​​​​​​​"نهێنی داگیركردنی باشوور چییه‌؟ دوو پرسیار و یه‌ک وه‌ڵام"

حەسەن جودی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لەبارەی هەوڵە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان و ڕێخۆشکەرییەکانی دەسەڵاتی باشوری کوردستانیش بۆ سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک، شرۆڤەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:


نهێنی داگیركردنی باشوور چییه‌؟

دوو پرسیار و یه‌ک وه‌ڵام

- توركیا بۆ ئه‌وه‌نده‌ پێداگریی له‌سه‌ر داگیركردنی باشووری كوردستان ده‌كات؟ - ده‌سه‌ڵاته‌ وابه‌سته‌كه‌ی باشوور بۆ ئه‌وه‌نده‌ پشتیوانی له‌و داگیركارییه‌ی رژێمی ئاكه‌په‌ ده‌كات؟

ده‌وڵه‌تی توركیا ئه‌مڕۆ هه‌م له‌ ئاستی ناوخۆیی و هه‌میش له‌ ئاستی ده‌ره‌كییدا له‌ خراپترین دۆخی پڕ له‌ قه‌یران و گێژاویی خۆی دایه‌. له‌نێو زۆرترین قه‌رز، زۆرترین بێكاریی، زۆرترین كێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی خۆی دایه‌. له‌ئاستی جیهانیشدا كێشه‌ و گرفتی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوین و جیهاندا هه‌یه‌.

ڕژێمی ئاكه‌په‌، كه‌ ڕژێمێكی فاشیستی میللیگه‌رای مه‌زهه‌بگه‌رایه‌، له‌دۆخی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حیزبی و حوكمڕانیی خۆی دایه‌، پێگه‌ سیاسییه‌كه‌ی تا دێت له‌ لاوازیی دایه‌ و به‌خێرایی به‌ره‌و لێژی ده‌ڕوات، هه‌موو پرۆژه‌ ئابوورییه‌ پاوانخوازییه‌كانی فه‌شه‌لی هێناوه‌، بۆیه‌ تاكه‌ شوێنێك كه‌ ئێستا له‌ ئاستی هه‌رێمه‌كه‌ و دونیادا به‌هانای بێت ته‌نیا و ته‌نیا هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی باشووری كوردستانن، كه‌ ده‌رفه‌تی تاڵانكردنی سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ و كه‌رته‌كانی وه‌به‌رهێنان و بردنی پاره‌ی خه‌ڵكیان بۆ خۆشكردووه‌. به‌ كوردی و به‌ كورتی؛ ئێستا رژێمی ئاكه‌په‌ به‌و پاره‌ و سه‌رچاوانه‌ی وزه‌ی خه‌ڵكی باشوور كه‌ تاڵانی ده‌كات ده‌ژی و له‌سه‌رپێ ماوه‌ته‌وه‌.

بۆیه‌ ڕژێمی ئاكه‌په‌ بۆ مسۆگه‌ركردنی مانه‌وه‌ی خۆی ته‌نیا داگیركردنی ته‌واوه‌تی باشووری كوردستانی به‌ده‌ست ماوه‌، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ داگیركردنی باشووری كوردستان بۆ ئه‌و بۆته‌ مه‌سه‌له‌ی مان و نه‌مان. ئه‌گه‌ر توركیا باشوور داگیربكات ئه‌وا توانای مانه‌وه‌ی زیاتر ده‌بێت‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر داگیركاریی توركیا له‌ باشوور شكستبێنێت. ئه‌وا مسۆگه‌ر رژێمه‌كه‌ی توركیا داده‌ڕووخێت. كه‌واته‌ داگیركردنی باشوور بۆته‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی چاره‌نووسساز بۆ رژێمه‌كه‌ی ئاكه‌په‌ و هه‌روه‌ها بۆته‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی چاره‌نووسسازیش بۆ ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكار و وابه‌سته‌كه‌ی باشووریش.

هه‌ربۆیه‌ ئێستا ئاكه‌په‌، په‌كه‌كه‌ به‌ تاكه‌ له‌مپه‌ر و كۆسپ له‌به‌رده‌م داگیركردنی باشووری كوردستان ده‌بینێت. هه‌موو هه‌وڵێكی رژێمی ئاكه‌په‌ و هێزه‌ هاوكاره‌كانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و له‌مپه‌ره‌ نه‌هێڵن، فیكر و فه‌لسه‌فه‌ی ئازادیخوازیی و سیاسه‌تی نیشتمانیی و دیموكراتیانه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌باشووری كوردستان و له‌ناو گه‌لدا گه‌شه‌نه‌سه‌نێت، ئیراده‌ی كوردی ئازاد سه‌رنه‌كه‌وێت. به‌ڵام به‌رخۆدانی گه‌ریلا ئازادیخوازه‌كانی په‌كه‌كه‌ نموونه‌ی هه‌ر به‌رزی به‌رخۆدانڤانییه‌. بێگومان ئه‌م به‌رخۆدانه‌ به‌بێ به‌رخۆدانی گه‌ل نابێت. بۆیه‌ رۆڵی خه‌ڵكی باشوور رۆڵێكی چاره‌نووسسازه‌. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ و زۆر گرنگه‌؛ خه‌ڵكی باشوور تاچه‌ند ده‌توانێت رۆڵی خۆی له‌ شكستپێهێنانی پیلانگێڕیی داگیركردنی باشوور له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیا و هاوكارانی له‌ هێزه‌ وابه‌سته‌كانی باشوور ده‌بینێت؟ تۆ وه‌ك تاكێك له‌ باشوور چه‌نده‌ رۆڵی خۆت له‌ شكستپێهێنانی ئه‌و پیلانگێڕییه‌دا ده‌بینیت؟؟

 ئه‌نجام: باشوور پێویستیی به‌ گه‌شه‌پێدانی بزووتنه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێڕیی به‌رگریخواز دژ به‌داگیركاریی و خیانه‌تكاریی هه‌یه‌.

س.ح