هاوسەرگیرییەک کە نەوەیەک دەکوژێت

پەیمان ڤیان، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار، لەسەر هاوسەرگیری و بەشوودانی کچان لە تەمەنی بچووکدا لە ئێران، کە بەپێی یاسا لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە ڕێگای پێدراوە دەڵێت: کێشەیەکی بنەڕەتی کە زۆر بە ئایدۆلۆژیایانە وەکو کۆمەڵکوژییەک لەسەر ژن و کۆمەڵگای ئێران بەڕێوەدەچێت، هاوسەرگیرییە لە تەمەنی بچووکدا، کە زەبرێکی گەورە لە ڕۆح، مێشک و جەستەی ژن دەدا.


ەیمان ڤیان، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار، لەم نووسینەدا باسی لە دیاردەی زوو بەشوودانی کچانی کردووە لە ئێران و لێکەوتە کۆمەڵایەتیەکانی شیکردووەتەوە.

دەقی وتارەکە

کێشەیەکی بنەڕەتی کە زۆر بە ئایدۆلۆژیایانە وەکو کۆمەڵکوژییەک لەسەر ژن و کۆمەڵگای ئێران بەڕێوەدەچێت، هاوسەرگیریی لە تەمەنی بچووکدایە کە زەبرێکی گەورە لە ڕۆح، مێشک و جەستەی ژن دەدا؛ لەم بابەتەدا تەنیا کچان نابن بە قوربانی، هاوتەریب لەگەڵ ئەمەش منداڵانی کوڕ قوربانیانی ئەم دیاردەیەن، کە دژبەری کلتوور و ڕەوشتی کۆمەڵگایە، هەر لە سەرەتاوە کە ڕژێمی ئێران پەتی دەسەڵاتی لە دەستی خۆی گرت؛ هێرشەکانی خۆی لەسەر ئیرادەی ژنان پێکهێنا و بە ڕێگەی یاساکانی دژ بە هەبوونی ژنان ڕەوایەتی بەمانە بەخشی، یەکێک لەم هێرشانە، هاوسەرگیریی منداڵانە کە بە زیهنییەتی دەوڵەتگەرایی نەتەوەپەرەست و  دوگماتیسمی ئایینی، بە دەستتێوەردانێکی ڕەگەزپەرەستانە لە ئیرادەی ژن کرا.

ڕژێمی ئێران ئەم سیاسەتەی خۆی بە شێوازێکی زۆر تایبەتی ئایدۆلۆژیانە لەسەر هەبوونی ژن بەڕێوە برد، کە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆشمان هەر بەردەوامە، ئەم بابەتە ڕۆژەڤی بنەڕەتی لەناو کۆمەڵگادا ئاوا کردووە؛ تا مەجلیسی ئێرانێش چوو، بەڵام ڕژێم ئامادە نەبوو تەنانەت گۆڕانکارییەکی بچووکیش لەم بابەتەدا بکات، چونکە نەرمکردنی سیاسەتەکانی لە بابەتی ژندا، نەرم کردنی ئایدۆلۆژیای 'ویلایەتی فەقیهـ'ـە کە هەر ڕۆژ لە هەر بوارێکەوە بە تایبەت لە بواری ڕۆحی و هزریدا ژن دەکوژێت، هاوسه‌رگیریی لە تەمەنی بچووکدا، ڕێگرتنە لە ناسینی هزر و بیری ئازادیخواز، منداڵێکی ١٣ساڵانە بکەوێتە ژێر بارێکی ئەوەندە قورس، دەتوانێت چی لە ژیان و ئازادیی تێبگات؟ ئەمە سیاسەتێکی تایبەتە کە لەم تەمەنە دا واتاکانی ژیان بۆ منداڵانی کچ دەکوژن و ڕازانەوەی ژیانێکی ئازاد لە هزری ئەواندا دەکوژن، ئەمەش ڕاستەوخۆ خزمەتی زیهنییەتی پیاوسالار، کە سەرجەم گۆڕەپانەکانی ژیانی بۆ ژن بەرتەسک کردووەتەوە، بەبێ ئەوەی بزانێت ئاخۆ چ داخوازییان هەیە و پێویستە چۆن ژیان بکەن، ئیرادەیان بن پێ دەکات و مافی ژیانیان لێدەستێنێ، لەم تەمەنەدا دەکەونە ناو بنبەستێک کە ئیتر لێی دەرناکەون، لە کەسایەتی ژندا زەرەرێکی گەورە لە سەرجەم کۆمەڵگا دەدات، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە ئەمڕۆ لە ئێران، خۆکوشتنی ژنان، ڕووکردن لە کاری خەراپ وەکو لەشفرۆشی، هەڵاتن لە خێزان، گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر و تەڵاق زۆر پێش کەوتووە، ئەم سیاسەته‌ دژه‌ ژنانه‌یه‌ کە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ژن و کۆمەڵگا دروست دەکات، ئەوەی ئەمە ڕەوا دەکات خودی ڕژێمە، لە بنەمادا ئەمە لەناو بردنی به‌هاكانی کۆمەڵگایە.

