فەرزاد، ئەو مامۆستایەی لە جیاتی هەموومان ڕۆژباشی لە هەتاو دەکرد

نووسەران زیندان دەکرێن، ئەشکەنجە دەدرێن، پاشان دەست دەکەن بە نووسین بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو ئازار و ئەشکەنجانە، بەو شێوەیە نووسەری زیندانی نەک تەنیا خۆی، بەڵکو لە جیاتی هەموو زیندانیان دەنووسێت و ئازارەکان دەگوازێتەوە، شەهید فەرزادی کەمانگەر یەکێکە لەو نووسەرانە.


فەرزاد کەمانگەر، مامۆستا، نووسەر و چالاکی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠ لەگەڵ چوار لە هەڤاڵانیدا بە ناوەکانی شیرین عەلەمهولی، فەرهاد وەکیلی، مهدی ئیسلامیان و عەلی حەیدەریان لە لەزیندانی ئەوین لە شاری تاران لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لە سێدارە دران.

جەستەی نووسەر دەبێتە دەفتەرێک کە ئەشکەنجەکان لە سەری دەنووسرێن و پاشان لە بابەتی دەق، یان شعر یاخود وتاردا خۆیان دەردەخەن، واتە خاڵی هاوبەشی هەموو نووسینەکانی زیندان ڕسواکردنی ئەو ئازارانەیە کە لە زیندان بە سەر زیندانییەکان دەهێنرێن.

ئەدەبیاتی زیندان لە زمانی فارسیدا هیچ نموونەیەکی تێدا نییە کە نەبووبێتە ئاوێنە لە بەرامبەر ئەشکەنجە و فشار و بێبەشیی و چەوساندنەوە و ستەمەکانی ناو زیندان.

فەرزاد کەمانگەر، تاکە نموونەیە لە ئەدەبی فارسیدا کە نەک لە زینداندا، بەڵکو لە ژێڕ پەتی سێدارەدا وەستا و لە جیاتی کاردانەوەی ئاوێنە بەرامبەر بە ئەشکەنجە و ئازارەکان، زمانێکی نوێی بونیات نا.

نامەکانی فەرزاد کەمانگەر نەک تەنیا وێنای بەرخۆدان و خۆڕاگرین لە زینداندا، بەڵکو ئافرێنەری شێوەژیان و ستایلێکن لە نووسین، کە لە خولیا، ئارەزوو، خەون و موعجیزەی وشە پێکهاتووە.

دەقەکانی فەرزاد کەمانگەر بە ئاشکرا دەڵێن، کە جەستەی نووسەر لەو زمانە تێناگات کە بەرامبەری بە کاری دەهێنن، لە بەرامبەردا زمانێکی نوێ دەخولقێنێت، زمانێک کە باس لە ژیان دەکات، بۆ گێڕانەوەی ئازارەکانیش سنوورەکانی جەستەی نووسەر دەربازدەکەن و باس لە ئازارە پشتگوێخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگە دەکات.

لە ڕوانگەیەکەوە ئەدەبیات بە بینین و نووسین لەناو جەستە و دەروونی ئەوی دیکەوە پێناسە دەکرێت، واتە ئەدەبیات نەک نووسین لە بارەی نووسەر خۆی و ئازارەکانی، بەڵکو گەشتێکە لە ناو جەستەی ئەوانی دیکەدا، هەموو ئەوانەی کە نووسەر نین بەڵام بە دەستپێکردن بە نووسین لەناو جەستەی نووسەردا دەست دەکەن بە ژیان، تایبەتمەندی هەرەسەرەکیی نووسراوەکانی کەمانگەر ئەوەیە، هەر ئەوەشە کە جیای دەکاتەوە لە هەموو ئەو نووسینانەی دیکە کە لە زینداندا نووسراون.

کەمانگەر لە دەستپێکی یەکێک لە نامەکانیدا لە سەر زاری فریدریش نیچە، فەیلەسووفی ئەڵمانییەوە دەنووسێت:"کەسێک کە لە بن و ڕیشەوە مامۆستایە، هەموو شتەکان، تەنانەت خۆشی، لە پەیوەندی بە شاگردەکانییەوە 'خوێندکار' بە جدی وەردەگرێت"، ئەوەش دەیسەلمێنێت کە کەمانگەر بۆ ئەوەی ببێتە وەها مامۆستایەک لە جەستەی هەموو خوێندکارەکانیدا ژیاوە و ئازارەکانی چەشتوون.

