ‌باكوور. بایك روون ‌و ئاشكرا ئه‌وه‌ ده‌ڵێت كه‌ هه‌نگاوی گرنگ پێش پرۆسه‌ی ئاشتیش گواستنه‌وه‌ی ئۆجه‌لانه‌ له‌زیندانه‌وه‌ بۆ شوێنێكیتری نیشته‌جێبوون ‌و دواتریش ده‌كرێت ئۆجا‌لان وه‌ك رێبه‌ری په‌كه‌كه‌ دوایین په‌یام رابگه‌یه‌نێت، كه ‌سه‌ره‌نجام به‌وته‌ی جه‌میل بایك، هه‌موو گۆڕانكاری ‌و سه‌ره‌تایه‌كی نوێ به‌ڕه‌زامه‌ندی ئۆجا‌لان ده‌بێت، ئه‌مه‌ش وه‌ڵامێكیتری گرنگه‌ بۆ به‌شێك له‌و بۆچوونه‌ی كه‌ پێیانوابوو ئێستا په‌كه‌كه‌ به‌بێ ره‌زامه‌ندی ‌و گرنگیپێدانی بۆچوونه‌كانی ئاجه‌لان هه‌نگاو ده‌نێت.

ئه‌وه‌ی كه‌ بڕیاربه‌ده‌ستانی په‌كه‌كه‌ی دووچاری دڵه‌ڕاوكێ كردووه‌، ئه‌و راستییه‌یه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان له‌هه‌ر كوێدا مه‌به‌ستی بووبێت‌ و بۆ ئامانجی پرۆژه‌ سیاسییه‌كانی خۆی، له‌هه‌مان كاتیشدا مانه‌وه‌ی له ‌لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی توركیادا په‌نای بۆ كورد بردووه‌و له‌هه‌ر كوێش به‌ئامانجه‌كانی گه‌یشتبێ په‌تی دیالۆگ ‌و گفتوگۆی رێكه‌وتنه‌كانی كۆتایی پێهێناوه‌. له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی گه‌وره ‌شاری توركیا ( ئیسته‌نبوڵ)، جارێكیتر پارتی دادوگه‌شه‌پێدان له‌ڕێگه‌ی جارێكیتری كردنه‌وه‌ی ده‌رگه‌ی زیندانی ئۆجهالانه‌وه‌، ئامانجی بوو كه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی كاتیش بێت، جارێكیتر ئه‌م دیداره‌ی ئاجه‌لان بخاته‌وه‌ خزمه‌تی سه‌ركه‌وتنه‌كانی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ هه‌ده‌په‌ به‌سوود وه‌رگرتنی له‌هه‌ڵبژاردنی رابردوو، سه‌رباری ئه‌وه‌شی كه‌ ئۆجه‌لان رایگه‌یاندبوو پێویسته‌ كورد له‌هه‌ڵبژاردندا بێلایه‌ن بێت، به‌ڵام به‌پشتیوانیكردنی له ‌(ئیمامئۆغلۆ)، كۆی ئه‌و سیحره‌ی ئه‌ردۆغانی به‌تاڵكرده‌وه‌و ئه‌م هه‌نگاوه‌ی هه‌ده‌په‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ ئۆجا‌لان له‌زیندانه‌وه‌ له‌پاڵ په‌یامی ئاشتی ‌و دووپاتكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كورد ئاشتیخوازه‌و بێلایه‌ن له‌ناو هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ بڵێت كه‌ پێویسته‌ هه‌مان ئه‌و سیناریۆیه‌ی رۆژی (31 ئازار) له‌هه‌ڵبژاردنی دووه‌مدا (له‌ 23 حوزه‌یران) دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌و بێگومانیش ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردانه‌كان هه‌ر ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت.

س.ح