سوکایەتیی بە ئاڵای هەرێم لەنێوان عێراق و تورکیادا.. یارییەکی مەترسیدار

هەر لەم مانگەدا دووجار سوکایەتیی بە ئاڵای هەرێمی کوردستان کرا، یەک لە تورکیا و ئەوی دیکەش عێراق، بەڵام کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم و شێوازی سوکایەتییەکان لە هەردوو وڵاتەکەدا و هەڵوێستی دوو وڵاتەکەش تەواو جیاوازبوون، کاردانەوەی ئەوەی عێراق بەمشێوەیە بڕوات دەسەڵات کارەساتێک لەنێوان گەلانی عێراقدا دەخوڵقێنێت.


١٨ی ئەم مانگە، هێرش کرایە سەر کۆمەڵێک کەس کە بۆگەشت لە شاری ترابزۆنی تورکیا بوون و سوکایەتییەکی زۆریان پێکرا، هۆکار تەنها هەبوونی ئاڵای هەرێم بوو، هەروەها ٢٩ی ئەم مانگە، کۆمەڵێک هاوڵاتی لە دەڤەری گەرمیانەوە چوونە پارێزگای سەماوە بۆ بینینی ڕووفاتی کەسوکارە ئەنفالکراوەکانیان، ئەوانیش بەهۆی ئاڵایەکی هەرێمەوە ڕووبەڕووی بێڕێزیی ئەفسەرێکی عێراق بوونەوە.

لەنێوان دوو سوکایەتییەکەدا، کە ئەوەی ترابزۆن گەورەتربوو، بەوپێیەی لە چەند کەسێک درا کە ژن-یشیان تێدابوو، دواتریش دەستگیرکران، بەڵام ئەوەی پارێزگای سەماوە و بیابانەکانی نوگرە سەلمان لەو سنوورە، جیاوازتربوو، کە کاتێک ئەفسەرێکی پۆلیس بەبێ لێدان و هێرش کردن، بە تاقانەیەکی ئەنفال دەڵێت ئاڵاکەی ملت لاببە، کە ئاڵای هەرێمی کوردستانە، بە دڵنیاییەوە ئەمەی سەماوەش سوکایەتییەکی گەورەیە، وێڕای ئەوەی ئاڵاڕەمزێکە لای هاوڵاتیان، لە دەستووری عێراقیشدا بە فەرمی چەسپاوە، بەڵام  شێوازی ڕووداوەکە و ڕێژەی سوکایەتییەکە جیاوازیی هەیە.

ڕووداوەکەی سەماوە چەند خولەکێک بوو، کێشەکە کۆتاییپێهێنرا، بەڵام لە ترابزۆنی تورکیا، چەند هاوڵاتییەک کە سوکایەتی بە خۆیان و ئاڵای دەستیان کرابوو، خرانە زیندانەکانەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە تورکیا هەزاران سوکایەتیی بەو گەشتیارانەو ئاڵای هەرێم کرا.

جیاوازتر لە سووکایەتییەکە، جیاوازیی و دووڕوویی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە، بەشێوازێک کە بۆ ئەوەی تورکیا بێدەنگ بوون، تا ئەوەی دوای سوکایەتیی و لیدانیش لە گەشتیارەکان ڕوویدا، لەم کاتەشدا تەنها بەیاننامەیەکی شەرمنانەیان بەناوی حکومەتەوە دەرکرد، تێیدا داوایان کرد کە ئەوان نیگەرانن بۆ ئەو کەسانەی دەستگیرکراون!، دوای هەندێک سوکایەتیی و واژۆکردنی بەڵێننامە بە گەشتیارەکان کە نەچنەوە بەو وڵاتەدا هاوڵاتییەکان ئازادکران.

ئەگەرچی هەردووڕووداوەکە سوکایەتییە، بەڵام بە کاردانەوەکان و هەڵوێستی نەتەوەکان دەتوانین بڵێین ئەوەی عێراق ڕووداوێکی زۆر بچوکتر بوو، بۆچی؟.

ئەوەی لە نوگرە سەلمان ڕوویدا، تەنها ئەفسەرێک بوو نەک کۆمەڵە کەسێکی نەژادپەرەست، هەرچەندە لەڕووی یاساییەوە کرداری ئەفسەرەکە نەرێنیترە بەو پێیەی کارمەندی دەوڵەتە، بەڵام بچوکی کارەکە لەوەدایە، ئەفسەرەکە هەرزوو داوای لێبووردنی کرد، هەروەک باسیش دەکرێت، ئەو ئەفسەرە وتوویەتی "وامزانیوە ئاڵای حزبەکانە نەک هەرێمی کوردستان".