مامۆستا فەرزادا لە نامەیەکدا بۆ خوێندکارەکانی دەنووسێت "زۆر دڵتەنگم بۆتان، لێرەدا شەو و ڕۆژ بە بیرەوەرییە شیرینەکانی ئێوەوە شیعری ژیان دەچڕم، ھەموو ڕۆژێ لەبری ئێوە ڕۆژباش لە خۆرەتاو دەکەم، لەنێو ئەم چواردیوارە بەرزانەوە لەگەڵ ئێوەدا بێدار دەبمەوە، لەگەڵتاندا پێدەکەنم و لەگەڵتاندا دەنوم، ھەندێکجار 'شتێکی لەشێوەی دڵتەنگی' سەراپای هەبوونم دادەگرێ، خۆزگە دەکرا بە وێنەی جاران کە لە گەشت و گەڕان دەھاتینەوە و بەم گەرانەشمان دەگوت گەشتی زانستی، شەکەت و ماندوو، گەردوتۆزی ماندویەتیمان چەشنی زوڵاڵی ئاوی کانیاوانی گوند بەفەرامۆشی دەسپارد، چەشنی ڕابردوو گوێچکەکانمان بە (دەنگی پێی ئاو) و جەستەشمان بە نەوازشی گوڵ و گیا دەسپارد و ھاوکات بە سەمفۆنیای جوانی سروشت، وانەمان ئامادە دەکرد، خۆزگە دەکرا کتێبی بیرکاریمان بەھەموو نەزانراوەکانیەوە، خستبا بن بەردێکەوە، چونکە کاتێ باوکە نەتوانێ نانێک بۆ خێزانەکەی بنێتە سەر سفرە چ جیاوازییەکی ھەیە مرۆڤ بەدوای ٣.١٤ بێت یان ١٠٠.١٤".

 

لە نووسراوەکانی کەمانگەردا ئاماژە بە بەرخۆدان لە هەموو گۆشەکانی جیهان دەدرێت، لە شیلییەوە تا ئیرلەند و لەوێوە تا زیندانی ئامەد و لە ئامەدەوە تا زیندانی ئەوینی تاران، هەروەها دەقە گرنگە ئەدەبییەکانی فارسی و کوردی وەک سەرچاوە دەهێنرێنەوە و بە شێوەیەکی ئەدەبی لە تەنیشت یەکتر دەهۆنرێنەوە تا لە ئەنجامدا ئەو ستایلە دروستکەن، کە ئێستا لە زمانی فارسیدا بە زمانی و زاراوە و ستایلی فەرزاد کەمانگەر دەناسرێت.

نامەکانی فەرزاد کەمانگەر لەلایەن پیر و گەنج و خوێندەوار و نەخوێندەوار و تەنانەت دوژمنەکان و پاسەوانەکانیشەوە خوێندرانەوە و کاریگەرییان دروستکرد، هەڵوێستەکانی تا ڕادەیەک کاریگەربوون، کە ڕایگشتی پاش هەر ڕووداوێکی سیاسی چرکەکانی دەژمارد بۆ ئەوەی نامەی نوێی فەرزاد لە زیندانەوە بە رێگا قاچاخەکاندا ڕەوانە بکرێتە دەرەوە و بیخوێنێتەوە.

چ لە پێش لەسێدارەدانی و چ لە پاشی، چالاکوان و نووسەر و یاسازان و سیاسەتمەدار بە پێویستیان زانی لە بارەیەوە بنووسن و لەبەرامبەر هەڵوێستەکانی کەمانگەردا پێگەی خۆیان دیاریی بکەن، ئەوەش بەهۆی هێزی نووسینی کەمانگەرەوە ڕوویدا.

زەهرا ڕەهنەوەرد، سیاسەتمەداری ئێرانی، کە ئێستا لە ماڵی خۆیدا گۆشەگیرکراوە، سیمین بهبەهانی، شاعیری دیاری ئێرانی  و شێرکۆ بێکەسی مەزن چەند لەو کەسایەتییە دیارانەن، کە بۆ فەرزاد شیعر و بابەتیان نووسیوە، هاوکات داریوش، گۆرانیبێژی ئێرانی و شاهین نەجەفی، ڕاپەری ئێرانی لە پاش لە سێدارەدانی چەند هونراوەیەکیان پێشکەشکردووە، هەروەها دەیان نووسەر و کەسایەتی دیکە لە بارەی فەرزاد کەمانگەرەوە نووسیویانە و هەوڵیانداوە بەپێی توانایان نامەکانی وەرگێڕنە سەر زمانەکانی دیکە.

فەرزاد کەمانگەر، لە سا‌ڵی ١٩٧٦دا لە شاری کامیارانی سەربە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، ئەندامی ئەنجومەنی سەندیکای مامۆستایان و ئەندامی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ئاسک بووە، هەروەها بە نازناوی "سیامەند"ەوە لە گۆڤاری ڕۆیاندا بابەتی نووسیوە، هاوکات چالاکوانێکی ناسراوی مافی ژنان بووە، لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٠٦دا لە تارانی پایتەخت لەگەڵ دووان لە هاوڕێکانی دەستگیرکرا، لە ساڵی ٢٠٠٨دا بەتۆمەتی ئەندامبوونی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک دا، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا، لە ٩ی ئایاری ساڵی ٢٠١٠دا لە زیندانی ئەوین لە تاران لەگەڵ چوار لە هەڤاڵانی لە سێدارە درا.

 

س.ح