لە دوای ساڵەکانی ٧٠، یاسایەک سه‌بارت به‌  هاوسەرگیریی دەركه‌وت،  کە منداڵانی کچ لە ٩ ساڵی و منداڵانی کوڕ لە ١٥ ساڵیدا دەتوانن هاوسەرگیریی بکەن، بە هۆی ئەو ناڕەزایەتیانەی لە بەرامبەری کرا، دوای ماوەیەک تەمەنی بەشوودانی کچان بوو بە ١٣ ساڵ، ئەگەر کچ یاخود کوڕ تا تەمەنی ١٨ ساڵی مافی دەنگدانی نییە، ئاخۆ دەتوانێت کێی بەئیرادەی خۆی هەڵبژێرێت؟ چۆن دەتوانێت لە تەمەنی ١٣ ساڵی دا دەرحەق بە ژیانی خۆی بڕیار بگرێت؟ ئەگەر هەتا ١٨ ساڵی ناتوانێت مۆڵەتی شۆفێڕی وەربگرێت، چۆن دەتوانێت لەم تەمەنەدا بکەوێتە بن بارێکی ئەوەندە گران کە داهاتووی دیار دەکات، ئەگەر لەم تەمەنانەدا ناتوانێت ئەمانە هەڵبژێرێت، چۆن دەتوانێت ژیانی خۆی هەڵبژێرێت؟

ئەم یاسایانە، تاک و کۆمەڵگای بە جددی خستۆتە ناو کێشەگەلێکی قووڵەوە؛ لەبەر ئەمەش بووەتە ڕۆژەڤێکی بنەڕەتی، ئەوکاتە کە ئەو کێشانە چوون بۆ مەجلیس، وەڵامی بەرپرسانی کۆمیسیۆنی دەزگای داد ئەوە بوو:" نەنکی منیش لە تەمەنی بچووکدا هاوسەرگیریی کردووە و هیچ کێشەیەکیش دەرنەکەوتووە."، ئەمە سووکایەتی کردنە لە داخوازی ژن و کۆمەڵگا؛ چونکە ئەم یاسایە بە زیهنییەتی ئەوان دامەزراوە و خزمەتی بەرژەوەندی ئەوان دەکات، چۆن ئیزن بدەن کە بگۆڕدرێت؟! هەر ڕۆژ له‌ پێش چاومان منداڵانی کچی ٩-١٠ساڵە بە پیاوی ٤٠-٥٠ساڵە دەفرۆشرێن، نموونە بەرچاوەکەشی لەم ماوانەی دواییدا لە ئیلام دەرکەوت؛ باوكێكی موعتاد لەبەر قەرز کچە ١١ساڵەکەی کە لەناو خەیاڵەکانی منداڵێتیدا ژیانی دەکرد، بە پیاوێکی ٥٠ساڵە فرۆشت.

لە بەلووچستان منداڵان لە خوێندن بێبەشن، لەبەر دژواری ژیان هەر ڕۆژ دەفرۆشرێن، ئەم فرۆشتنانە لەبەر ئەوەیە کە کچ وەکو میوان و موڵک دەدیترێت، بۆیە هەر کات پێویستیان پێی هەبێت بەبێ ئەوەی ئەو کچە بزانێت کەچی دەقەومێت، بە چاو و مێشکێکی گیراو دەیفرۆشن، لەماڵەوە باوک و براکەی خاوەنی ئەون، کاتێکیش شووی کرد ئیتر ئەو پیاوە خاوەنییەتی، چۆن بیەوێت دەتوانێت بیگوڕێت، ئەم خاوەنە کاتێک لە بەرامبەر بە خۆی ناڕەزایەتی ببینێت، بە بیانووی ئەوەی کە موڵکی ئەوە بە هەر شێوازێک، کە بیەوێت دەتوانێت ئەشکەنجەی بدات و تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی هۆڤانە بیکوژێت؛ هیچ حیسابێکی لێناخوازرێت، چونکە ئامانجی بنەڕەتی ڕژێمیش هەر ئەمەیە، ئەگەر ئەمە کۆمەڵکوژیی نییە، چییە؟! ویژدان و ئاکاری کۆمەڵگا چۆن ئەمە پەسەند دەکەن؟! لە بەرامبەر ئەم هۆڤێتییە، کاردانەوەی کۆمەڵگا چۆن دەبێت؟!