لێبوردەیی عەرەبەکانی سنووری نوگرە سەلمان بۆ کورد مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەشێوازێکە، وەک یەکێک لە تاقانەکانی ئەنفال بەناوی "تەیمور" لە یاداشتەکانیدا دەیگێڕێتەوە، ئەو کاتێک لەیەکێک لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان ڕزگاری دەبێت و بە تەمەنێکی منداڵییەوە خۆی دەگەیەنێتە گوندێک و دەچێتە ماڵ عەشیرەتێکی عەرەب، ئەوان نەک ڕادەستی دەسەڵاتی ڕووخاوی بەعسی ناکەن، بەڵکو دەیپارێزن و گەورەی دەکەن، تا ساڵانێک دواتر ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکەنەوە، گرنگییە ئەم بابەتە تەنها گەورەکردنی تەیمور نییە، بەڵکو ئەوەیە، کە لەو سەردەمەدا دەسەڵات بیزانیبایە تەیمور ڕزگاری بووەوە داڵدە دراوە لەلایەن بنەماڵەیەکی عەرەبەوە، بێگومان چەندین کەسی ئەو بنەماڵەیەی لە سێدارە دەدا.

ڕەنگە هەر ئەم پەیوەندییە پتەوەی عەرەب و عەشایەری عێراق و بە گەلی کورد و گەرمیانییەکانەوە هۆکاربووبێت بۆ ئەوەی دوای ڕووداوەکەی سنووری نوگرە سەلمان، ئەحمەد مەنفی پارێزگاری سەماوە لە ڕوونکردنەوەیەکدا داوای لێبوردن بکات و ڕایبگەیەنێت "داوای لێبوردنی لە گەلی کورد دەکەین، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا بە هەڵسوکەتێکی تاکە کەسیی ئەفسەرەکە دەزانین و بە دڵنیاییەوە بەپێییاسا مامەڵە لەگەڵ ئەفسەرەکەدا دەکەین".

بەڵام لەڕووداوەکەی ترابزۆندا، نەک داوای لێبوردن لە کورد و هەرێمی کوردستان نەکرا، بەڵکو بە دەستگیرکردنیان دووبارە سووکایەتیان پێکرایەوە.

ئەوەی جێگای سەرنجە، دەسەڵاتدارانی حکومەت و بەتایبەت پارتی، کە زۆرینەی حکومەتیش بەدەست ئەوانە، وەک ئەوەی تاوانێکی زۆر گەورە کرابێت باسیڕووداوەکەی نوگرە سەلمان دەکەن و جیای دەکەنەوە لەوەی ترابزۆن، لەکاتێکدا ئێمە لە عێراقداین و هاوبەشین لەگەڵ گەلانی دیکەی ئەم وڵاتەدا، بەڵام هەڕەشەی دەسەڵاتداران و بەرپرسانی پارتی لە میدیاکانیانەوە، ئەگەر هەیە ببێتە هەوێنی ڕق لای هەندێک کەس و ڕووداوی نەخوازراوی وەک ساڵانی ڕابردووی هەولێری لێبکەوێتەوە، کە چەند کەسێک بەتوندیی لە هەندێک عەرەب-یان داو دواتریش هیچ سزایەکیان وەنەگرت.

دەتوانرێت بووترێت، لەوەها ڕووداوێکدا کەڕاوژێکارانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کە کوردن و لە شوێنی ڕووداوەکە بوون و بە زوویی کۆنترۆڵیان کرد، گەورەکردن و وێناکردنی بەتاوانی عەرەب بەرامبەر بە کورد، کاردانەوە و کارەساتی و لێکترازانی نەتەوەکانی عێراقی لێبکەوێتەوە، لەکاتێکدا گەلی باشوری کوردستان ساڵانێکی زۆرە بە ئاشتی لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی عێراقدا دەژین و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتیی پێکەوەی گرێداون، تا ئەم ساتەش ئەگەر کاریگەریشی هەبووبێت، سیاسەت و فشاری دەسەڵاتەکانی بەعسیش نەیتوانیی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و عەرەب کۆتایی پێبهێنێت.

س.ح