"دیسان قەییوم و كودەتای سپی ئەردۆغان"

هیوا سەیدسەلیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە وتارێکدا بە ناونیشانی "دیسان قەیوم و کودەتای سپی"، تیشک دەخاتە سەر لەنوێ سەپاندنەوەی دەسەڵاتی خۆسەپێنەرەکان و لادانی ئەو كەسانەی كە بە ئیرادەی خەڵك و لە ڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە بووبوونە هاوسەرۆكی شارەوانیی توركیا و دەڵێت:"دەسەڵاتدارنی توركیا ئەگەر بەو نەفەسە نادیموكراسیانە مامەڵە لەگەڵ كێشەكان بكەن، توركیا و ناوچەكە بەرەو تونێلێكی تاریك دەبەن كە دەرچوون لێی ئاسان نەبێت".


تەواوی وتارەکە

توركیا لە شەستەكانی ئەم سەدەیە بە وڵاتی كودەتاكان ناسرابوو، لەوكاتەدا هەر كاتێك سەرباز حوكمی ئەو وڵاتەیان بەدڵ نەبایە ئەوا كودەتایان بەسەر دەسەڵاتدا دەكرد،  وە دەرگای زیندانیان بەڕوووی دەسەڵاتداران دەكردەوە،  وە هەمیشەش بیانوویان بۆ ئەو كارە بریتی بوو لەوەی ئەو دەسەڵاتە بووەتە مەترسی بەسەر بنەماكانی علمانیەت و كەمالیزم لە توركیا.

دوای ئەوەی پارتی دادوگەشەپێدان لە دوای ساڵی ٢٠٠١دەسەڵاتی لە توركیا گرتە دەست، ڕێوشوێنی توندی گرتەبەر تا ئەمانیش بەدەردی ئەوانی پێش خۆیان نەچن،  وە نەبنە قوربانی كودەتایەكی سەربازیی، بەڵام لە ماوەی ساڵانی حوكمڕانی ئەكەپە كودەتاكان گۆڕانیان بەسەر داهات،  وە كودەتاكان چوونە چوارچێوەی سیناریۆی خودی دەسەڵاتداران لە توركیا.

لە ١٥ تەمووزی ٢٠١٦ لە سیناریۆیەكی گوماناوی ئەردۆغان بەناوی كودەتایی سەربازیی كە لە دژی ئەنجام دراوە،  توركیا كردە زیندانێكی گەورەی سیاسی، بە شێوەیەك كە لەو كاتەوە تا ئێستا بە هەزاران كەس لە چین و توێژە جیاجیاكانی توركیا لە (فەرمانبەری ئلسایی بگرە،  تا دادوەر و پەرلەمانتار و نووسەر و ئەكادیمی …هتدا) خراونەتە ناو زیندانەكانی توركیا.

ڕۆژی ١٩( ئابی ٢٠١٩)ش،  ئەردۆغان و حزبەكەی پەنایان بردە بەر جۆرێكی تازە لە كودەتا، كە قوربانییەكانی ناویان ناوە كودەتایی سپی، ئەویش بە لادانی سێ سەرۆك شارەوانی لە گەورە شارەوانیەكانی ( ئامەد ، وان ، ماردین) لە جێدانانی قەییوم لە شوێنی ئەو سەرۆك شارەوانیانە، كە بەدەنگی خەڵك هەلبژێردرابوون.

لە هەڵبژاردنی ٣١ ئاداری ئەمساڵ كە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا ئەنجام درا، پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) درووشمی (قەییومەكان بەسەرشۆڕی دەنێرینەوە لای ئەردۆغان ) هەڵگرتبوو.

شایانی باسە دوای هەڵبژاردنی ئەیلولی ٢٠١٦ كە هەدەپە و پارتی دیموكراتی هەرێمەكان توانیبوویان ١٠٤ شارەوانی بەدەست بێنن، دەسەڵاتدارنی توركیا ٩٦ شاروانیان لە كارەكانیان دوورخستەوە و بەشی هەر زۆریشیان وەك چەندین پەرلەمانتار و كادیر و لایەنگری دیكەی هەدەپە خرانە زیندانەكان.

لەبەرامبەر ئەو سیاسەتەی ئەكەپە  لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا، هەدەپە كاری بۆ تێكشكاندنی سیاسەتی دانانی قەییومەكان كرد، بۆیە تێكشكاندنی ئەو سیاسەتە و دۆڕانی گەورەی ئاكپارتی لە شارەوانیە گەورەكانی توركیا لە نموونەی ( ئەنقەڕە و ئەستنبۆڵ و ئیزمیر و مێرسین ….هتدا) هۆكاری كودتا سپیەكەی ئەمدواییەی ئەكەپە بوون.

سەر لەنوێ سەپاندنەوەی دەسەڵاتی قەییومەكان و لادانی ئەو كەسانەی كە بە ئیرادەی خەڵك و لە ڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە ببوونە سەرۆك شارەوانی توركیا، دەسەڵاتی ئەكەپە بەرەو قەیرانی زیاتر دەبەن، ئەمە لە كاتێكدایە كە لایەنی بەرامبەر لە ئیمرالی و ناوەندەكانی بڕیار لە هەدەپە،  هەمیشە جەخت لە چارەسەری ئاشتیانە دەكەنەوە.

دەسەڵاتدارنی توركیا ئەگەر بەو نەفەسە نادیموكراسیانە مامەڵە لەگەڵ كێشەكان بكەن، توركیا و ناوچەكە بەرەو تونێلێكی تاریك دەبەن كە دەرچوون لێی ئاسان نەبێت.

قەیران و كێشەكانی توركیا لەگەڵ ئەمەریكا و رۆژئاوا، وە هەڕەشە بەردەوامەكانی توركیا بۆ داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان، پەلامارە بەردەوامەكانی بۆسەر باشووری كوردستان، كێشە و دەستوردانی ئەو وڵاتە لە كاروباری وڵاتانی عەڕەبی و ئیسلامی گەواهی دەری ئەو ڕاستیەی سەرەوەن،  كە زوو یان درەنگ دەبێت ئەردۆغان و حزبەكەی باجی  گەورەی بۆ بدەن.

ش.ف