ڕژێمیش ئەم دیاردەیە بە یاسا دەکات، بەڵام رۆڵی بنەماڵە لەم بابەتە دا ڕۆڵێکی بنەماییە، ئەوه‌ زیهنییەتی دەوڵەتگەرایە لە کەسایەتی باب و برا-دا لەناو خێزان ڕێکخراوە، لێرەدا وتنێك هه‌یه‌ کە دەڵێت:"خێزان، دەوڵەتی بچووکە." حەقیقەتێکە؛ چونکە خێزانە کە ئەم زیهنییەتە ڕێکدەخات و ئامانجی ڕژێم پێکدێنێت، ڕۆڵی خێزان ئەوەیە کە ئەم زیهنییەتە لەناو ببات و خاوەندارێتی لە ڕەوشت و هەبوونی خۆی بکات، دەوڵەت ئاکار و هەبوونی کۆمەڵگا بەرەو داڕزان دەبات، ئەوان ناچاری برسێتی دەکات و هەموو جۆرە بێ ڕەوشتییەک پێشدەخات، پۆتانسیل (ماتەوزە)ی کۆمەڵگا لەناو دەبات، هزر و کۆمەڵگایەکی ڕزاو پێشدەخات، پێویستە گرنگی بە پەروەردە و زانستی خێزان بدرێت، مەجلیسی ئێران کە خاوەن زیهنییەتێکی باوکسالار و دژی هەبوونی ژنە، بۆخۆی ئەم یاسایەیی دەرخستووە، بەڵام پێویستە ژنان ئەوەندە خۆیان بەهێز بکەن كه‌ ئەوان ناچار بە گۆڕینی ئەم یاسایە بکەن، لە هەمانکاتدا ڕۆڵی دایکەکان، ڕۆڵێکی بنەماییە، دایک بۆخۆشی قوربانییە؛ بۆیە پێویستە بەهیج شێوەیەک نەهێڵێت کە کچەکەشی هەمان چارەنووسی  ئەوی هەبێت، پێویستە بە هەستیاریی و بوێرییەوە بجوڵێتەوە؛ ئەم یاسایانە لەناو خێزاندا بشکێنن، باوک و برا کە لەناو چەپەڵی سیستەمدا خنکاون، کاتێک دەبینن کە ناتوانن خۆیان خەڵاس بکەن ئەو کاتە کچان لە خۆیان لاوازتر دەبینن و قوربانییان دەکەن، ئاشکرایە کە هەر دایکێک کە کچەکەی لەم تەمەنەدا قوربانی دەبێت، نە ویژدان و نە مێشکی ئەمە پەسەند ناکات، بۆخۆی هەر شتی لێوه‌رگیراوه‌، بۆیە پێویستە تێبکۆشێت و خاوەن ئیرادەی خۆی بێت، وای لێهاتووە کە زۆر ژن کە پارێزەری ئەم زیهنییەتەن، و بە زیهنییەتی پیاوسالار پەروەردە کراون، هەربۆیەش ئەم زیهنییەتە ڕەوا دەبینن، کاتێک کە لە پەرلەمان پێشنیازی لابردنی هاوسەرگیری منداڵان کرا و ئەم بڕیارە خرایە دەنگدانەوە؛ هێندێک ژن هەبوون کە لە دژی ئەمە دەرکەوتن و نه‌یانهێشت کە ئەم یاسایە بگۆڕدرێت، ئەو ژنانە بۆ پاراستنی مافی ژنان لەو مەجلیسەدا نین بەڵکو بەرژەوەندی زیهنییەتی پیاوسالار دەپارێزن، پێویستە ئەم ژنانە بزانن کە سیستەم چ سیاسەتێک لەسەر ئەوان بەڕێوە دەبات، بۆ ئەمە ئێمەی ژنان پێویستە بە زانابوونەوە لە سەرجەم گۆرەپانەکانی ژیان دا بۆ مافەکانمان تێکۆشان بکەین؛ ئەگەر سەرەتا ئەم یاسایانە لەناو خێزاندا بشکیندرێن و کۆمەڵگا کاردانەوەیەکی بەهێزی هەبێت، هیچ واتایەکی یاساکانی دەوڵەت نامێنێت و بێ واتا دەبن، بۆ شکاندنی ئەم یاسا کۆنەپارێزانە لە ڕۆڵی دایکەوە بگرە هەتا ڕۆڵی سیاسەتمەداران و هونەرمەندان، لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتوری بنەمایە، بە تێکۆشان و یەکێتی ژنان مسۆگەر زیهنییەتی پیاوسالار بندەکەوێت؛ ئەگەر ئێمە بە شێوازێکی ڕێکخراو یەکبگرین، ئەوکاتە تێکۆشانی ئێمە دەتوانێت هەزاران کچ کە ناچار بەم زیهنییەتە کراون، ڕزگار بکەین.

د.ع