د.چۆمان: ھێزێکی کوردیی دەبێتە مایەی مەرگی نەوەی داھاتووی خۆی

لە شرۆڤەیەکدا، کە تایبەت بۆ ڕۆژنیوزی ناردووە، دەربارەی گەمارۆدانی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە، کە بووەهۆی لەبارچوونی دوومنداڵی ژنان، نووسیویەتی، د.چۆمان هەردی باس لەوە دەکات، "ئه‌وه‌ی له‌م دۆخه‌دا نوێیه‌، ئه‌و ڕاستییه‌ تاڵه‌یه‌‌ كه‌ ھێزێکی کوردیی دەبێتە مایەی مەرگی نەوەی داھاتووی خۆی، گەر لە ڕابردوودا داگیرکاران منداڵی کوردیان دەکوشت چونکە وه‌ك مه‌ترسیی به‌رده‌وامبوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك دەیانبینی، لەم ساتەوەختەدا ھێزێکی کوردی به‌ فۆرم و مۆدێلێی تر ئه‌م وه‌زیفه‌ ره‌مزییه‌ بۆ داگیرکاران جێبەجێدەکات"، دەقی شرۆڤەکە بەمشێوەیەیە:


یاده‌وه‌ریی بەکۆمەڵی ئێمه‌ پڕە لە چەوسانەوەی نەتەوەیی. ئه‌م دۆخه‌ش میكانیزمێكی ناوه‌كیی بۆ سەقامگیربوونی چەوسانەوەی جێندەریی به‌رهه‌مهێناوه‌.

ژنی کورد ھەردەم ھەم وەک ژنێک و ھەم وەک کوردێک لەلایەن داگیرکارانەوە کراوە بە ئامانج. ژنانی نەتەوەی چەوساوە رۆڵێکی سەرەکیی دەبینن لە بەردەوامبوونی نەتەوەدا، چونكه‌ هۆكارێكن بۆ بەرھەمھێنانی نه‌وه‌ی نوێ و بەکۆمەڵایەتیکردنی نیشتیمانیی منداڵ لەرێگەی فێرکردنی زمانی دایک و بەھا و نۆەرمەکانەوە. ئه‌م واقیعه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌ش وای کردووە لەکاتی ھێرش و مەترسی لەناوچووندا به‌ دوو ئاراسته‌ كار له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ژن بكرێت، لایه‌كیان هه‌وڵده‌دات جەستەی ژن له‌ دەستدرێژیی بپارێزرێت و زه‌مانه‌تی بەرھەمھێنانی نەوەی داھاتوو بكات، لاكه‌ی تریشیان هه‌وڵده‌دات جه‌سته‌ی ژن بكات به‌ ئامانجێك بۆ تێكشكاندن و برینداركردنی جیهانی ڕه‌مزیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی نه‌ته‌وه‌ چه‌وساوه‌كه‌، كه‌مپی مه‌خموری ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان نموونه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ی گروپێكی بێوڵاته‌ كه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ ئیداره‌ده‌كرێت.

له‌كاتێكدا به‌ پاساوی سیاسیی و ئه‌منیی ماوه‌یه‌كه‌ کەمپی مەخموور لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە لەژێر گەمارۆدایە، ئێمە ڕووبەڕووی جۆرێک لە دژیەکیی نەتەوەیی دەبینەوە. بەپێی راپۆرتەکانی ئەم دوو ھەفتەیەی رابوردوو دوو ژنی دووگیان کە بارودوخیان دژوار بوو و پێویستیان بە چوونە لای پزیشك بووە لە ھەولێر، لە خاڵی پشکنینی شاری ھەولێر رێیان لێگیراوە و لە ئەنجامدا ھەردوکیان منداڵەکانیان لەدەستداوە. ئه‌وه‌ی له‌م دۆخه‌دا نوێیه‌، ئه‌و ڕاستییه‌ تاڵه‌یه‌‌ كه‌ ھێزێکی کوردیی دەبێتە مایەی مەرگی نەوەی داھاتووی خۆی، کە سیمبۆلی بەردەوامیی و دەربازبوونی گروپێكی بێوڵاتن. گەر لە رابردوودا داگیرکاران منداڵی کوردیان دەکوشت چونکە وه‌ك مه‌ترسیی به‌رده‌وامبوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك دەیانبینی، لەم ساتەوەختەدا ھێزێکی کوردی به‌ فۆرم و مۆدێلێی تر ئه‌م وه‌زیفه‌ ره‌مزییه‌ بۆ داگیرکاران جێبەجێدەکات.

به‌ بۆچوونی من ئه‌م دۆخه‌ زیادبوونی برینێکی ترە لە جەستەی شه‌كه‌تی نیشتیمانه‌كه‌مان کە ھێندەی لەلایەن داگیرکارانەوە كۆنترۆڵكراوه‌ و ده‌چه‌پێنرێت، ھێندەش لەلایەن خودی خۆمانەوە غه‌دری گه‌وره‌ی نیشتیمانیی لێده‌كرێت.

س.ح